٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گەرموگوڕیی بەیاننامەكەی پارتی و یەكێتی

سەرچاوە: KDP.info

عەبدولڕەزاق عەلی

ئەو گەرموگوڕییەی بە بەیاننامە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتییەوە دیارە و هەر هاووڵاتییەكی كوردستان هەستی پێدەكات، زۆر خاڵی ئەرێنی لێ دەخوێندرێتەوە.
مایەی گەشبینییەكی زۆرە بۆ ئەو كەسانەی دەرك بەو ڕاستینەیە دەكەن كە هەرچەند هەڕەشە و تەحەدییەكان گەورە بن، پیلانەكان ئاڵۆز و فرەسەر بن، ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە بن، ئازارمان دەدەن، وەلێ سەرناگرن و دواجار سەردەكەوین.

ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە بن، نەخۆش دەكەوین، بەڵام نامرین. خوانەخواستە پێكەوە نەبن، چەندی خۆمان پێ سەركەوتوو بێت، لە خۆمان ڕازی بین، وەلێ پێمان لەسەر ئەرز نییە. گرینگیی ئەو گەرموگوڕییەی بە بەیاننامە هاوبەشەكەوە دیارە، ئا لەم ڕاستینانەوە سەرچاوەی گرتووە. گەشبینییەكەش لەوەدایە، دەرككردنی هەموو ئەو ڕاستینانە، بە وشە و دێڕەكانی بەیاننامەكەوە دیارە. لە دوای نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلالەوە، ئەمە گەرموگوڕترین، ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوان ئەو دوو هێزە گەورە تێكۆشەرەی كوردستانە. دڵسۆزانی كوردستان، دڵیان بەم هەنگاوە هاوبەشە زۆر خۆشە، چونكە، گەرموگوڕییەكەی، سەردەمی زێڕینی پێكەوەكاركردنی هەردوو سەرۆك بارزانی و مام جەلال-ی بیر هەمووان هێنایەوە.

ئەو برایەتی و پێكەوەبوونەی خەڵكی كوردستان بەرەكەی بە جوانترین شێوە چنیەوە. ئاخر تا سەرۆك مام جەلال لە ئەوجی هێز و هەرەكەتی خۆیدا بوو، بینیمان، چۆن برایانە لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا پێكەوە كاریان دەكرد، لە بەرچاویشە كورد و كوردستان چۆن هەڵكشان و ئەم وڵاتە سەرپێكەوت و، وردەوردە تۆزی سەدان ساڵ بندەستی و زوڵم و كیمیاوی و ئەنفالی لە خۆی تەكان.

بەداخیشەوە هەمووان بینیمان، ئەو ساردوسڕییەی پێش ئەم بەیاننامەیە هەبوو، چ حەشرێكی بە كوردستان و خەڵكەكەی كرد. بە هەردوولایش. دێڕە گەرم و واتادارەكانی بەیاننامەكە، بە ڕوونی پێوەی دیارە هەردوولا ئیعلانی دەكەن كە ئیتر زەمانی ساردوسڕی بەسەرچوو، كاتی پێكەوەبوونە دڵسۆزانەكەی جارانە. دەرككردنی هەردوولایە، بەو ڕاستینەیەی كە ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە بن، سەرلەبەری كێشە و ناكۆكییەكانی كوردستان، ناخۆشن، لێ چارەسەر دەكرێن. خۆ ئەگەر هەروەك پێش ئێستێ، سارد و لێك دڕدۆنگ بن، كەلێنێك دروست دەكەن، هەموو نەیار و نامەردێكی پێدا دێتە ژوورەوە. دەبێت، ئیتر زۆر ڕاشكاو بین لەگەڵ یەكتر: وەك چۆن هەرچی دەسكەوتی ئەم كوردستانەیە بەری پێكەوەبوون و متمانەی یەكێتی و پارتییە بە یەكتر، ئەوهاش هەرچی كەموكورتی و لادان و هەڕەشە و مەترسییەكانی ئەمڕۆیە، ئەنجامی دووریی و كەمبوونەوەی متمانەی ئەو دوو هێزەیە بە یەكتر.

جارێكی تریش نوسیوومە: نازانم تا چەند ساڵی تر، بەڵام دڵنیام پێكەوەكاركردن و لێكنەترازان و متمانەی نێوان پارتی و یەكێتی، زامنی مانەوەی كوردستان و دەستكەوتەكانی خەڵكەكەیەتی، پێچەوانەكەشی بە پێچەوانەوە دەكەوێتەوە.
كەواتە، هاریكاریی ئەم دوو هێزە، قەدەریانە، هەر هێزێكیشیان لەو قەدەرەی خۆی ڕابكات، زیانی كوشندە بە خۆی و بەرانبەرەكەی و وڵاتەكە و داهاتووی دەگەیەنێت.

هاوكات، بەیاننامە هاوبەشە گەرموگوڕەكەی پارتی و یەكێتی، نائومێدكردنی نەیاران و هەموو ئەو كەس و لایەنانەشە كە مشەخۆرانە لە كەلێنی نێوان پارتی و یەكێتیدا دەژین، دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتیانی كوردستان و هێزە نیشتیمانپەروەرەكانی. لە ئاستی ئیقلیمی و دەرەكیشدا، هەڵوێستی هاوبەش و ڕوونی پارتی و یەكێتی، دۆستانمان لە دنیادا خۆشحاڵ و نەیارانمان بێئومێد دەكات.

ئەو دۆستانەی مەبەستیان سەركەوتنمانە و دەیانەوێت هاوكارمان بن، ئیتر نە هەست بە ئیحراج دەكەن، نە دوودڵی. نەیارانیش، ئەوانەیان كە سوودی زۆریان لە ساردوسڕی نێوانمان بینی، دەبێت بە نەخشەڕێگەی پیلانەكانی خۆیاندا بچنەوە. تا ئەوەش دەكەن، ڕەنگە ڕووداوگەلی ناوچەكە و دنیا، دەرفەتی تێهەڵچوونەوەیان پێنەدا.


ئەم گەڕانەوە مێژووییەی گەرموگوڕیی نێوان پارتی و یەكێتی زۆر دواكەوت، بەڵام نەچووە بچێت. عەرەب گوتەنی: درەنگ بێت باشترە لەوەی هەر نەیەت.

هەواڵی پەیوەندیدار