بارزانی پۆست نەبوو، رێگا راستەكە بوو

رێكان سەباح
كاتێك بارزانی لە 2013 لە ئامەد "تابلۆی بەتورككردنی كوردی" تێكشكاند، لەژێر رۆشناییی دۆخێكی نوێدا گوتی "سەد ساڵ شەڕی ئاشتی لە چوار سهعات كوشتنی یەكتر بەهێزترە بۆ چارەسەری دۆخی سیاسیی كورد لەو بەشەی كوردستان''، كەچی پەكەكەی قەندیل لەو پەیامە تێنەگەیشت و كەوتە ژێر سێبەری سیاسەتێكی تاریكی ئیقلیمی و بە خەندەق ئاراستەكهی گۆڕی. 80 پەرلەمانتاری خستەوە ئاراستەی خەندەق، "باكووری كوردستانی بردەوە چوارگۆشەی یەكەم"، بەرهەمی سیاسی گەیاندە تەڵقینی باڵی سیاسی لە باكووری كوردستان، كه ئێستا قسە لەسەر پارێزبەندیی پەلەمانتاری كورد لە توركیا دەكرێت؛ پرسیار ئەوەیە كامەیان لەسەر مێزی گفتوگۆ رەوایەتی هەیە و كامەیان خوێندنەوەی راستیی كاتژمێری سیاسییەكان بوو؟! ئەوە لێدەگەڕێین بۆ ئەوانەی كە تاوەكو ئێستا لەوە تێنەگەیشتوون پۆست ناتوانێت هەموو شت بێت.
بارزانی چی دەڵێت، لێی تێبگەن
هەڵسورێنەری سیاسەتی راست ئەوەیە، كە بتوانێت هاوشان بێت لەگەڵ هەلومەرجە ئۆپژكتیڤی سیاسی لە ناوچەكەدا، ئەمەش بەرهەمی چەند هەنگاوێكە كە پێمان دەڵێت راستترین رێگا ئەوەیە كاتژمێری سیاسی لە یەكەوە بۆ دوانزە تاو دەدرێت، نەك لە دوانزەوە بۆ یەك، كاتێك ئاراستەی سیاسی لەسەر بنەمای هەڵە پێڕۆ كرا، دۆخی سیاسی ناڕۆشن دەبێت؛ لێرەدا كاتژمێری پاش ئەمە، داوای حیسابی سیاسیمان لێ دەكات، چونكە دواجار قوربانییەكە "نەتەوەیەك دەیدا كە پڕ لە تێكۆشان و حەزی رزگاری، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەین هەڵەی سیاسی بەرهئەنجامی نەخوێندنەوەی راستیی رووداوەكانە، هەركاتێك ئەو هەڵەیە سەرتاپای لەشی بكەری سیاسی گرتهوه، دەبێت ئەو جۆرە لە ئاراستەیە رێكخستنەوەی بۆ بكرێت، نابێت مل بداتە درێژكردنەوەی ئازاری برینەكان، وەلێ دەبێت پەكەكەی قەندیل ددان بەوەدا بنێت، كە بارزانی و ئۆجەڵان لەو خوێنەوەیەدا ئامانجەكانیان ئەوە بوو، كە كورد لەو ناوچەیە پڕ لە هەژموونكوژییەی ئێستا بپارێزن، جارێكی تر ختوكە نەدرێن بۆ ساغكردنەوەی كاڵای سیاسی و نەبوونیان بە داشی هەژموونكوژیی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان.
تێگەیشتن لە بارزانی ئاسانە
هەركاتێك رق چووه ناو سیاسەتهوه، هیچ واتایەك بۆ قورسایی هێز بوونی نابێت، ئەوەیە هێزی سیاسی پەراوێز دەخات، كەوایە لێرەدا بۆمان روون دەبێتهوه، پەنجەكان یەكدی ناشكێنن، بەڵكو پەنجەكان خۆیان لاواز دەكەن، ئەم تێزە لە سیاسەتكردندا ئەزموونێكی تاقیكراوە بوو لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا، چونكە كاتێك سیاسەت لەژێر رۆشنایی رق ئاراستەی خۆی دەكات، هەموو بابەتێكی سیاسی وابەستە دەكات؛ بە نموونە، پۆستی سەرۆكی هەرێم، كە زۆرترین قسەی لەبارەوە كرا، بەڵام ئێستا دەركەوت كاریزمای بارزانی وابەستەی پۆست نییە، وەك ئەوەی تێزی پەنجەكان یەكدی دەشكێنن لەو روانگایەوە خۆی تەیار دابوو، بەڵكو ئێستا دەركەوت بارزانی وەك كەس ژمارەیهكی قورسە لە خوێندنەوی رووداوەكان و ئاراستە سیاسییەكاندا. ئەوەتا بارزانی لە پاش 2010وە تەواوی لێكەوتەكانی دۆخی عێراقی خستووهتە روو، باسی عەقلیەتی سیاسیی ئەو عێراقەی كردووە، بە روونی ئاماژهی داوە، كه نەخشەی سیاسیی عێراق هیچ كات دەرفەتی پێكەوەژیانی راستەقینه تێیدا چرۆ ناكات، بەڵام ئەمڕۆ رووی راستیی رووداوەكان ئاشكرا دەبێت، لێرەیە بارزانی وەكو كەس بزووێنەری ئەو ئاراستە سیاسییەیە نەك پۆستی سەرۆك هەرێم.
لەگەڵی بیت یان نا، دەوڵەت تاكه رێگایە
دەوڵەت یاریی سیاسی نییە، كە "كات" بكاتە ئامانج و لە سەرەوە تا ژێرەوە گوتاری گرژ و كاڵی بۆ بنووسرێت، یان بە تەوقیتی هەڵچوونی دەروونیی كەسێك دیاری بكرێت، دەوڵەت ئەو زریانەیە وەك چیا دەیچەقێنێت، دەوڵەت كاتێك دەچێتە ناو ئاراستەی سیاسهتی بارزانییهوه، بەو واتایە نییە كە بارزانی بە ویستی كەسی بانگەشەی دەكات، بەڵكو خوێندنەوەی ئەو دۆخەیە كە بارزانی لەگەڵیدا ئاراستەی سیاسەتی خۆی دەكات، لێرەیە لۆژك و حیكمهتی بارزانی دەردەكەوێت كە دەزانێت لە چ كاتێكدا جووڵە بكات، بەڵام كاتێك جووڵەی بارزانی دەبێتە كاڵای میدیایی نەیارهكانی، ئەوە خوێندنەوەی ناڕۆشن و بێئاگای لێ دەكەوێتەوە، كە ناتوانێت پەی بە جیاوازیی هەولێر و بەغدا ببات، سەروەرییەكانیش بەم شێوەیە دابەش دەبێت، نەك وەك ئەوەی دەگوترێت ئەم بابەتە بۆ مهبهستی كەسی قورغ كراوە.




