جینۆسایدی کورد و کۆمەڵی نیودەوڵەتی

د. عوسمان عهلی وهیسی
لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵگاکان لە مێژوودا، هەتا پێش دروستبوونی دەوڵەت، نەریت و عورف هەبووە، کە بە هۆیەوە ئەم کۆمەڵگایانە بەڕێوەوە براون، ئەم نەریتانە پێشکەوتن تا بوونە یاسا و، پەیوەندی نێوان تاکەکان و، دواتر نێوان دەوڵەتانیشی رێک خست. پاشان لەگەڵ دروستبوونی ئیمپراتۆریەتەکان و دەوڵەتان، عورفە نێودەوڵەتییەکان دروست بوون و، ئینجا لە چوارچێوەی یاسادا شکڵی گرت.
لەگەڵ رەوتی بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی، کار و کردەوە دڕندەکان، هەتا لە کاتی جەنگیشدا مەحکوم دەکران و، مرۆڤبوونی مرۆڤەکان بە هەند وەردەگیرا، سەرەنجام تاوانەکانی بە ناوی تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی کۆمەڵکوژی، هاتە ناو باس و رێکكەوتنەکانەوە.
لە ئێستادا کۆمەڵی نێودەوڵەتی، لە رێگەی رێکكەوتننامە نێودەوڵەتییهكان لە چوارچێوەی یاسای گشتیی نێودەوڵەتیدا، پێشکەوتنی بە جۆرێک بەخۆوە بینیوە، کە سیستەمی یاسای سزادانی نێودەوڵەتی هاتووهتە ئاراوە و تۆکمە بووە.
ئەمڕۆ یاسای نیودەوڵەتی بە شێوەیەک پیشکەوتنی بە خۆوە دیتووە، کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەتوانێ بە دواداچوون و موحاسەبە و سزادانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکات، ئەگەرچی بە حوکمی بەرژەوەندی و سیاسەت!! هەندێ جاریش دەربازبوونی تاوانباران هەیە، بەڵام پێشێلکردنی ترسناکی یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ،سەرپێچیکەرانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی رووبەڕووی لێپێچینەوە و لێپرسینەوە دەبێت و، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە چاودێریی ئەم یاسایانە، رۆڵی بەرچاویان هەیە لە دروستکردنی رای گشتی دژ بە تاوانبارانی ئەنجامدانی تاوانە نێوەدەوڵەتییەکان. چونکە ئەم تاوانانە هەڕەشەی راستەوخۆی لەسەر ئاشتی و مرۆڤایەتی و شکۆمەندیی کۆمەڵی مرۆڤایەتی بە گشتی هەیە.
لە دووتوێی توێژینەوەکانی تایبەت بە دیراسەکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و، سزادان و بە هەندوەرگرتنیان لە ئاستی نێودەوڵەتی، دوای دامەزراندنی خاچی سووری نێودەوڵەتی، هەردوو رێکكەوتننامەی لاهای ساڵی 1899 و ساڵی 1907 بە دەستپێکی گرینگی رێکخستنی یاسای جەنگ و ململانێ سەربازییەکان دەناسرێت، کە عورفی دەولی بە گشتی لە یەکەم مەنزومەی یاساییی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی رێک خست.
لە ئان و ساتی جەنگە ناوخۆییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و، شەڕی دەوڵەتەکانی تر، رووسیا و یۆنان و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و نەمسا و ئەوانی تر، پێکهاتە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی تری ژێر باڵی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، نەتەوەکانی ژێردەست، لە سەروویانەوە کورد و ئەرمەن و ئەوانی تر، تووشی لەناوچوون و سوتماک و لە ناوبردنی بەکۆمەڵی زۆر بوونەوە.
رۆژهەڵاتناس و مسیۆنێر و دەوڵەتانی بەشەڕهاتوو، خەڵکی تریش، بە ژمارە و بە ناو ، لە ناوبردنی بەکۆمەڵی کورد و سوتماککردنی کوردستانیان لا بە بایەخ نەبووە، لە باسی کوردەکان (بە ناوێکی زۆر کەم نەبێت)، باسی لەناوبردنی پلانی دەرەکی و مەنهەجیەتی بەرنامەداڕێژراویان لە ناوخۆ و دەرەوە، نەبووهتە دیکۆمێنت و جێی بایەخی مێژوویی.
هەربۆیە کە جەنگی جیهانییش تەواو دەبێت، ئەوەی کە جارێکی تر لە چوارچێوەی سایکس پیکۆ و، دابەشکردنی خێر و بێراتی ئیمپراتۆریەت و، پلانە دەولییەکان، نەک ئەو قوربانیانە بە هەند وەرنەگرن، بەڵکو جارێکی تر، کوردستان، لە نێوان خواستی لە ناوبردنی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە خاچ دەدرێ.
لە ساڵیادی ئەنفالە بەدناوەکان، کە ئیسلام و مەسیحیەت و کۆنفشیۆس و جولەکە و، بلۆکبەندی جیهانی وەک رابردوو بێدەنگ بوون، کورد و کوردستان دەبێ: شورەی پۆڵایین بۆ رێگرتن لە بەردەوامی و کۆتاییهێنان بە ئەنفال و، قەرەبووکردنەوە و زیندووڕاگرتنی تاوانەکان و، تا شکۆمەندیی کوردستان بگێڕینەوە، پێویستە: رێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری جینۆساید و ئەنفال و مافەکانی مرۆڤ و رۆشنبیران، ببنە پێشەنگی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی باشووری کوردستان، کەمترین ئەرکی ئەخلاقی و قانوونیی کۆمەڵی نیودەوڵەتییش ئەوەیە، پابەندی پەیماننامە و رێكکەوتنەکان بێت و، جیهانی ئیسلامیش لەم چوارچێوەیەدا ئەرکی خۆی ئەنجام بدات.




