دیجلە رووبارە دێرینەكەی میسۆپۆتامیا تۆشییان بەدناو كرد
شوكر سلێمان
رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق وەكو ئەوەی بە كەلتوور ئەوەیان بۆ مابێتەوە لە هەر دژایەتی كردنێكی گەلی كورد لە مێژووی دوورو درێژی خۆیاندا، هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە ناوێك قوتبكەنەوەو لەو رێگەیەوە شەرعیەت بەخۆیان بدەن و هەڵوێستی ئەولاو ئەولای بۆ كۆبكەنەوەو لەو رێگەیەوە دژایەتی كورد بكەن، نموونەش لەو بارەیەوە ئەوەندە زۆرە لەهەموویان كاریگەرتر بەكارهێنانی ناوی ئایەتێكی قورئانی پیرۆز بوو لە لایەن رژێمی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ كە لەو رێگەیەوە چەندان تاوانی نامرۆڤانەیان ئەنجام داو، بەناوی ئەنفالەوە سەدان هەزار لە كوردی بێتاونیان لەناوبرد، كە تا ئێستاش ئەو ناوە بۆ ئێمەی كورد بۆتە گرێیەك و لە هەر ناوهێنانێكدا زامێكی قووڵمان دەكاتەوە جەستەو برینی چەندان ساڵەی ساڕێژنەبوومان بۆ دەكولێنێتەوە، لە ئێستەشدا خەریكە نەوەكانی دوای سەدام هەمان شت دووبارە بكەنەوەو لە رێگەی ناونانی پرۆسەی سەربازییەوە بەناوی دیجلەو شتی دیكە دووبارە سەردەمێكی دیكەی جەنگ و ماڵوێرانی بۆ هەردوو نەتەوەی برا دروست بكەن و جارێكی دیكە ناوچەكە خەڵتانی خوێن بكەن و ناوێكی دیكەی دێرین بۆ ئێمەو ئەوان ناشیرین بكەنەوە.
ئەگەرچی كورد لە مێژووی دوورو درێژی خەباتی نەتەوەییانەی خۆیدا هەر كاتێ هەستی كردبێ لایەنی بەرامبەر نیەتی باش نییەو مەبەستی لێدان و بەڕ لە بنپێ دەرهێنانی میللەتی كوردی هەیە، ئەوە نەك هەر ئامادەی سازش و سەوداو سازان نەبووە، بەڵكو هەمیشە لایەنی بەرگری هەڵبژاردووەو تا دوا هەناسە بەرگری لە سەروەری خاك و نەتەوەی خۆی كردووە، بەڵام لە هەموو جارەكانیشدا هەرگیز كورد دەستپێشخەر نەبووەو بەڵكو هەمیشە ئاكادەبووە ئەو كێشەو گرفتانە بە رێگەی ئاشتیانەو دیالۆگەوە یەكلایی بكاتەوە، نەك شەڕ، لە ئێستەشدا دەبینین چۆن بەچكە دیكتاتۆرەكان خەریكی جێپێ خۆشكردنن و لەو رێگەیەوە گەرەكیانە سۆزی عەرەب بۆلای خۆیان كێش بكەن و بەناوی شەرعیەت و پێشێلكردنی دەستوورو شتی دیكەوە خەریكە خۆیان دەكەنە پاڵەوان و هەمان هەڵەی رابردوو دووبارە دەكەنەوە، كە مێژوو زۆر دەمێكە ئەو جۆرە رەفتارانەی خستووەتە تەنەكەی خۆڵەوەو نمایشكارانیشی لە لاپەڕەی رەشی خۆیدا ناونووسی زەلالەت كردووە.
ئەو رۆژەی كورد بڕیاریدا بەشداری لە بنیاتنانەوەی عیراقی تازە بكات، هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی داوایان لە كورد نەكردبوو ئەو بەشداریە چۆن و تا كوێی رووداوەكان پشكداری بكات، بەڵام چونكە كورد لەو كاتدا پێی باش بوو بە رەزامەندی خۆی لەگەڵ عیراق بمێنێتەوە، ئەوا هەر بەو شێوەیەو لەسەر بنەمای هاوبەشی و یەك وڵاتی بەشداری لە خۆشی و ناخۆشییەكانی ئەو وڵاتەدا كرد، هەموو حزب و لایەنەكانی عیراقی و غەیرە عیراقیش ئەوە باش دەزانن كە هەوڵەكانی كورد بۆ هاتنە سەرپێی ئەو وڵاتە چەند بووەو چۆن بووە، بەڵام ئەوەی دواجار كێشەكانی بە بەنبەست گەیاندو، قەیرانەكانی قوولتر كردەوە، ئەوە كورد نەبووە، بەڵكو لایەنە عەرەبییە دەسەڵاتدارەكانی عیراق خۆیان بوونە، وەكو لە ئێستادا هەندێ كەسی سیاسی لەنێو لایەنە عەرەبییە شۆڤینیەكان كورد بەوە تاوانباردەكەن كە گواییە كورد دەیانەوێ پرۆسەی سیاسی لە عیراق پەكبخەن و ناكۆكیەكان قووڵتر بكەنەوەو بە چەندان ناوو ناتۆرە بێ بنەما تاوانباری دەكەن.
بۆیە بۆ كورد گرنگە پەنجە بخەنە سەر هەموو ئەو كێشەو ناكۆكیانەی لەگەڵ بەغدا هەیەتی، لە لایەكی دیكەشەوە ئەگەر لایەنی دەسەڵاتدار پێی وایە بەڕێوەبردنی عیراق بەو شێوەیە تاسەر بەردەوام دەبێت و مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوەو بەو نەهجەی ئێستایان پاڵەوانێكی دیكەی عەرەبی دروست دەكات، ئەوە مەحاڵە، بۆیە ساتی ئەوە هاتووە وەكو بارزانی گوتی ئەگەر ئەوان پێیان وایە شتەكان واباشە هەر بەو شێوەیە بمێنیتەوە و بەردەوام بێت، ئەوا ئەوان وەكو كورد ئیتر ناتوانن بەو شێوەیە بەردەوامی بە پرۆسەیەك بدەن، كە عیراق بخاتە سەر هێڵی تاكڕەوی و دووبارە بوونەوەی مەیەنتییەكان و ژیاندنەوەی دیكتاتۆریەتێك كە نەك هەر عیراق خێری لێنەبینیوە، بەڵكو بۆ هەندێ وڵاتی عەرەبیش بۆتە بەڵا.
بەڵام كورد دەڵێ جام كە پڕ بوو لێی دەڕژێت، وابزانم ئێستا خەریكە جامەكە دەیەوێ پڕ ببێت، هێنانی هێزو پیشاندانی عەرزی عەزڵات نەك هەر كورد ناترسێنێ، بەڵكو ئەمە مێژووییەك دووبارە دەكاتەوە كە ئەمجارە رەنگە سەری زۆر كەس بخوات زۆر لەوە گەورەتر بێت كە مێژووی چەندان ساڵەی رابردوو بەخۆوەی بینیوە.
بۆیە ئەوە دوا ئاگاداركردنەوەیەو كوردیش مافی خۆیەتی تا ئەو شوێنە بەشێك بێت لە قەیرانەكە كە دەتوانێ هاوكاربێت بۆ چارەسەركردن و راستكردنەوەی كێشەو ناكۆییەكان، بەڵام لێدانەوەی قەوانە كونەكان و جوینەوەی قسەكان و بەلارێدابردنی كێشەو ناكۆكییەكان و دووركەوتنەوە لە پرسە سەرەكییەكان، ئەوا نەك هەر پرۆسەی سیاسی لە عیراق راست ناكاتەوە، بەڵكو وەكو دەڵێن كێشەكان زیاتر بە بنبەست دەگات، ئەگەر كورد توانی لەم بارەیەوە شتێك بە شتێك بكات، ئەوا دەستی تا ئەو شوێنە درێژ دەكات كە پێویست دەكات، بەڵام ئەگەر دیسانەوە دانیشتنەكان و گفتوگۆكان و دواجار رێككەوتنەكان بەو ئاقارەدا ببرێت كە تەنیا بە قسە كێشەكان چارەسەربكرێت و، بڕیارو رێككەوتنەكان تەنیا لەسەر كاغەز بمێنێتەوە، ئەوا كورد وەك لایەنێكی گرنگ لە پرۆسەكە ناتوانێ بەردەوامی بەو پرۆسەیە بدات، خۆ ئەگەر هەموو لایەنەكانیش جدین لە چارەسەركردنی تەواوی پرس و كێشەو ناكۆكییەكان، ئەوا كوردیش هاوكارو هاوئاهەنگ دەبێت، بەڵام ئەوجارەیان كورد تەنیا بە قسە ناوەستێت، بەڵكو كردارو بڕیاری چارەنووسسازی دەوێ، ئەگەر ئەوەش نەبێت، ئەوا دوابڕیاری كورد لای خۆی دەبیت.




