یووسف محەممەد بۆ سەردانی سوێدی کردووە؟

کامیلا کەی سۆدرکڤیست
(یووسف محەممەد) 'سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان'، پاش سەردانەکەی لە مانگی شوبات بۆ بەریتانیا، بەمەبەستی ھەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ کوردستان، سەردانی پەرلەمانی سوێدی کردووە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەو سەردانە چ سوودێک بە کوردستان دەگەیەنێت، لە راستیدا بۆ کۆکردنەوەی ھاوکارییە بۆ پێگەی سیاسیی نەک دروستکردنی سوود و قازانج بۆ ھەرێمی کوردستان.
ھەروەک سەردانەکەی بۆ بەریتانیا، ئەم سەردانەشی رەسمی نییە، ھەرچەندە روونە کە دەیەوێ بەو شێوەیە دەریبخات ئەو لە لایەن ئەندامانی ئێستای پەرلەمانی سوێدەوە نەبینراوە، بەڵکو خانەنشینەکان بینیویانە و بۆی نەبووە بە ناوی کوردستانەوە قسە بکات، ههڵبهته سەرەڕای ئەوەی بانگەشە دەکات کە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ھەڵبژێردراوە. سەلماندنی ئەستەمە، لەبەرئەوەی پێگەکەی بە ڕێكکەوتنی سیاسی بووە و، ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە ھەڵنەبژێردراوە، بۆیە زۆر جار توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە پەرلەمانی کوردستاندا نەبووە.
لە سوێد، (یووسف محەممەد) قسەی لەسەر پشتیوانیکردنی کوردستان و ھێنانی دیموکراتیەت کرد بۆ کوردستان، لەوانەیە ئەمە ھەندێک شت لەسەر سەردانەکەی بۆ سوێد و بە گشتی لەبارەی گەشتەکانی بۆ ئەورووپا ڕوون بکاتەوە. ڕاستی ئەوەیە، بهپێی پێودانگی ئاسایی، کوردستان دیموکراسییە و زۆر دوورە لەو دیکتاتۆریەتەوە کە ئەو لە قسەکانیدا مەبەستیەتی. بەھۆی بارودۆخی سەربازیی ئێستاوە، پڕۆسەی سیاسی لەگەڵ ھەندێک کۆسپ و ئاستەنگ بەرەوڕوو بووە، ھەرچەند کاتی ھەڵبژاردن بێت لە شوێنێک کە بەرەوڕووی شەڕ بووهتەوە.
کوردستان شانازی بە خۆیەوە دەکات کە پابەندی پڕۆسەی دیموکراسی، دەستوور و ڕۆڵی ژنانە لە کۆمەڵگا بۆ بونیاتنانی توانای ھەرکەسێک لە ناو کۆمەڵگادا تا دەنگی ھەبێت. (یووسف محەممەد) دەبێ ئەوە بزانێ وەک ھەموو کەسێک کە لە مانگەکانی ڕابردوودا ئاستەنگی سیاسی سەخت ههبووە، بەھۆی نائارامیی کۆمەڵگە لە ئەنجامی قورستربوونی تەنگژەی دارایی، دەبێ سوپاسی ئەو دیموکراسییەتە بکات کە ئەو بە غیاب ناوی دەبات، بەڵام حزبەکەی ئەوی کرد بە دووەم حزبی کوردستان.
بۆیە دەبێ پرسیارەکە ئەوەبێت، کە بۆچی خۆی وەک کەسێکی ئومێدەوار دەردەخات کە دیموکراسی بێتە کوردستانەوە؟ وەڵامی زۆر ئاسایی ئەوەیە، کە ئەو لە ھاوکاری دەگەڕێ، نەک بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ حزبەکەی، دەیەوێ پێگەی سیاسیی خۆی وا دەربخات کە ھەموو بەدیلەکانی، نادیموکراسی و ناھەڵبژێردراون.
ھەنگاونان بەرەو دیموکراسی یەکێک لە خاڵە بەھێزەکانی کوردستانە لە پەیوەندیکردنی بە ھێزە ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەوانەیە(یووسف محەممەد) پێی وابێت بتوانێـت کاریگەری بکاتە سەر ئەو پەیوەندییە. بە وێناکردنی خۆی وەک بەدیلی "دیموکراتی" بۆ ھاوبەشە جیھانییەکان وهك سوێد بۆ نموونە. لەوانەیە خۆی وەک میانگیرێک لە ڕێککەوتنەکانی داھاتوو بزانێت و خۆی وا دەربخات کە دەتوانێ سوود بە خەڵکی کوردستان بگەیەنێت. لەوانەیە پێی وابێت دەتوانێ پێگەی بەھێزترین حزبی کوردستان لاواز بکات. بە بانگەشەی ئەوەی دەیەوێ دیموکراسی بۆ کوردستان بھێنێت، ھێرشی ناڕەوا دەکاته سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا کە ھەندێک شت بەھۆی شەڕەوە بووە بە ئەمری واقیع. لەوانەیە نموونەش زۆر بێ تا سوودی لێ وەربگرێـت. تەنیا پەیامی حیزبەکەی ئەو (گۆڕان) یەک مانای ھەیە، کە ھێرشە بۆسەر ئەو ڕێگایانەی کە ھەن بۆ سیاسەتکردن. لەوانەیە ئەو بە ھیوا بێـت کە ئەمە شتێك بێـت بگونجێت لەگەڵ ڕیتمی بزووتنەوە سیاسییەکانی ئەورووپا کە ویستوویانە وڵاتی خۆیان بگۆڕن، کەسیش سەیری وردەکاریی ئەوە نەکات کە دەیەوێ چی بەدەست بێنێت.
ئەم گەشتە نەخشە بۆکێشراوە، ھەنگاوێکە بۆ بونیاتنانی پێگەی سیاسیی خۆی لە داھاتوودا. لەوانەیە باش ھەست بکات، کە بەشێک لە ئاستەنگەکانی حزبەکەی لە بەدەستھێنانی پشتیوانی، بەھۆی نەبوونی پرۆفایلی نێودەوڵەتیانەوەیە. بێگومان، ئەم گەشتە تازەی بۆ ئەورووپا زیاتر مەبەستی ئەوە بێت کە بڵێت، "من لە پەرلەمانی ئەورووپا خەڵكم بینی تا باسی کێشەی کوردستانیان بۆ بکەم، کە لە ڕاستیدا ئەو چارەسەرەکەیان پێدەڵێت. پێویستە بە بیر بھێنینەوە، کە سەردانەکەی (یووسف محەممەد) بۆ سوێد، بێ دەستکەوت بوو و، ھیچ ھاوکارییەک زیاد نەکرا لە ئەنجامی ئەو سەردانە. ھیچ ڕێککەوتنێکیش نەبوو، چونکە (یووسف محەممەد) لە پێگەیەکدا نییە تا ڕێککەوتنی وا بکات، تەنیا دەرفەتێک بوو بۆ خۆی تا پێشنیازی گرینگیی خۆی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا بکات، کاتێک کە کوردستان گرفتی ھەیە و پێویستە بەسەریاندا زاڵبیت. ھەر بە تەواوی وەک ئەو جۆرە سیاسەتەی حزبەکەیەتی کە کات بەڕێ دەکات بە بەڵێندان بە نەھێشتنی گرفتەکان.
لینکی بابەتەکە لە وێبسایتی( زە نیو مەیڵ)دا:
https://thenewmail.co.uk/yousef-mohammeds-swedish-visit/




