٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە ساڵیادی کارەساتی 6ـ4ـ2003دا

سەرچاوە: KDP.info

دانا میكایل
رووداوەكەی مانگی نیسانی 2003، گورزێگی گەورەبوو بەر كەمەری شۆڕشی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان كەوت. كارەساتەكەی (دیبەگە- مەخموور) بووە هۆی شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگەی قارەمان و نموونەیی شۆڕشی نوێ و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پێشمەرگانەی كە لە رۆژگاری سەخت و شەوی نوتەكی بێ ئومێدیدا، بوون بە تروسكەی ئومێدی كورد، ئەوانەی نموونەی ئازایەتی، لەخۆبوردوویی، پیاوی خاوەن هەڵوێستی سەردەمێكی نالەبار بوون، لەو رووداوەدا، کەوتنە بەر بۆردوومانی فرۆکەکانی ئەمەریکا كه‌ ئامانج لێی موڵگەكانی بەعس بوو.
لەو رووداوەدا 17 هاوڕێی وەجی بارزانی شەهید بوون و 49ی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە بریندارەكان وەجی بارزانی و برازاکەی مەنسوور بارزانی بوون.
شەهیدە لەبیرنەکراوەکانی کارەساتەکەی (دیبەگە- مەخموور):
(شەهید میرخان بێدارونی، شەهید سەفەر میرزائاغا مێرگەسۆری، شەهید ڕەشوخان ئاڤدەل هەركی، شەهید عەبدوڵڵا شەریف كركەمۆیی، شەهید كامەران عەلی مەحمود، شەهید حادێ‌ سلێمان حادێ‌، شەهید سەمیر سەعید ئەسعەد، شەهید سەردار ڕەشید محەمەد، شەهید شابەندەر محەمەدئەمین زێرۆ، شەهید نیاز رەحمان عەوڵا،شەهید خورشید ساڵح محەمەدئەمین، شەهیدمحەمەد وەسمان حەمەد، شەهید محەمەد حەمەد مستەفا، شەهید تەحسین سمكۆ محەمەد، شەهید وەلید جەمال عەوڵا،شەهید عوسمان عەبدوڵڵا بەهرام، شەهیدی وشە كامەران عەبدلڕەزاق رۆژنامەنووس).
هاوسه‌نگه‌رانی وەجی بارزانی، هەریەكەیان كوڕی خێزانێكی تێكۆشەر بوون، هەریەكەیان قارەمانێكی مەیدانی و سەنگەرە سەختەكان بوون. كوڕی خانەوادەی دیار و شۆڕشگێڕ بوون، گشتیان كەسێتییەكی سەنگین و بەشكۆیان هەبوو، گشتیان هەر زوو راستەڕێگەی خەباتی كوردایەتییان گرتەبەر. ئامانجی هەموو هاوبیر و هاورێکانی وەجی بارزانی سەرفرازیی نەتەوەكەیان بوو.
وەجی بارزانی كاتێك چەك هەڵدەگرێت‌ و دەبێتە پێشمەرگە دەڵێت:
هەڵگرتنی ئەم چەكە شەرەفە، چونكە دڵنیام رۆژێك لەپێناو خاك‌ و نیشتماندا بریندار دەبم یان شەهید دەبم.
وەجی بارزانی بە یەكێك لە داهێنەرانی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە دادەنرێت لەناو تەنزیماتی سەربازیدا، لەو ڕووەوە ئەوکاتە چەندین جار لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی جیهان خەڵاتی رێزلێنان و ئازایەتی پێ بەخشراوە. وەجی بارزانی سەركردایەتی و فەرماندەیی دەیان داستان و نەبەردی تۆمار كردووە. یەكێكی دیكە لە خەسڵەتەكانی وەجی بارزانی ئەوەیە تەواوی بنەماڵە و خێزانەكەشی لەگەڵ خۆیدا بووە، هەربۆیە جگە لە خۆی برازاکەی مەنسوور بارزانی پێشمەرگە بووە لەگەڵیدا بریندار بووە.
تەنها خەونی وەجی بارزانی، ئەوە بوو ئەو خاکەی لەپێناویدا خەباتی کردووە، ببێت بە خاکێکی سەربەخۆ و ئاڵایێکی سەربەخۆی تێدا بشه‌كێته‌وه‌. کوردستانیان باش ده‌زانن كه‌ سه‌رۆک بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، هه‌میشه‌ ناوی پێشمه‌رگه‌یان له‌ هه‌موو پله‌ و پایه‌یه‌ک به‌لاوه‌ گه‌وره‌تره‌ و هەمیشەش خۆیان به‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، سه‌رۆک بارزانی هه‌میشه‌ دەڵێت:-
من سه‌ربه‌رزم و شانازی به‌وه‌ ده‌که‌م که‌ پێشمه‌رگه‌م. هەموو پێشمەرگەکان ئێستا وەجیەکن دەجەنگن و بەردەوامیش دەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار