٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بۆچی بارزانی دەستپێشخەری بۆ حکوومەتی تازە نەکردەوە؟

سەرچاوە: KDP.info

کارزان سەباح هەورامی

دەستپێکی قۆناغی دروستبوونی عێراقی تازە باش نەبوو، لە کاتێکدا کورد بە شێوەیکی کارا بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا کرد، سەرۆکوەزیرە یەک لە دوایەکەکانی عێراق نەیانتوانی خواستەکانی گەلی کوردستان جێبەجێ بکەن، سەرجەمیان پابەند نەبوون بەو رێککەوتنەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا دەکرا، لە یەکەم سەرۆکوەزیرانی دوای ڕووخانی سەددام، ئیبراهیم جەعفەری، کە کۆمەڵێک پێشێلکاریی گەورەی لە بابەتی تەوافوق کرد تا هاتنی "نووری مالیکی" سەرۆکوەزیرانی دووەمی دوای ڕووخانی سەددام لە 2008؛ عێراقی تازە لەسەر گرفت هەنگاو بە هەنگاو دەچوو، هاتنی مالیکی بۆ سەر حوکم له‌ عێراقدا، پێش ئەوەی بە رەزامەندیی لایەنە عێراقییەکانی دەوڵەتی یاسا بێت، کوردیش هاوکات بە سەرجەم هێزە سیاسییەکانەوە پشتگیرییان لێی کرد، تا بووە سەرۆکوەزیران. مالیکی هاتە هەولێر و راشکاوانە بە سه‌رۆك بارزانی گوت، کە (پرۆژەی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە عێراقدا جێبەجێ دەکات)، کورد بەم داوایە زۆر خۆشحاڵ بوو. بەڵام ئەوەندەی نەبرد مالیکی دەستی کرد بە بەهێزکردنی پایەکانی دەستەڵاتی خۆی لە عێراق و دواجار سەرجەم بوارە ئەمنییەکانی عێراقی لە بەهێزکردنی حزبەکەی خۆی بە کار هێنا؛ دواتر کەوتە داژایەتیکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، دواجار لە هەڵبژاردنی 2010 دووبارە عێراق لە بەردەم ئەگەری پێکهێنانی حکوومەتی تازە وەستایەوە، وەک ئاشکرایە لەو ساڵەدا بەهۆی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقەوە بۆ ماوەی 10 مانگ نەتوانرا حکوومەتی عێراق پێک بهێنرێت، تا دواجار سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگای دەستپێشخەرییەکەوە توانی عێراق لەو قەیرانە ڕزگار بکات و بەرێککەوتن لەگەڵ نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی 19 خاڵدا رێککەوتن، بەڵام مالیکی بەردەوام بوو لە هەڵەکانی.
دواتر هاتنی حەیدەر عەبادی، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوستی کورد بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گۆڕا، چونکە سه‌رۆك بارزانی باش لەوە دڵنیابوو کە بڕینی بودجەی کوردستان گەورەترین کارتی گوشار بوو کە بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستانی بەکاری هێنا، ئەو کارتەی کە هیچ یەکێک لە سەرۆکوەزیرەکان بیریان لێی نەکردەوە، ئەوە بوو سه‌رۆك بارزانی خۆی ئاماژەی بەوەدا کە چەندین جار لەگەڵ مالیکی کۆ بووەتەوە بەڵێنی داوە کە پابەندبێت بەرێککەوتنەکانه‌وه‌، بەڵام کە چووەتەوە بەغدا وەک ئەوەی کە ئەو پیاوە هیچ بەڵێنیێکی نەدابێت ڕفتاری دەکرد، ئەم هەنگاوانە وایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە جارێکی دیکە بیر لە وە نەکاتەوە عەقلیەتی ده‌سته‌ڵاتداران له‌ بەغدا شیاوی گفتوگۆ بێت، هەربۆیە لە پێکهێنانی کابینەی عەبادی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی پێش ئەوەی بڕیاری چوونە حکوومەتی عێراق بدەن، لە بەغداوە پشکی وەزیرەکانی کورد دیاری کرا ئەمە وای کرد کە بارزانی لە کۆتا کابینەی حکوومەتی عێراق دوور بێت لە هەربریار و دەستپێشخەرییەک. عەبادیش هاوشێویە مالیکی، دەستی بە پێشلێکردنی رێککه‌وتنەکان کرد.

پاش هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ شكستیان برد، هەوڵەکانی سه‌رۆك بارزانی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە نابێت بە سانایی تەماشا بکرێت، چونکە لە ماوەی پێکەوەبوونی کورد لەگەڵ عێراق هیچ کاتێک بەقەد ئێستا کورد داوای ڕیفراندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی خۆی نەکردووەتەوە، چونكه‌ له‌ سیستمی حومكڕانیی به‌غدا بێهیوا بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ بارزانی وەک ئەوەی کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی سەربەخۆیی هەنگاو بنێت، لەلایەک زۆر سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڕیفراندۆم مافی چارەنووسی کورد دیاری بکرێت، لە هەمان کاتدا دەیەوێت پێش ئەوەی کورد لە بەغدا بە تەواوەتی جیا ببێتەوە، بە بەهێزییەوە لە عێراق بێتە دەرەوە، تا عێراق لە دواڕۆژدا نەبێتە سەرئێشە بۆ دەوڵەتی کوردستان، بەڵکو ببێتە دراوسێییەکی باش بۆ هەرێمی کوردستان، خۆیشی لە چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئاماژەی بەو خاڵە داوە.

لەوەدەچێت بەشێکی دیکەی دوورکەوتنەی سه‌رۆك بارزانی لە کاروباری عێراق ئەوە بێت کاتێک عێراق بڕیار بوو لەسەر سێ بنەما دابمەزرێت، یەکێک لەوانە سەروەریی عێراق بوو؛ لە ئێستادا عێراق هەمووشتێکی تەواو بێت لەوەدا ناتەواوە کە دەوڵەتانی دراوسێ تەحەکوم بە سەروەریی خاکەکەیەوە دەکەن، ئێران گەورەترین فەرماندەی سەربازی لە عێراق هەیە، سووریا و ئێران لە رێگای پەکەکەوە ده‌یانه‌وێ بەشێکی شنگال و چەندی ناوچەیەکی دیکەی بخه‌نه‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌، لە هەمان کاتدا تادێت نفوسی سعوودیا بەسەر ناوچەی سوننە زیاتر دەبێت، بۆیه‌ مانەوەی کورد لە چوارچێوه‌ی عێراقدا وادەکات، کە سەروەریی کوردستانیش بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە تا هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق هەژمار بکرێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەوانەشی لێ بکرێت.

پرسیاری گرینگ ئەوەیە، لە دواکۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی بڕیار دراوە، کە لێژنەیەک دروست بکرێ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکرێتەوە، بەڵام ئاراستەیەکی تازە هەیە ئاماژە بەوە دەکات کورد دەیەوێت جۆری گفتوگۆکانی بگۆڕێت، واتە لە نەوت و بودجەوە بۆ بابەتی ڕیفراندۆم، ئایا بەم نزیکانە ئەم هەنگاوە دەست پێدەکات؟؟ یان کورد دووبارە دەبێتەوە شه‌ریكی ئەو عەقڵیەتەی له‌ بەغدا فه‌رمانڕانه‌؟؟.
 

هەواڵی پەیوەندیدار