حكوومه‌تی ته‌كنۆكرات یان ئۆتۆكرات

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن
ڕه‌نگه هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بین، كه قیزه‌ونترین دیاری كۆلۆنیالیسته‌كان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌و زوڵمه مێژوییه بێت، كه له نه‌خشه‌ی (سایكس – پیكۆ)دا به‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌وت و، فاكته‌ری ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ش بێت، كه له سه‌د ساڵی ڕابردوودا ناوچه‌كه‌ی پێدا تێپه‌ڕیوه، خۆ له دوای قۆناغی ڕزگارییش، حوكمڕانانیان به میتۆدێك گوێ له‌مست و ئاراسته كردووه، كه له ده‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لدا حاكم بن و، نه‌یانهێشتووه حكوومه‌ته‌كانیان ڕه‌وایه‌تی له مرۆسالاری و شه‌راكه‌تی نیشتیمانییه‌وه وه‌ربگرێت و، سه‌ره‌نجامیش كۆی ناوچه‌كه‌یان وه‌ك به‌رمیلێكی بارووت بۆ جه‌نگ و ته‌قینه‌وه ئاماده كردووه.
به‌داخه‌وه له دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه، هێزه سیاسییه‌كان نه‌یانتوانى پێناسه‌یه‌كی نوێی عێراق بكه‌ن و، شوناسی هاووڵاتی و نیشتمانیبوون به تاكه‌كانی ببه‌خشن و، ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به جۆریك دابڕێژنه‌وه، كه بواری به‌رهه‌مهێنانی دیكتاتۆر نه‌ده‌ن و، كاركردن به یاسا و ده‌ستوور و، دیموكراسییه‌ت، بكه‌ن به مۆدێلی حوكمڕانی، بۆیه له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا تیرۆر و توندڕۆیی و، ده‌سه‌ڵاتدارانی دیكتاتۆر ده‌ركه‌وتن و، له یه‌كه‌م هه‌نگاویشیاندا ئه‌و گرێبه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه به‌ره‌نجامی ئیراده‌ی میللی و، ته‌وافوقی سیاسی و، میساقی شه‌راكه‌ت و، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و، زامنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بوو، ئه‌تك كرا.
تاكڕه‌وی له بڕیاری سیاسی و ئیداری و، به‌تایبه‌ت له پرسه‌كانی چاكسازی و پێكهێنانه‌وه‌ی حكوومه‌ت، له‌لایه‌ن (عه‌بادی)، ئه‌و پرسانه‌ن كه تخوبی ئۆتۆكراسی له تابلۆی سیاسیی عێراقدا ده‌كێشن و، پیاوانی ده‌وڵه‌تیش به هه‌ژمونخواز و ئۆتۆكرات مه‌حكوم ده‌كات و، كۆی ئه‌و پره‌نسیپ و ته‌وافوقه سیاسییانه‌ش، كه پایه‌كانی حوكمڕانی له‌سه‌ر وه‌ستاوه، بنكۆڵ ده‌كات.
به مه‌به‌ستی تۆكمه‌كردنی هه‌ژموونی تائیفی و مه‌زهه‌بی و، هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی، كه دژی گه‌نده‌ڵی و ئینفلاتی ئه‌منی و ئه‌تككردنی سه‌روه‌ریی عێراق، گۆڕه‌پانی ته‌حریر و، شورای ناوچه‌ی سه‌وزیان خستووه‌ته ژێر ڕه‌حمه‌تی ڕقه‌وه، حه‌وزه و مه‌رجه‌عه عێراقییه‌كان هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداراندا، به به‌ڵێنی چاكسازی و پێكهێنانی (حكوومه‌تی ته‌كنۆكرات) خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو ته‌خدیر ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا حكوومه‌تی ته‌كنۆكرات، پێویستی به سه‌ركرده‌ی لیبراڵ و، دادپه‌روه‌ر و مه‌ده‌نی هه‌یه و، پێویستی به سڕینه‌وه‌ی شوێنپه‌نجه‌ی مه‌زهه‌ب و، دوورخستنه‌وه‌ی پیاوانی ئایین هه‌یه، كه‌چی صه‌در و عه‌بادی، له لێڵاوی حوكمی تائیفی و، له وڵاتێكدا كه قه‌یرانی ناسنامه‌ی هه‌یه و، ده‌ستوور و یاسایش سه‌نگ و سه‌روه‌ریی نه‌ماوه و، شكستی دیموكراسیه‌تیش وه‌ك ڕۆژی ڕوون دیاره، گه‌مه له‌سه‌ر (زین)ی ئه‌سپی تۆپیوی ته‌كنۆكراتی ده‌كه‌ن.
ده‌بوایه صه‌در و سیستانی و عه‌بادی، به‌رگێكیان له (مه‌ئمون)ی كوڕه بچووكی (هاڕوونه ڕه‌شید) دادڕیبایه و، وه‌ك چۆن ئه‌و له‌كاتێكدا خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان و، له‌سه‌ر كورسیی عه‌رشی به‌غدا بوو، ته‌كفیری بزاوتی (موعته‌زیله)كانی نه‌كرد و، رێگه‌ی به ئه‌هلی فیكر و مه‌عریفه‌ی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌كه‌یدا، كه ئازادانه خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆ تێكسته پیرۆز و ئاسمانییه‌كان بكه‌ن، له‌ئێستادا ئه‌ركی جێنشینانی خه‌لیفه‌یه ته‌فه‌هومی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یان بكردایه، كه عێراق له ده‌قه ئاسمانییه‌كان خۆشه‌ویستتر نییه، هه‌تا سنووره‌كانی پیرۆز و پارێزراو بن و، ڕیفراندۆمی كورد به یاساغ و، سه‌ربه‌خۆییی كوردستانیش به كوفر بزانن.
گرینگه پیاوانی سیاسه‌ت دوور بن له نه‌خۆشیی سیاسی و، سه‌رپێیانه بریاڕ نه‌ده‌ن و، له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا، ڕای خه‌ڵك و هاوسه‌نگی و پیكه‌وه‌سازان نادیده نه‌گرن، چونكه مه‌له‌كردن به پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆل، وه‌ك هه‌ڵپه‌ی به پارله‌مانیكردنی سیستمی حوكمڕانیی كوردستانی لێ دێت، كه‌سه‌ری سه‌رۆكی پارله‌مانی خوارد، به هه‌مان شێوه‌ش چاكسازی و گۆڕینی هه‌یكه‌له‌ی حكوومه‌تی عێراق و، فراوانكردنی مه‌وداكانی (تیۆكراسی) و (شیعۆكراتی)* له به‌رزه‌خی عێراقدا، به بیانووی دروستكردنی حكوومه‌تی ته‌كنۆكرات و، فه‌رامۆشكردنی كورد، به دڵنیاییه‌وه سه‌ری سه‌رۆكوه‌زیران ده‌خوات.




