بەبۆنەی قسەكانی هۆشیار عەبدوڵڵاوه

زكری مووسا
خستنەپاڵی وشەی تێكدەر و ڕووخێنەر، بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەرئەنجامی ڕەفتار و سایكۆلۆژیای ڕێكخەر و پارلەمانتار و میدیا و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكە بووە. كە ڕێكخەری بزووتنەوەكە بە دەنگ و دەمی خۆی شوێنكەوتووانی بۆ تەقەكردن لە كۆنسووڵخانەكان و ڕفاندنی ئەندازیاران و تێكدانی ئاساییش هان بدات، نابێ هوشیار عەبدوڵڵا گلەیی لە خەڵك بكات كە بۆ بە تێكدەری لە قەڵەم دەدەن.
كە گۆڕان پارلەمانی لە موئەسهسەیەكی تەشریعی كردە ستۆدیۆی تەلەڤزیۆن و بێژەر و ئەدمینی سایت و فەیسبووك بوونە موشەریعی یاسا، ئەوا دەبێ زەمی خۆیان بكەن كە پڕۆسەی تەشریعیان تێكداوە.
كە بڵاوەیان بە فەرهەنگی جنێو و زبرگۆیی كرد و سەدان نووسەریان بە كرێ گرت بۆ جنێودان، دەبێ ددان بەوەدا بنێن كە تێكدەری فەرهەنگ و ئاكاری هاووڵاتیانن.
كە منداڵ و هەرزەكاریان كوشت و بارەگایان سووتاند، دەبێ گلەیی لە دیتی خۆیان بكەن كە ئامانجی تێكدان و كوشتن و هەڵوەشان و هەڵتەكاندنە.
نابێ بەرپرسانی گۆڕان خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بشارنەوە كە لە سەرەتای ڕاپەڕینهوه هەتا 2009 بە تایبەت لە زۆنی سەوزدا دەستیان لە كاولكردن و تاڵان و دزی و داهێنانی نەریتی ناشرینی حوكمڕانیدا هەبووە. ئەوان دەستیان هەبووە لە تێكدانی مەفهومی حوكمڕانی و دەوڵەت كە خۆی لە خۆیدا بۆ ڕسكاندنی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانییە.
پارلەمانتارە عێراقییەكەی گۆڕان دەبێ ئەوەش بزانێ كە ئەوە بارزانی نییە عێراقی تێكداوە.. عێراق خۆی لە بنەڕەتدا نەبووە و هەرگیز مانای دەوڵەتی نەبووە.. ئەو عێراقەی كوردی جینۆساید كرد و ئێستایش نانی كوردی بڕیوە. ئەوە جەهل و تاییفەگەری و دەستێوەردانی دەرەكی و فەرهەنگی بەغدایە كە عێراقی تێكداوە. فەرهەنگێك كە كورد بە پاشكۆ دەزانێ و بە شەریكی نازانێ. بارزانی دژی ئەو هاوكێشە نامتەوازنەی عێراقە و دەیەوێ گەلەكەی لێی دوور بكەوێتەوە.
بۆ ئەوەی چیتر كەس توانای ئەوەی نەبێ سیفەتی تێكدەر بخاتە پاڵ بزووتنەوەی گۆڕانهوه، دەبێ تیۆریزانانی گۆڕان بە جۆری بیركردنەوە و جیهانبینییاندا بچنەوە. دەبێ دەستبەرداری شەڕەجنێو و خۆتەرخانكردن بن بۆ لەناوبردنی خەڵك. دەبێ پشت لە ڕق و وەهم و فاڵگرتنەوە بكەن و بەرانبەریان لا قهبووڵ بێ. دەبێ لەوە بگەن لە دیموكراسیدا ڕكابەرایەتی مانای دوژمنایەتی نادات. دەبێ بەزەییان بە خۆیان و گەلەكەیاندا بێتهوه؛ ئاخر گەوجاندن و درۆكردن و جنێو، كردەیەكی دژەكولتوورییە و ناتەربەوییە. دەبێ ئەوە بزانن ئەوەی بیر لە كوشتنی خەڵك دەكاتەوە و نەخشەی بۆ دادەڕێژێت، نەك تەنیا تێكدەرە بەڵكو تاوانباریشە.




