دێمۆکراسیخوازیی ساختە و ماڵوێرانکەر، تەجروبەی کوردی

حوسێن کوردنەژاد
بزووتنەوەی کوردی هەرچۆنێک لێی بڕوانین بۆ بەدیهێنانی دوو ئامانجی سەرەکی تێکۆشاوە، بەبێ ئەم دووانە بزووتنەوەی کوردی لە ناوەرۆک دەکەوێت، ئەوانیش بریتین لە ئازادی و رزگاری.
رزگاری، رووی لە دەرەوی کوردە و ئازادی رووی لە نێوخۆی کوردە و هەر دووکیان پێویستن بۆ ژیانی داهاتوومان.
مەرجەکانی پیادەکردن و دەستپێڕاگەیشتن بۆ هەر کام لەم ئامانجانە جیاوازە، هەر چەند هەنگاو هەڵێنان لە هەر کام لەم مەیدانانەدا دەتوانێ یارمەتیدەر و پاڵنەر بێت بۆ ئەوی تریان.
بۆ رزگاری دەبێ خاوەن توانا و وزەیەکی نێوخۆیی بین تا بتوانین داخوازیی رزگاری لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بێنینە گۆڕێ، بەڵام مەرجی سەرەکی بە ئاکام و ئهنجامگەیاندنی ئەم پرۆسەیە زۆر گرێدراوی بارودۆخ و کۆنیۆنکتوری سیاسی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.
بۆ ئازادی، دەبێ یەکەم شت وەک پرۆسەیەکی دوورودرێژتر چاوی لێ بکەین و، دووەم دەبێ بزانین بەبێ پێشخستن و گەشەی ستراکچرال و گەشەی ئەوەی پێدەگوترێ فاندامێنتاڵەکان- ژێر بنەماکان(نموونەی روون؛ سەرمایەی مرۆڤی و باری یاسایی و ئەنیستیتوشنال) دەستمان پێ راناگات.
لە بارودۆخی مێژوویی ئێستاکانەی ژیانی ئێمەدا، دەبێ بزانین کە ئەوەی یەکەم چارەنووسی ئەوەی دووەم دیاریی دەکات و رێگاخۆشکەرە. ئەمە نابێتە ئەو واتایە کە هەتا دابینکردنی ئەوەی یەکەم واز لەوەی دووەم بهێنین، بەڵکوو ئەم باسە تەنیا لە دیاریکردنی ئەولەوییەتدا گرینگە.
ئەگەر ئەوە نەکەی، وەک میللەت دەرگایەک دەکەینەوە بۆ دوژمنانی دوژمن و زانا کە یاری بە چارەنووسمانەوە بکەن. لەو یارییەدا کورد بە گشتی زرەرمەند دەبێت. نموونەکان:
خەبات بۆ چەسپاندنی کۆمونیسمی کرێکاری لە دەیەی هەشتا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەستنیشانکردنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەک یەک لە گۆشەکانی سێگۆشەی(ئیمپریالیزم، حکوومەتی ناوەندی و کۆنەپەرەستیی نێوخۆیی- حیزب-)وەک بەرانبەر کە دەبێ شەڕیان لە دژدا بکرێت. هەمووی رۆیشت و تێپەڕی، نە کۆمونیزمی کرێکاری جێگیر بوو و نە سۆسیالیزم و دێمۆکراسی پرۆلێتاری، ئەوەی دەستمان کەوت شەڕی ناوخۆی دێمۆکرات و کۆمەڵە و سەدان شەهید و برینداری رۆڵەی کورد و سەرکەوتنی نیزامی جمهوریی مەلاکان و لاوازبوونی بزووتنەوەی کوردی لە رۆژهەڵاتدا، بوو بە نەتیجە.
لە باکووردا لە دوای ساڵانێکی خەباتی سەخت، کورد بوو بە خاوەن حیزبی قانوونی و توانی رێژەی سەدا دە تێپەڕێنێت و چەندین سال پرۆسەی گوتوێژ گەشانەوهیەکی بەرچاوی خستە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردەوە، بەڵام دێمۆکراسیخوازیی کۆمونیستی و بوون بە قسەکەری دامەزراندنی دێمۆکراسی رادیکاڵ لە سەرانسەری تورکیادا، کوردی گەڕاندەوە بۆ دەیەکانی هەشتا و نەوەد و، وڵات و سیاسەتی کوردی وێران و لاواز کرد.
لە باشووردا لە دوای تەجرووبهی تاڵی شەڕی ناوخۆ، کورد گەیشتە جۆرێک لە ئارامی و گەشەی ئابووریی و سیاسی ، و بوو بە خاوەن پێگە لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا و، تەنانەت بوو بە خاوەن ئەو بیر و فەرهەنگە کە گشت ئۆپۆزیسیۆن و ئەحزابی حاکم حکوومەتی ئیئتیلافی نیشتمانییان پێک هێنا، لە جیاتی سیاسەتکردنی عهقڵانی و نەتەوەیی- کە لهوێدا هیچ دەق و کتێبێک موقەدەس نییە جگە لە بەرژەوندیی خەڵک و نەتەوەی خۆت- کەوتینە داوی دێمۆکراسیخوازی بە شیعار و رادیکاڵیزمی بێ ناوەرۆک-.
بێ ناوەرۆک لەبەر ئەوە کە هیچ بەرنامەیەک پێشکەش نەکرا بۆ گەشەی فاندامێنتالەکان و گۆرانی ستراکچراڵ، کە مانا و ناوەرۆکی گەشەی وڵاتە.
ئاکام بوو بە فۆرموولەکردنی داخوازیی جێگیرکردنی یاسا و پەیرەوەیی سەدا سەد لە پرهنسیپەکانی "دێمۆکراسی" بە رێگای لادانی سەرۆکی رزاگاریخوازی گەل. لە کاتێکدا کە ئەم بەشی کوردستان، خاڵە بەهێزەکەی بوونی سەرۆکایەتیی کاریگەرە لە بەراورد لەگەڵ باکووردا کە خاڵی بەهێزی لایەنی ئۆرگانیزاسیۆن و لە رۆژهەڵاتدا خاڵی بەهێزبوونی مێدێل کلاسی خوێندەواریی شارییە.
چمان دەستکەوت؟ هەنگاوی گەورەمان هەڵێنا لە پهرشوبڵاوکردنەوەی سۆسیال فابریکی کۆمەڵگای خۆماندا و بێواتایی پارلمانمان سەلماند بە رێگای گەیاندنی بە بنبەست و...... بەڵام هەموو لایەکمان لەسەرڕا تا خوارێ دەبێ دەستی رۆڵە پێشمەرگەکانمان ماچ کەین کە دیسکۆرسێکیان بە خوێنی خۆیان سەردەست کرد، ئەوەش وەفاداریی بە خاک، وڵات و ئاواتی رزگاریی کورد بوو، ئەوەیان کرد شانبەشانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی هەریم لە سەنگەری خۆیدا شانبەشانی پێشمەرگە، بەم جۆرە ئەم قەیرانەمان هەم کۆنترۆڵ کرد و هەمیش تا رادەیەکی زۆر خستمانە سەر رێرەوێکی بەننا.
لەبەر ئەم خاڵانەی سەرەوەیە کە دەتوانین بڵێین دێمۆکراسیخوازی و رادیکاڵبوونی بێناوەرۆک ماڵوێرانکەرە، لە سیاسەتی ئەمڕۆی کوردیدا نابێ و ناتوانین چارەنووسی میللەت بدەینە دەست ئەم جۆرە بیر و کردەیە.




