٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كورسییەكە

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

میدیاكانی سەر بە تەوژمەكەی دژی سەربەخۆییی كوردستان بە پەكەكەیشەوە، بابەتی پۆستی سەرۆكایەتییان كردووه‌تە كڕۆكی چالاكیی خۆیان و بە خاڵی لاوازی بەرەی سەربەخۆیی لە قەڵەمی دەدەن. دەیانەوێ بارزانی بشكێنن و بەردەوام خوێندنەوەی هەرزەكارانە بۆ پرسی سەرۆكایەتی دەكەن و ڕاستییەكان پەردەپۆش دەكەن و، دەیانەوێ وا لە لایەنگرانیان و ڕای گشتی بگەیێنن كە بارزانی بە زۆر واز لە پۆستی سەرۆكی هەرێم ناهێنێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە حەقیقەتی بابەتەكە بكەن. ئەگەرچی باش دەزانن هۆكارەكانی یەكلاییبوونەبوونەوەی ئەم بابەتە چییە.
یەكەم: گرفتی سەرەكی میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكە، ئەوان دەیانەوێ سەرۆك لە پارلەمان و بە سەفەقەی حزبەكان هەڵبژێردرێ و سەرۆك كائینێكی زەلیل و بێدەسەڵات بێت و، سەرۆك حزبەكان بیجووڵێنن. ئەوان دەیانەوێ مافی هەڵبژاردنی سەرۆك لە خەڵك بستێننەوە و بیدەنە پارلەمانتارەكانیان بەبێ ئەوەی مۆڵەتی ئەو ستاندنەوەیە لە خەڵك وەربگرن كە دەبێ لە ڕێگەی ڕیفراندۆم بێت.
دووەم: پلانی پەڕوباڵكردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی و گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتی و زەوتكردنی مافی خەڵك لە پارلەماندا فەشەلی هێنا و نیسابی یاسایی بەدەست نەهێنا.
سێیەم: هیچ یەك لە حزبەكان كاندیدیان بۆ سەرۆكایەتی نییە. هۆكارەكەیشی ململانێی ناوخۆیی و هەروەها نەبوونی متمانەیە لەنێوان خودی لایەنەكان كە ناتوانن لەسەر كەسێك ڕێك بكەون.
چوارەم: بەرەی دژەسەربەخۆیی دەیەویست لە ڕێگەی دروستكردنی قەیران و یەكلایینەكردنەوەی پرسی سەرۆكایەتی، كوردستان بكەوێتە بۆشایی و كەس نەبێت سەركردایەتیی دۆسیەی شەڕ و دیپلۆماسی و ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركانە بكات كە پەیوەستن بە سیادەی وڵات. لە بۆشاییدا ڕۆڵی ڕێكخەر و ئەمیر و سەرۆك حزبەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پارلەمان و حكوومەت زیاتر دەبێت. ئەوان شەیدای بۆشایی بوون بۆیە نە كاندیدی سەرۆكایەتییان هەبوو و نە ئامادە بوون ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە.
پێنجەم: سەرۆك بارزانی سێ بژاردەی لەبەردەمیان دانا. هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆكێكی نوێ، دیاریكردنی كەسێك بە تەوافوق هەتا هەڵبژاردنی 2017 یان بڕیاردان لەسەر مانەوەی بارودۆخەكە و پێكەوەكاركردن. سەرۆك لە هەموو كۆبوونەوە و دیمانە و لێدوانەكانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە بەنیازی خۆكاندیدكردن نییە، بەڵام ناهێڵێت حزبەكان وڵات بخەنە بۆشایی و پشتی پێشمەرگە و خەڵك بشكێنن. حزبەكان هیچیان نەكرد، شێتی فەزای فەیسبووك و جنێودان بوون و تەنیا ویستیان بارزانی بشكێنن و ویستیان كار بە ئەرك و پابەندبوونەكانی نەكات و بچێتە ماڵەوە بە بێ ئەوەی هیچ ئەڵتێرناتیڤێكیش بۆ سەرۆك دیاری بكەن.
شەشەم: هەڵبژاردن نەكراوە، كەس كاندید نییە، حزبەكان سوورن لەسەر هەڵوێستە نانیشتیمانییەكانیان، كوردستان لە شەڕێكی سەختدایە، قەیرانی دارایی هەیە، كوردستان لە دەرگەی سەربەخۆیی دەدات، هیچ بیانوویەك لۆژیكی و سیاسی و یاسایی نییە كە وڵات بكەوێتە بۆشایی و كەس نەبێت سەركردایەتیی كوردستان بكات.
حەوتەم: لە دوای بیستی هەشتی ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا، سەرۆك بارزانی زۆرترین دیداری دیپلۆماسی هەبووە و وڵاتانی زلهێز و یەكێتیی ئەورووپا و وڵاتانی كەنداو و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی هەرێمایەتی و حكوومەتی عێراقی تەنیا مامەڵەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی كردووە وەك سەرۆكی هەرێم. سەرۆكێك كورسیی سەرۆكایەتیی زەوت كردبێت و ناشەرعی بێت، بە دڵنیاییەوە جیهان مامەڵەی لەگەڵدا ناكات.
سەرۆك ناشەرعی نییە، چونكە هەڵبژاردن نەكراوە و سەرۆكێك دیاری نەكراوە بۆیە لەپێناو پاراستنی سیادەی كوردستان لە كارەكانیدا بەردەوامە و خاڵی دڵنیاییە بۆ شكاندنی دوژمن و چاكسازی و سەربەخۆیی. ئەو سێ ئەركەی نەیارەكانی هیچ كات بە ئەركی خۆیانی نازانن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار