٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە پەراوێزى بەخۆنازینى خوێندەواریدا

سەرچاوە: KDP.info

د. چواس حەسەن

هەر دوێنێ بوو کە زانکۆى ئەمەریکایى لە دهۆک لە چوارچێوەى جیهانبینى سەرکردایەتیى سیاسیى هەرێمى کوردستان کرایەوە.
ئەو رۆژەیان زاناى فیزیایى بەناوبانگ (تسێلا)، دۆزەرەوەى دینەمۆى کارەبایى، نامەیەکى لەلایەن پەیمانگایەکى خوێندنى بوارى دینەمۆى کارەبایى پێگەیشت، تیایدا نووسرابوو (بەڕێزتان دەستنیشان کراون بۆ ئەوەى وەک دۆزەرەوەى دینەمۆ میدالیاتان پێ ببەخشین). (تسێلا) جارى دووەم نامەکەى خوێندەوە و زەردەیەکى کرد، وەڵامێکى ئاوا کورتى بۆ پەیمانگاکە نووسی: (زۆرم پێ سەیرە کە ئێوە من هەڵدەسەنگێنن، لەکاتێکدا بوونى ئێوە لە چوارچێوەى هزر و بەهۆى کار و دۆزینەوەکانى منەوەیە، بۆیە ناتوانم هەڵسەنگاندنم لە دامەزراوەیەک وەربگرم کە بەهۆى کارەکانى خۆمەوە دامەزراوە).
یەکەم زانکۆى کوردستان لە ساڵى ١٩٦٨ و ئێستایش کە ژمارەکەیان نزیکەى ٣٠ زانکۆ دەبێت، لە چوارچێوەى هزر و خەبات و تێکۆشانى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورددا هاتوونەتە بوون، کە (‏بارزانیى باوک و کوڕ و نەوە) ڕۆڵى سەرەکى و کاریگەریان لە هەڵگیرساندن و بەڕێوەبردن و پاراستن و سەرخستنیدا هەبووە، چونکە هەمیشە خەباتى ڕەواى گەلى کورد بۆ مافە ڕەواکانى ئەوەبووە کە شان بەشانى هەموو داخوازییە سیاسییەکان، داخوازییە زانستى و کەلتوورى و فەرهەنگییەکانیش بهێنێتە دى. بەڵێ بۆیە لە دانوستانەکانى سەرکردایەتیى شۆڕشى ئەیلوولدا شانبەشانى مافە سیاسییەکان، جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەى کە دەبێت زانکۆیش لە کوردستان دابمەزرێندرێت.
ئەم زانکۆیانەى ئەمڕۆى کوردستان بە زانکۆى ئەمەریکایى دهۆکیشەوە (کە چەند ڕۆژێکە لە دهۆک کرایەوە) بەرهەمى خەبات و ڕەنج و تێکۆشان و بیر و هزرى بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەى کوردن. بۆ ئەوە دامەزرێنران کە ڕۆڵەکانى کوردستان پڕپڕ لە زانست بکەن، کە نەوەیەکى خوێندەوار لە ئاستى پێداویستییەکانى گەلەکەمان و پرۆژەکانى سەرکردایەتییە سیاسییەکەى بن.
شانازییە بۆ نەوەیەکى وەک ئێمە لە چوارچێوەى ئەو هزرە زانستپەروەرییەى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا بووینە خاوەن بڕوانامەى ئەکادیمیى بەرز، بۆ ئەوەى بتوانین لە ئاستى داخوازییەکانى سەردەم و درێژەپێدەرى خەباتى ڕابردووى گەلەکەماندا بین.

هەواڵی پەیوەندیدار