٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

قۆستنەوەی دەرفەت

سەرچاوە: KDP.info

چاودێرێک

لە دیداری چوارەمی(sulaimanya forum) کە تەرخان کراوە بۆ باسکردنی بارودۆخی ناوچەکە دوای تێکشکاندنی داعش، سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی کوردستان کە لە ئەنجامی ساویلکەییی سیاسی و رق و کینەی بەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی و پیلانە سەرنەکەتووە یەک لەدوای یەکەکانی، نەهێڵرا لە رۆژی 12/10ەوە پێ بنێتەوە پایتەختی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان، هۆکارەکەی ئەوە بوو کە ئەو کەسە نەیدەزانی یان دەیزانی و بە مەبەست هۆڵی پەرلەمانی کردبووە گۆڕەپانی پیلانگێڕان، کە ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو بارودۆخی سیاسیی هەرێم بە شێوەیەک بشێوێنێ کە بە دڵی ناحەزانی هەرێم و دەستکەوتەکانی بێت، چونکە لەو رۆژەوەی دەستبەکار بووە لە پەرلەمان، رۆڵی سەرۆکی پەرلەمانی نەبینیوە، بەڵکوو وەک هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەکەی رەفتار و هەڵسوکەوتی کردووە و هۆڵی پەرلەمانی کردووه‌تە سەکۆی ململانێی حزبی و ئامانجی بەدیهێنانی پلانی بزووتنەوەکەی بووە، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ کاری بێ لایەنانەی سەرەکپەرلەمان نەدەگونجا و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەو هەموو قەیرانە دەستکردانەی نێو پەرلەمان کە کۆتایی بە وەدەرنان و دوورخستنەوەی خۆی هات.
سەرۆکی پەرلەمان دەبوو وەک سەرۆک پەرلەمانەکانی- هەر نەبێت- پێش خۆی رۆڵی بگێڕابایە و سوودی لە ئەزموونی ئەوان وەربگرتایە گەر نەڵێین دەبوو وەک سەرەکپەرلەمانەکانی ئەورووپا هەڵسوکەوتی بکردایە کە بێلایەنی دروشمی سەرەکییانە. سەرەکپەرلەمان راستە مرۆڤێکی حزبییە و بێلایەن نییە، بەڵام کە دێتە سەر ئەوەی رۆڵی سەرەکپەرلەمان بگێڕێت، ئەوسا ئیدی تەنها ئەندامی حزب نییە، بەڵکوو رێکخەری نێوان لایەنە جیاوازەکانی نێو پەرلەمانە و کار دەبێ بۆ پاراستنی یەکڕیزیی گەل و پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵات بکات کە ئەم زاتە هیچیانی نەکرد.
ئەوەتا ئێستا نایەوێت هەلی تێکدان و ناشیرینکردنی هەرێم لە بەرچاوی جیهان لە کیس خۆی بدات و بیری دەچێت بەرانبەر کێ دەپەیڤێت، بۆیە هەل دەقۆزێتەوە و لە دیداری سلێمانی هەرچی بەدەمیدا دێت دەیڵێت بێ ئەوەی گوێ بداتە بەرژەوەندی وڵات و تەنها کار بۆ بزووتنەوەکەی دەکات کە هەر ماوەیەک لەمەوبەر هانی خەڵکی دەدا کە بچنە سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی نێو پەرلەمان و داوای تەقەکردنی لە کونسوڵگەرییەکانی پایتەختی هەرێم و رفاندنی کرێکار و شارەزایانی بیانی دەکرد.
ئەوەتا لەو سووکە دەرفەتەدا چ وێنەیەکی رەشی هەرێمی نیشاندا و وایدەزانی لە هۆڵی پەرلەمانەو هانی لایەنگرانی دەدا بۆ ئاژاوەگێڕی و ئەوەی لە بیر خۆی دەبردەوە کە لە دیدارێکی گرینگی نێودەوڵەتیدایە و بۆ کێ سوخەنڕانی دەکات.
ئەوەی توانی لەو دیدارەدا نیشانی بدات، پەرۆشی بۆ عێراق و دژایەتیی ئاشکرای هەرێم بوو، تەنها و تەنها.
لە کۆتاییدا دەڵێین، دەبوو – ئەبو ئووسامە- لەو دیدارەشدا – مادام ماستەری لە تیرۆر هەیە- ئاماژەی بە پلانی بزووتنەوەکەشی بدایە بۆ رەنگڕێژی تیرۆر و تێکدانی رەوشی هەرێم کە گەر سەریبگرتایە، ئێستا لە سلێمانی داعش دیدارەکەی بۆ بەڕێوە دەبرد.

هەواڵی پەیوەندیدار