ئەرێ كێ قازانجی كرد، ئوجەلان، ئەردۆغان یا توركیا؟

نووسینی لەڤەنت گولتەكین
لەم رۆژانە لە توركیادا هەر كەس و بە پێی بەرەژوەندییەكانی خۆی هەوڵ دەدات تا لە مەسەلەی مانگرتن و كۆتایی هێنان بە مانگرتنەكە قازانجێك بۆ خۆی بە دەست بخات. لایەنگرانی بەدەپە و پەكەكە و ئەو كەسانە كە نزیكی پەكەكە و بەدەپەن دەڵێن مانگرتنە مێژووییەكە گەیشتە ئارمانجە سەرەكییەكانی خۆی. بە پێچەوانەوە ئاكەپە و كەسانی نزیكی ئاكەپە دەڵێن ئەمجارەیشیان ئەردۆغان بە سەر كەوت و قازانجێكی باشی لەم مەسەلەیە بە دەستهێناوە.
من بە پێچەوانەی لایەنگرانی پەكەكە، بەدەپە و ئەردۆغان و ئاكەپە بیر دەكەمەوە و دەڵێم ئەردۆغان و ئوجەلان ئەمجارە هەردووكیان سەركەوتنیان بە دەستهێنا و لە مەسەلەی مانگرتنەكەدا تەنیا یەك لایەن دۆڕاویەتی ئەویش توركیایە. لەم مەسەلەیەدا تەنیا و تەنیا توركیا زەرەری كرد.
چەندە دەستپێكردنی مانگرتنەكە هەڵە بوو، هەر ئەوەندەیش هەڵوێستەكانی ئەردۆغان لە بەرامبەر مانگرتن و مانگیراوەكانیش هەڵەبوون. هەڵویستی ئەردۆغان لە بەرامبەر مەسەلەی مانگرتن و مانگرتووەكان بریتی بوو لە یاریكردن بە هەستی هاووڵاتییە كوردەكان، بۆ زۆركردنی لایەنگر بۆ خۆی و زیندوو كردنەوەی مەسەلەی ناسنامەی توركی و جووڵاندنەوەی رای گشتی توركیا و بە شێوەیەكی دیكە ئاوكردن بە ئاشی مانگرتووەكان بوو، هیچ ئاگای لەوە نەبوو كە ئەو شتەی یاری پێدەكات ژیانی مرۆڤە یا مەسەلەی مان و نەمانی چەند كەسێكە، یا ئەردۆغان هیچ نەیدەویست لەگەڵ ئەم راستییەدا رووبەروو ببێتەوە. ئەردۆغان توانی دەیتوانی بەبێ ئەوەی كە یاری بە مەسەلەی خواردن یا نەخواردنی گیراوەكان بكات، هەوڵی بۆ تێگەیشتن لەم مەسەلەیە و نزیك بوونەوە لە هاووڵاتییە كوردەكان بدابایە، بەڵام ئەردۆغان ئەم رێگایەیشی هەڵنەبژارد و ئەمەیش بوو بە هۆكاری زۆرتر دوور كەوتنەوەی كورد لە ئەردۆغان.
ئەردۆغان دەیتوانی بە سیاسەتێكی نەرم و نیان هەم هاووڵاتییە كوردەكان نزیكی خۆی بكاتەوە هەم مەسەلەی مانگرتووەكان بەر لە دەستوەردانی ئوجەلان چارەسەر بكات، بەڵام سەرەڕای گوتارە حەماسییەكانیشی نەتەنیا ئەمەیشی نەكرد بەڵكو بەرەژوەندییەكانی توركیایشی رەچاو نەكرد. ئایا كەس هەیە كە حەز لەوەی نەكات كە بەر لە دەركەوتنی جەنازە یا جەنازەكان لە گرتووخانەكاندا ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكرێت؟
كێ چی دەڵێت با بڵێت تەنیا كەسێك كە توانی كۆتایی بە مەسەلەی مانگرتن بهێنێت ئوجەلان بوو و ئوجەلانیش بە پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەی كە لە توركیا دەكرێن، هێشتاكە هەر بە هێزە و بگرە رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و پەكەكە و بەدەپەیش ملكەچی ئەم زۆر و دەسەڵاتەی ئوجەلانن و ئوجەلانیش ئەگەر تا دوێنێ خاوەن پێگە و جەماوەرێكی كەم بوو ئەوا ئەمرۆ گومانی تێیادا نییە كە لە توركیا بەقەد سەرۆك وەزیران خاوەن پێگە و جەماوەرە. هەر چەند حكوومەت و بەدەپە و پەكەكە زۆر هەوڵیاندا كە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكەن، بەڵام نەیانتوانی. ئەوە بوو كە ئوجەلان بە یەك قسە كۆتایی بە مەسەلەكە هێنا و بگرە بە ئاراستەكردنی پەیامێكی دیكە وەكو فاكتەری هەرە بەهێز كاریگەری لە سەر سیاسەتی توركیا دروستكرد. ئوجەلان لەم پەیامەی خۆیدا گوتوویەتی" پێویست ناكات گیراوەكان دەست بە مانگرتن بكەن، بەڵكو پێویستە ئەوانەی دەرەوە دەست بە مانگرتن بكەن. ئەم پەیامەی ئوجەلان لە داهاتوودا كاریگەری یەكجار گەورە بە سەر سیاسەتی توركیا دروست دەکات. ئەمەیش بەرهەمی سیاسەتی هەڵە و هەڵویستی توندی سەرۆك وەزیری توركیایە.
ئەمن دەڵێم سیاسەتی هەلەی سەرۆك وەزیران، چونكە ئەردۆغان زۆر بە راشكاوی بە هاووڵاتییە كوردەكان و لایەنگرانی بەدەپە و پەكەكەی گوت "من تووڕە مەكەن ئەگینا جارێكی دیكە سزای ئیعدام دەگەڕێنمەوە و ئوجەلان ئیعدام دەكەم". ئەمە سیاسەتی هەڵەی سەرۆك وەزیرانی توركیایە و بێگومان زەرەری زۆری لە سەر پاشە رۆژی توركیا دەبێت.
پێویستە سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەم مەسەلەیە پێبەگیەنێت، كە چۆن دەبێت لە لایەكەوە لە رێگای میتەوە لەگەڵ ئوجەلان چاوپێكەوتن ساز دەكات و لە لایەكی دیكەیشەوە هەڕەشەی ئیعدام لە ناوبراو دەكات و رق و كینەی هاووڵاتییان گەرم دەكات؟
لە وتەكانی جێگری سەرۆكی ئاكەپە بولەنت ئارنج كە رۆژێك بەر لە كۆتایی هاتن بە مانگرتنەكە گوتبووی" لەم رۆژانەدا شاهێدی شتی باش دەبین، دەردەكەوێت كە سەرەڕای حەقارەت كردن لە مانگرتووەكان، هەڕەشە كردن لە ئوجەلان و بەهێزتركردنی تۆمی كین لە نێو كۆمەڵگەدا، دەوڵەت لەگەڵ ئوجەلان چاوپێكەوتنی ساز كردووە و لەگەڵ ئوجەلاندا پێكهاتووە. هەر بۆیە رۆژێك لە دوای لێدوانەكەی بولەنت ئارنج عەبدوڵڵا ئوجەلانیش بە ئاراستەكردنی پەیامێك داوای لە مانگرتووان كرد كە كۆتایی بە مانگرتنەكە بهێنن.
كاتێك كە بە وردبینی سەیری ئاراستەی رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی توركیا دەكەین، ئەم راستیەمان بۆ روون دەبێـتەوە كە لەم مەسەلەیەدا یەكەمین لایەنی سەركەوتوو عەبدوڵڵا ئوجەلانە، چونكە ناوبراو سەرەڕای نیشاندانی هێز و پێگەی خۆی، بە پێشكەشكردنی پەیامی كۆتایهێنان بە مانگرتنەكە، ئیعتێبارێكی یەكجار گەورەی لە نێو سیاسەتی توركیادا بۆ خۆی بە دەستهێناوە.
لایەنی دووەمی سەركەوتووی ئەم مەسەلەیە سەرۆك وەزیرانی توركیایە، چونكە سەرۆك وەزیرانی توركیا بە لێدوانە توند و حەقارەت ئامێزەكانی خۆی رووی راستی خۆی نیشانی هاووڵاتییە كوردەكان دا و لە بەرامبەریشدا رای گشتی رەگەزپەرەستە توركەكان كە تا ئێستا لە دژی ئەردۆغان بوو بۆ لای خۆی راكێشا.
ئەوەی كە لەم مسەلەیەدا زەرەری گەورەی كرد توركیا بوو، چونكە سیاسەتی توركیا وای لە هاووڵاتییە كوردەكان كرد كە چی دیكە خۆیان بە بەشێك لە توركیا نەبینن و هاوكات ئەوەیش بۆ هاووڵاتییە كوردەكان روون بوویەوە كە توركیا بە هەر هەموو هێزی خۆیەوە هێشتاكە هەر لە دژی كوردە و فوبیای هەبوونی كورد و ناسنامەی كوردی هێشتاكە لە توركیا فوبیایەكی بەهێز و كاریگەرە.
سەرچاوە- گازەتەجیلەر




