مالیكی دنیا لە خۆی توڕە دەكات

كەریم قادر
لە ئەنجامی سیاسەت و رەفتارەكانی دژ بە دەستوور و دژ بە هەوڵی بونیادنانەوەی عێراقێكی نوێ، كە جێگەی هەمووانی تێدا بێتەوە، گوشارە ناوخۆ و دەرەكیەكانی سەر مالیكی تۆختر دەبنەوە.
لە بەرامبەر هەرێمی كوردستاندا، كە رۆڵێكی گەورەی هەم لە پرۆسەی ئازادی و پرۆسەی سیاسی عێراق و هەم گەیاندنەوەی مالیكی بە كورسی دەسەڵاتەوە هەبووە( بە پێی رێككەوتنی هەولێر) دژایەتیەكانی زۆر زەق و تاقەتبڕن، ئارامگرتن لە قەوام نەماوە و سەرجەم هێزە سیاسیەكانی كوردستان بە هەموو رەنگەكانەوە لێی نیگەرانن، چونكە ئەو دژایەتی تەواوی مافەكانی كوردستان دەكات و نایەوێ پێشبكەوێ. بە پێچەوانەوە هەر دەیەوێ هەرێمی كوردستان چاو لە دەستی بەغدا بێت و فەرمان لە ئەو وەربگرێ. ئەمەش خەونێكە، ئەگەر هەندێ لە سیاسەتوانیش بە لایەنەوە پەسند بێت، بەڵام (نەوەی راپەڕین، نەوەی ئازادی و خۆشگوزەرانی) پێیان قبوڵ نییە و رێگە نادەن بێتەدی.
ئەمجارەش بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە نوێترین راگەیاندراویدا لەبارەی ئەو فیتنەیەی رۆژی هەینی رابردوو مالیكی لە رێگەی پۆلیسی فیدراڵیەوە بە پاڵپشتی قیادەی عەمەلیاتی دیجلەوە لە خورماتوو نایەوە، كە هاووڵاتیەك شەهید و ژمارەیەك پۆڵیسیش بریندار بوون هۆشداری ئەوە دەدات، كە هەوڵی وا لەئارادان شیرازەی پەیوەندی دۆستانەی كورد و عەرەب بەگشتی و كورد و شیعە بەتایبەت تێك بدرێت ، بۆیە داوا لە هاوپەیمانی نیشتمانی و برایانی شیعە دەكات بە جدی ئاگاداری ئەو پیلانە بن و هەموو تواناكانیان بخەنە كار بۆ شكست پێهێنانی.
هاوكات هۆشداری بە گەلی كوردیش دەدات، كاتێك لەو راگەیاندراوەدا داوا لە گەلی كوردستان دەكات ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر رووداوێكی نەخوازراو و كاركردن بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو پیلانانەی كە بەرامبەر كورد و ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێن.لەوەدا دڵنیام هەموو خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی كوردستان دان، چونكە لەبارەی پەیوەندی جەماوەر و سەرۆك و پاراستنی هاووڵاتیانەوە ئەزموونمان هەیە.
بە دیوێكی دیكە ئەمڕۆ لەبەر زۆر هۆكار پێگەی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە سەنگینە و فەرامۆش ناكرێ، لە ناوەوەش لەسەر خاكی كوردستان خاوەن هێزیكین، كە بە زەبر و پڕ لە تاقەتە و بۆ بەرەڤانی لە خاك و خەڵك دەست قوڕسە. خاوەن سەرۆكێكە (سەرۆك بارزانی)، كە بە دەنگی جەماوەر هەڵبژێردراوە، هەموو خەباتی بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی كورد بووە، بەو سەنگە نێودەوڵەتی و هەرێمییەی لە هاوكێشەی ناوچەكەدا هەیەتی، نەك هەر لێناگەڕێ كورد جارێكی دیكە زەلیل بێتەوە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی كورد دەستی كراوەتر دەبێت. بۆیە توڕەكردنی كورد، واتە سەرەوژێربوونی پرۆسەی سیاسی و لەبەریەك هەڵوەشانی عێراق، نەخاسمە بەرنامەی دابەشكردنی عێراق بۆ (سێ یا زیاتر) ویلایەتی فیدراڵی ئامادەیە.
لەناو ئیئتیلافی هاوپەیمانی شیعە، كە بە قەولان پاڵپشتییەكی بە هێزی ئەوە، كەسانێكی زۆر لەو سیاسەت و رەفتارانە نیگەرانن، كە مالیكی و كەسە نزیكەكانی بۆ داگیركردنی كورسی حكومڕانی و چارەسەركردنی تەنگژەكان و پەراوێز خستنی ئەوانیدی پەیڕەوی دەكەن. ئەم نیگەرانییە سیاسەتوانانی تێپەڕاندووە، ئەوەتە لە لایەن گەورە مەرجەعی شیعەی عێراقەوە، لە مەسەلەی حكوومەتی زۆرینە و گۆڕینی (خۆراك بە پارە) بە ئاشكرا دەركەوت و ئەو هەنگاوانە زۆر بە توندی رەتكرانەوە. ئەگەر ئەو رەتكردنەوەیە مانایەك بدات، ئەوە بە مانای رەتكردنەوەی هەموو هەنگاوێكی ئیداری و سەربازی و سیاسییەوە دێت، كە لە لایەن مالیكیەوە دەهاوێژرێن. بە پێی هەواڵەكانیش بێت هەر یەك لە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی و ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق، بە شێوازی خۆیان لەسەر ئەو سیاسەتە نا عێراقیانە هۆشداریان بە مالیكی داوە، كە بەم سیاسەتە و بە دژایەتی كردنی هەرێمی كوردستان پرۆسەی سیاسی بەردەوام نابێت.
لە بەرامبەر عەرەبی سونەش، كە پێكهاتەیەكی گرنگی عێراقە هەست بە دووروویەك دەكرێ، كاتێك بۆ لێدانی بەرامبەرەكانی پێویستی پێیان بێت بە پارە و هەستی عەرەبایەتی بەكاریان دێنێ، بە تایبەتی لە ناوچە دابڕێندراوەكان. دواتر كە مەبەستەكەی پێكا بە تۆمەتی پشتیوانی كردن لە گرووپە تیرۆریستەكان یا زیندانیان دەكات یا لە بەغدا دووریان دەخاتەوە. وەك ئەوەی بەرامبەر تاریق ئەلهاشمی كردی.
لە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ، ئێران و سوریای لێدەربچێت نێوانی لەگەڵ ئەوانیدی نارێكە، هەمیشە لەگەڵیاندا لە شەڕە قسە دایە و دژی بەرژەوەندییەكانیان هەنگاو دەنێ. ئەمەش بە نۆرەی خۆی باری حكوومەتەكەی قوڕستر كردووە.
لە بەرامبەر ئەمەریكاش، بەو پێیەی لە پرۆسەی ئازادی عێراق لە دەست دیكتاتۆری سەدام رۆڵی هەبووە و رێككەوتنی سەربازیش (سۆفا) لە نێوانیان دا هەیە ، بەڵام مالیكی دەمێكە بە هۆی سیاسەتەكانی ئەو وڵاتە گەورەیەی لە خۆی توڕە كردووە، لە لایەك خۆی لە داواكاریەكانی ئەمەریكا دەدزێتەوە، لە لای دیكەوە بۆ بچوكترین داوای ئێران دەكەوێتە سەر چۆك. وەك ئەوەی لە مەسەلەی عەلی دەقدوقی دەست سوور بە خوێنی سەربازانی ئەمەریكا بینیمان. سەرەڕای داواكاری ئەمەریكا بۆ رادەستكردنی دەقدوق و خستنەرووی بەڵگەنامەی تاوانەكانی، بەڵام ئەو ئازادی كرد. هەروەها ئەنجامدانی گرێبەستی نەوت لەگەڵ كۆمپانیای سی ئێن بی سی_ چینی و لۆك ئۆیلی رووسی، كە دوو هێزی دژ بە سیاسەتی ئەمەریكا بوون لە عێراق، لە رووخانی رژێمی بەعس نەك خوێنیان نە بەخشیووە، ئارەقەشیان نەكردووە. ئەم هەنگاوانەی مالیكی بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ویست و بەرژەوەندی ئەمەریكا نایەتەوە. وەكیدی ئەمەریكاش ئامادە نییە ئەوەی بە خوێن و سومعەی خۆی لە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقیەكانی دیكە كردوویەتی، گورگان خواردی بدات. بۆیە لە كۆتاییدا، ئەمەریكا ناچارە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەنگاوی جددی دژ بەم سیاسەتەی مالیكی باوێ، دوا هۆشداری و پێشنیاری جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ مالیكی ( وەك ئەوەی لە رۆژنامەی ئەلسیاسەی كوێتی بڵاوكراوەتەوە) بەشێكە لەو هەنگاوە جددیە، كە ناكرێ ئەوەی ئەمەریكا لە ماوەی ئەو 10 ساڵە لە عێراق كردوویەتی بكرێتە سووتەمەنی ئەو سیاسەتە نا عێراقیانەی مالیكی، كە دژ بە بەرژەوەندییەكانی هەمووانە.




