لە 37 مین ساڵیادی كۆچكردنیدا.. بونیاتنانی دەوڵەت لە فیكری بارزانی مستەفادا

فهرهاد محهمهد
باوكانی دامەزرێنەری بیری نەتەوەیی لەنێو تەواوی نەتەوەكانی جیهاندا، ئەگەر لە یەك سەردەمیشدا پێكەوە نەژیابن یان یەكتریشیان هەر نەناسیبێت، بەڵام كاتێك لە فیكر و گوتەكانیان بەراوردیان دەكەین، هەست دەكەین لێكچوونێكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە.
هەر بۆ نموونە كۆلۆنێڵ رالف پیتەرز، لە دیمانهیهكی گۆڤاری گوڵاندا، وهك پهیامێكی دۆستانه، گوتەیەكی بنجامین فراكلینمان ئاراسته دهكات، كە یەكێكە لە باوكانی دامەزرێنەری كۆماری ئازادیی ئەمریكا، كه دەڵێت: بەڕێزینە، پێویستە پێكەوە یەكگرتوو بین، ئەگەر نا بە دڵنیاییەوە بە پەرتەوازەیی لەناو دەبرێین) رالف پیتەرز پێمان دەڵێت، ئەمە پەیامی منە بۆ كوردانی دۆستم، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە كوردستانی ئازاد بكەن كە ئێستا بە واقیعی بوونی هەیە و هێشتا ددانی پێدا نەنراوە.
هەروەها ئەگەر گوتەی كاریزمایەكی دیكەی وەك نیلسۆن ماندیلا بە نموونە بهێنینەوە كە ئەویش هەر ئامانجی دامەزراندنی كۆمارێكی ئازاد بووە بۆ رەشپێستەكانی باشووری ئەفریقیا، دەبینین دروشمی سەرەكیی ماندیلا بۆ گەلەكەی، بریتی بووە لەوەی frown emoticon پێكەوە بە یەكگرتوویی دەبینە خاوەنی هێز).
لێرەوە ئەگەر سەیری بنەمای فیكری بیركردنەوەی بارزانی مستەفا بكەین، دەبینین هەموو كات ئەم دێڕە شیعرەی ئەحمەدی خانی مامۆستای بیری نەتەوەیی وێردی سەرزاری بووە كە دەڵێت:
گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەك.. ڤێگرا بكرا مە ئینقیادەك
تەكمیل دكر مە دینو دەولەت.. تەحلیل دكر مە عیلمو حیكمەت
ئەگەر سەرنج لەم سێ گوتەیە بدەین، كە گوتەی سێ كاریزمای سێ نەتەوەی جیاوازن، ئەوا هەست دەكەین، ئامانجی هەموو سەرۆكێكی كاریزمایی، بیركردنەوەیە لە یەكڕیزیی گەلەكەی بۆ بونیادنانی كۆمارێكی ئازاد بۆ نەتەوە، هەموو ئەم كاریزمایانەش بە درێژاییی مێژووی نەتەوەكانی جیهان ئەگەر خاوەنی حزبی سیاسیی خۆیشیان بوون، لە زۆر حاڵەتدا سەركردەی كاریزمی لەگەڵ حزبەكەی خۆیشیدا كێشەی هەبووە، ئەگەر حزبەكەی بەرژەوەندیی حزبی خستبێتە سەرووی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەكەی، ئەوا سەرۆكی كاریزمای نەتەوە پشتگیریی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەكەی كردووە و بڕیاری حزبەكەی جێبەجێ نەكردووە، یان زۆر جار بە پێچەوانەی حزبەكەی بڕیاری داوە.
لەم روانگەیەوە ئەگەر سەیری چەمكی حزب بكەین، لە فیكری بارزانی مستەفادا وەك ئامرازێك بۆ بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت، ئەوا دەبینین بە پێچەوانەی هەموو ئەو پێناسە ئایدلۆژیانەی بۆ حزبی سیاسی دەكرێت، حزب لە فیكری مستەفا بارزانیدا، مانای نوێنەرایەتیكردنی تەواوی گەلی كوردستانی هەبووە، نەك تەنیا بەشێك یان چینیك یان ئایینێك، هەر لەسەر ئەم بنەمای چەمكی یەكگرتن و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی تەواوی چین و توێژەكانی گەلی كوردستان، بارزانی مستەف،ا پارتی دیموكراتی كوردستانی لە یەكگرتنی كۆمەڵێك حزب و بەشداریپێكردنی كەسایەتییە ناودار و نیشتمانییەكانی كوردستان دامەزراند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دوای ئەوەی كۆماری كوردستان لە 1946 لە مههاباد رووخا و چووە یەكێتیی سۆڤیێتی پێشان، یەكەم بەرنامەی بارزانی مستەفا لە كۆنگرەی باكۆ، دووبارە هەوڵدان بوو بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و بەرنامە دانان بووە بۆ دامەزراندنەوەی جمهوریەتی كوردستان، هەموو ئەمانەش پێكەوە ئەو راستییەمان لە فیكری مستەفا بارزانیدا بۆ ئاشكرا دەكەن، كە بارزانی مستەفا هەموو ئەو توخمانەی لەبەردەستیدا بوون بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، وەك ئامرازێك رێكیخستوون و بەكاریهێناون بۆ بونیادی ژێرخانی دەوڵەتی كوردستان و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، هەر ئەم ئامانجە كە بونیادی دەوڵەتی كوردستانە، وایكردبوو بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدات یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان درز و كەلێنی تێبكەوێت، ئەگەر لە یەكێك لە قۆناخەكانی خەباتدا درزێكیش كەوتبێتە نێو یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، ئەوا بارزانی مستەفا چاوی لە هەموو شتێك دەپۆشی دووبارە نێوماڵی كوردستانی رێك دەخستەوە.
ئەم بۆنەیە و ئەم پاشخانەی فیكری بارزانی مستەفا گرینگ بوو، كە هەڵوەستەیە بكەین بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین چەمكی دەوڵەت و بونیادنی دەوڵەت لە فیكری مهسعوود بارزانیدا چۆن رەنگی داوەتەوە و ئەو نهێنییە چییە كە سەرۆك مهسعوود بارزانی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی ئەم ئامانجە كردووهتە قوربانی و، لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان هەموو قوربانییەك بدات.
سەرۆك مهسعوود بارزانی كە لە ئێستادا درێژەپێدەری هەمان فیكر و ئامانجی نەتەوەیە، كە پێش ئەو بارزانی مستەفا رێبەرایەتیی كردووە، دەبینین سەرۆك مهسعوود بارزانی بەهەمان شێوەی بارزانیی نەمر و تەواوی باوكانی دامەزرێنەری فیكری نەتەوەیی نەتەوەكانی جیهان، چەمكی دەوڵەت و بونیادنانی دەوڵەتی تەنیا لەیەك وشەدا چڕ كردووهتەوە كە ئەویش، یەكگرتن و یەكڕیزیی گەلی كوردستانە و دروشمی سەرەكیی خەبات و تێكوشانی سەرۆك مهسعوود بارزانییش، لە یەك رستەدا خۆی بەرجەستە دەكات كە بریتییە لەوەی (ئەگەر یەكگرتوو بین هیچ هێزێك نییە بتوانێت كورد تێك بشكێنێت)، كەواتە ترسی گەورەی سەرۆك مهسعوود بارزانییش لە لێكترازان و پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردستانە، بۆیە سەرۆك مهسعوود بارزانییش بە هەمان شێوەی بارزانیی نەمر و سەرۆكە كاریزماكانی نەتەوەكانی دیكە، لەپێناوی پاراستنی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان، زۆر جاران غەدری لە پارتی كردووە و سازشی لەسەر ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی پارتی كردووە، بۆ ئەوەی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بپارێزرێت.
بۆ ئەم قۆناخە هەستیار و ناسكەی ئێستا، كە وێڕای قەیرانی دارایی و شەڕی بەرفراوانی تیرۆریستانی داعش، میللەتەكەمان بە ئومێد و گەشبینییەوە بۆ ئایندەیەكی موژدەبەخش دەڕوانێت، ئەركی سەر شانی هەر تاكێكمانە كە وەك خۆی لە مانای دەوڵەت و بونیادنانی دەوڵەت لە فیكر و بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی تێبگەین و، هاوكاری راستەقینەی بین بۆ ئەوەی دووبارە یەكریزی و یەكهەڵوێستی بگێرینەوە بۆ نێوماڵی كوردستان و كۆتایی بە پەرتەوازەیی و تێڕوانینی تەسكی حزبایەتی بهێنین، لەبەر ئەوەی پەرتەوازەیی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بەرەو هەڵدێر و فرسەت لەدەستدانمان دەبات. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر كەسانێك یان حزبێكی سیاسی، ئەم خەمخۆریەی سەرۆك بارزانی بۆ یەكڕیزیی ماڵی كوردستان و چاوپۆشیكردن لەو هەموو زێدەڕۆییەی بەرانبەر شەخسی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، بە لاوازی لێكبدرێتەوە، ئەوا دەبێت ئەو كەس و لایەنانە ئەو راستییە مێژووییانەیان لە بەرچاو بێت، كە كار گەیشتە ئەوەی پشوودرێژی و لێبووردەیی خەڵكانێك بە هۆش خۆیان ناهێنێتەوە، دەبێت بزانن كە سەركردە كاریزماییەكان كە كار گەیشتە سەر لەتبوونی كردەیی نەتەوە، بڕیاری زۆر قورس و بوێرانە دەدەن، وەك بڕیارەكانی ئەبراهام لنكۆڵن و دیگۆل و ماندیلا و بارزانیی نەمر بۆ یەكگرتنەوەی یەكڕیزیی نەتەوە.
لەم بۆنەیەدا كە 37 ەمین ساڵیادی كۆچی رابەری نەتەوەییمان بارزانی مستەفایە، هیواخوازین هەموو لایەك سوود لە ڕووە لێبووردەیی و پشوودرێژییەكەی سەرۆك مهسعوود بارزانی وەربگرین، نەك ناچاری بكەین بۆ رێگرتن لە لێكترازانی تەواوی ماڵی كوردستان، بڕیاری هاوشێوەی لنكۆڵن و دیگۆل و ماندیلا و بارزانیی نەمر بدات.




