مەبەست لە چاکسازیی و مەبەست لە "گەندەڵی"

حوسێن كوردنهژاد
دەگوترێ ئەگەر سامان هی گشت بوو، یانی هی هەموو کەسە و ئەگەر هی هەموو کەس بوو، یانی هی کەس نییە و ئەگەر هی کەس نەبوو یانی هەموو کەس بۆی هەیە بیبات. ئەمە جەوهەری ئەو سیاسەتەیە کە دەتوانێ بەشێکی زۆر لە گرفتەکانی سیاسەتی کوردی لە پێوەندی لەگەل ساماندانی ئیدارە و ئابووریی وڵاتدا چارە سەر بکات.
چەمک هەیە وەک مێتافۆر بە کار دێت، واتای گەورە و پێگەی بەرچاو لە گوتاری کۆمەڵگا، سیاسەت و... دەگرێت. مێتافۆر بیر ئاراستە دەکات، دەبێتە بەشێک لە گوتاری میللەت وەک – کەرکووک دڵی کوردستان- کارکردی ئەم گوتنە تەنیا دەربڕینی هەست نییە، بەڵکوو گرینگتر لەوە، شکڵدانە بە گوتاری سیاسی و نەتەوەییی کورد سەبارەت بە کەرکووک و جێگیرکردنی کەرکووک و چارەنووسی کەرکووکە لە گوتاریی نەتەوەیی کورددا.
هەروەها کە چەمک و مێتافۆر دەتوانن دەوری پۆزهتیڤ بگێڕن، دەتوانن دەوری تێکدەریشیان هەبێ، سەر لە گوتار و خەڵک بشێوێنن. پەروەردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا تێک بدەن. چەمکێکی لەو بابەتە کە لە کوردستاندا دەوری تێکدەری هەبووە بریتییە لە: گەندەڵی.
لە دەستپێکی سەرهەڵدانی گەلاندا بەرەو پرۆسەی بە میللەتبوون، نە كارهكتهرهكان و نە پێکهاتەکانی ئیدارەی وڵات و نە باری ئەنیستیتوشناڵ و یاسایی، هیچیان جێگیر نین، گشت ئەمانە هەنگاو بە هەنگاو لە پرۆسەیەکی دووردرێژدا جێگیر دەبن کە جێگیر بوون هەڵسوکەوت لە دەرەوەی چوارچێوەی داڕێژراودا دەبێتە کاری نایاسایی. کە وابوو یاساییبوون و نەبوون لە پێوەندی لەگەڵ بوونی یاسا و دامودەزگاکانی پێوەندیداردا پێناسە دەکرێت. ئەم پرۆسەی میللەتسازی و بوون بە میللەتە دوورودرێژە، بەڵام ژیان لەو پرۆسەیەدا ڕاناوەستێت. لەم ماوەیەدا گشت کۆکردنەوەی پارە، سەرمایە و دەستەڵات لە مێژووی میللەتاندا بە پرۆسەی- ئەکیومۆلە-کردنی سەرمایە و دەستەڵات ناوزەد دەکرێت، بەشێکی زۆری ئەوەی کۆ کراوەتەوە، دەچێت بۆ چەسپاندنی بناغەکانی ئەوەی چوارچێوەی یاسایی و ئەمنی و سیاسییەوە کە نەتەوەی لەسەر دادەمەزرێندرێت. بەڵام گشت سامانی کۆکراوه، خەرجیی دابینکردنی ژیان و پاشهڕۆژ بۆ خەڵک نابێت، بەڵکوو لەسەر مەنتیقی دەستپێکی ئەم نووسینە، بەشێک حەیف و مەیل دەکرێت. کەوابوو نابێ ئەم دوو کاتاگۆرییە لە پرۆسەی کۆکردنەوەی کاپیتاڵ لە لایەن كارهكتهرهكانهوه تێکەڵ به یهكهدی بکەینەوە.
کە هاتوو و تێکەڵمان نەکرد، دوو سیاسەتی بە جەوهەر جیاواز، خۆی نیشان دەدات.
یەکەم: سیاسەتی سازکردنی وڵات و نەتەوە و پاشهڕۆژ بە دیاریکردنی خاوەن سامان لە گشت ئاستەکانی ژیانی گشتیدا، یان بەرپرسی ئیدارەی سامان لە سیاسەتی گشتیدا؛ بۆ ئەمە کە لێمان دیار بێ چی هی کێیە و کێ بەرپرسی ئیدارەی چییە. ئەگەر باسی چاکسازیی کرا ئەمەیان مەبەستە.
ئەمەیان پرۆسە و ئەرک و سیاسەتێکە. ئەوەی دووەم:
زیاتر گرێدراوە بە دەستەڵاتی قەزا و گرتنی کەسانی تاوانباره کە بە زمانی سادە دەگوترێ دزییان لە ماڵی گشتی کردووە. سەردەستهی چەمکی –گەندەڵی- لە موناقهشهكانی باشووردا چەمکێکی ناڕوون و زیانبەخەشە. یەکەم:
لەبەر ئەوە کە ئەم دوو کاتاگۆرییە لە یەک جیا ناکاتەوە و، گشتیان وەک دز دەبینێت و پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و میللەت سازکردنیش وەک پرۆسەیەکی دزگرتن چاو لێ دەکات، بۆیەشە ناکۆکی بێ موناسهبەت دروست دەکات. ئەم تێگەیشتنە چەوتە سیاسەتێکی تێکدەر بەرهەم دەهێنێت.
دووەم: لایەنی کار بۆ دامەزراوەییکردنی وڵات لە درێژخایەندا پەک دەخات. بە گشتی تێگەیشتنی خەراپ و بەکارهێنانی چەمکێکی لەم جۆرە کاری ئێستا و پاشهڕۆژمان دەشێوێنێت. پەیڕەوەیکردنی سیاسەتی دەرهاویشتە لە تێگەیشتنێکی ئاوها چەوتدا دیارە بەدبینی، بێهیوایی و لاوازیی متمانە و لاوازیی ئەوەی پێ دەگوترێ وڵات خۆشەویستی – ئینتیمای نیشتمانی- بەرهەم دەهێنێت. بۆیە گرینگە سهرنج بدەین بە پرۆپاگاندا بۆ چەمکی -گەندەڵی- و سەردەستکردنی ئەم چەمکە لە واتای -دزگرتن-ی خۆیدا لە گوتاری رۆژانەی سیاسیی باشووردا. ئەگەر من دوژمنی کورد بام، دەمگوت با ئەو موناقهشەیە پەرە پێبدەین.
بۆیە حەیفە بە نەزانییەوە خۆمان تووشی گرفت کەین و، لەبەر بە هەڵە تێگەیشتن، ژیان لە خەڵک تێک بدەین. بەشێکی زۆر لە خیلافاتی ئەحزاب لەسەر ئەم بنەما نادروستەیە، ئەگەر هاتوو لایەنێک هەموو کارەکان بە دزیی تێگەیشت، دیارە دەکەوێتە دژایەتی و نەسازان و ئەگەر هاتوو لایەنەکان ئەم دوو لایهنهی جیاوازیی پرۆسەی کۆکردنەوەی سەرمایە و دەستەڵاتی لە پرۆسەی بە میللەتبووندا لە یەک جیا کردەوە، ئەودەم زۆر شت ئاراستەی بەننا لەخۆ دەگرن. لەم بوارەدا ئۆپۆزیسیۆن و ئەحزابی حاکم لە رووی تیئۆری و شیکردنەوەی ئەو چەمکەوە سەرکەوتوو نەبوونە. هیوا ئەوەیە کە ئێستا کە سەرۆکی هەریم داوای چاکسازیی کردووە، رێنۆێنیی سەرەکیی کار، بریتی بێت لە دەستنیشانکردنی ئەمە کە: لە گشت دەوایر و ئیدارات و یەکەکانی بەڕێوەبەریی ئەم وڵاتەدا کێ بەرپرسی چییە، کێ خاوەنی چییە؟ و کێ بەرپرسی ئیدارەی چییە؟ ئەگەر بەم جۆرە بیکەین، لەم پرۆسەیەدا هەنگاوی گەورە دهنرێت بەرەو ئەوەی پێ دەگوترێ بە موئەسهساتیکردنی وڵات.




