٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەبەنگی

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

بەهاری عەرەبی لە ڕاستیدا بەهار نەبوو، دەستپێكی سەردەمێكی تاریك بوو بۆ گەلانی ناوچەكە. توندڕۆیی و وەحشیگەریی داعش هێندەی تر ناوچەكەی ئاڵۆز كرد و ژیانی هەڵتەكاند. شیرازەی ژیان لە لیبیا و یەمەن و میسر و عێراق و سووریا و شوێنەكانی تر تێكچووە. لە سووریا دوازدە ملیۆن مرۆڤ ئاوارەن و نیو ملیۆنیش گیانیان داوە. دیمەنەكان لە یەمەن و لیبیا كارەساتبارن، لە ناوچە سوننەنشینەكانی عێراقدا ژیان مانای نەماوە. هەموو ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ چاوەڕێی قووڵتربوونی كارەساتەكان و درێژەكێشانی ئەم دۆخە تڕاژیكە بێت.
خەمساردیی زلهێزەكان لە چارەسەركردنی گرفتەكان و دەستێوەردانی بێسنووری هێزە هەرێمایەتییەكان بەو مانایە دێت، كە هەموو لایەك مەبەستیەتی قەیرانەكان درێژتر و قووڵتر ببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین بەرژەوەندیی بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن. ئێران دەیەوێ لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی ناوچە سوننەنشین و كوردنشینەكانی عێراق و سووریا دەستی بگاتە دەریای ناوەڕاست و، ببێتە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرایل و توركیا و، بەرژەوەندییە ستراتیژییە درێژخایەنەكانی مسۆگەر بكات. حكوومەتی عێراق دەیەوێ بوونی سوننە لە عێراق بگاتە نزمترین ئاست و هەرێمی كوردستانیش بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه‌. توركیا دەیەوێ ڕێگە لە پەلهاوێشتنی ئێران و دەستوپێیەكانی بگرێت. بەشار دەیەوێ بە هەر نرخێك بێت لە دەستەڵاتدا بمێنێتەوە. وڵاتە عەرەبییەكان نیگەرانی دۆخەكەن و، لە ڕێی دەستتێوەردان و ئاڵۆزكردنی دۆخەكە دەیانەوێ بەشار نەمێنێت و ئێرانیش بە ئامانجەكانی نەگات. ڕووسیا دەیەوێ لە ڕێگەی هێشتنەوەی ئەسەد پێگە ستراتیژییەكەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بهێڵێتەوە. وڵاتانی زلهێز دەیانەوێ بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و فرۆشتنی چەك زۆرترین قازانج لەم دۆخە نالەبارە بكەن.
پێدەچێ هەوڵی وڵاتان بۆ هەڵێنجانی بەرژەوەندی لەم قەیرانە قووڵە ئاسایی بێتە بەرچاو، چونكە وڵاتان سیاسەت دەكەن و سیاسەتیش كاركردنە بۆ مسۆگەركردنی بەرژەوەندی.
مامەڵەی كوردستان لەگەڵ ئەو قەیرانە بەربڵاوە ژیرانە بوو. كوردستان بە بەرخودانێكی بێوێنە توانی داعش بشكێنێ و سۆزی جیهانیان ڕابكێشێت و، گەورەترین هاوپەیمانێتی دژی داعش بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆك بارزانی بەرپا بوو. لەم شەڕەدا كوردستان توانی جیۆگرافیا و سنوورەكانی خۆی ئازاد بكات و ئەوە دەستكەوتێكە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
بەهێزترین هەنگاوی كورد بۆ سوودوەرگرتن لەم بارودۆخە، كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك بارزانی بوو لە 18ـی 5ـی 2015. لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی درا. بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێ لەم دۆخە ئاڵۆزەدا بە یەكگرتوویی سوود لە پێشهاتەكان وەربگرێت. ئەركی كۆمیتەكە كە لە نوێنەرانی حزبەكان و پارلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم پێك دەهات، كاركردن بوو بۆ سەربەخۆیی و بڕیاردان لەسەر سیستەمی سیاسیی هەرێم و یەكخستنی پێشمەرگە و ئابووریی سەربەخۆیی بوو. داڕشتنی پلانێكی ستراتیژیی هەمە لایەنە بوو بۆ سەربەخۆیی و سیستەمی سیاسی. ئەگەر هاتبا و كۆمیتەكە سەریگرتبا، ئێستا كوردستان لە دۆخێكی باشتری سیاسی بوو و وەك كارەكتەرێكی بەهێزی ناوچەكە دەمایەوە.
ڕووداوەكانی دوای ئەو كۆبوونەوەیە پێچەوانەی ستراتیژی نیشتیمانیی كوردستان بوو. ئێستا كە هەموو وڵاتانی دنیا سەرقاڵی ئەوەن چۆن لەم قەیرانە قووڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرژەوەندییەكانی خۆیان بچەسپێنن، كورد خەریكی لاوازكردن و ئابڕوبردن و شكاندنی یەكترییە و، چاوی خۆی بە ڕووی گۆڕانكاری و ڕووداوە پڕبایەخەكانی دەروووبەردا بەستووە. پەكەكە بە سیاسەتە هەڵەكانی پڕۆسەی سیاسیی كوردی لە باكوور وەستاند و، لە ڕۆژئاوا تاكڕەوانە كار دەكات و بەردەوامیش سەرئێشە بۆ باشوور و پێشمەرگە دروست دەكات. ئێستا پەكەكە خزمەتكارێكی خۆڕایی بەرژەوەندییەكانی هەر چوار وڵاتی داگیركاری كوردستانە. تەسكبینی و گەمژەیی لایەنە سیاسییەكانی باشوور و پشتگوێخستنی سەربەخۆیی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، زەبرێكی كوشندە لە ئاییندەی كوردستان لە ناوچەكە دەدات. ئەو ڕەفتارەی حزبە كوردییەكان بۆ ڕووخاندن و سووككردنی وڵاتەكەیان دەیكەن، مایەی سەرسووڕمانی چاودێرانی بیانییە. ئەگەر حزبە كوردییەكان لەم دەبەنگییەی خۆیان بەردەوام بن، دۆڕاو و زیانمەندی سەرەكی، كوردستان دەبێت و براوەیش نەیارانی كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار