٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كاكەمین نەجار: بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق جووڵەی سەربازی نابێ بۆ كێشەی ناوخۆیی بێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان (كاكەمین نەجار) بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی بەغدا و سەرۆكوەزیرانەكەی (نووری مالیكی) بۆ مێژوو بگەڕێنەوە و ئەزموونی لێ وەربگرن.

(كاكەمین نەجار) كە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتەكەیەتی لە هەولێر، لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا دەڵێ: "هیچ میللەتێك بە هێزی چەكداری و هەڕەشە لەناو ناچێت، حكوومەتی زۆرەملێ باوی نەماوە."

* هۆکار چی بوو ماوەیەك بەر لە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لە سەرەڕۆییەكانی (مالیكی) كرد و ئگاداری حكوومەتی ناوەندیشی كردەوە، بەڵام لە ناوخۆ و لە دەرەوەی هەرێم هەندێك لایەن بە ئاڕاستەیەكی دیكەیاندا خوێندنه‌وه‌یان بۆ کرد؟

- ئەوە نیشانەی حیكمەتی سەرۆكی هەرێمە، كە پێش جەماوەر و نوخبەی سیاسیی وڵات هەستی بەو مەترسییە كردووە، كەسی سیاسییش دەبێ پێش ڕووداوەكان بكەوێت، هەر بۆیەیش (سەرۆك بارزانی) لەمێژە هۆشداریی لەسەر پێشێلكارییەكانی بەغدا و بە دیاریكراوی (مالیكی) داوە.

كۆمەڵێك پرسی وەكوو ماددەی (140) و پێشمەرگە كە لە دەستووردا هاتوون، جێبەجێ نەكراون، (مالیكی) لەبری جێبەجێكردنی ماددەی (140) كێشەی نوێ دروست دەكات، بۆ ئەوەی هەرێمی پێوە سەرقاڵ بكات.

چونكە بە باوەڕی من دروستكردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە عورفە و ڕادەستكردنی سێ پارێزگا بە كەسێكی عەسكەری پێچەوانەی هەموو ڕێككەوتن و پێشكەوتنەكانە، چونكە ئەو ناوچانە خۆیان پارێزگا و لایەنی ئەمنیی پێوەندیداریان هەیە و ئەگەر بارودۆخی نەخوازراویش بێتە ئاراوە، پارێزگا خۆی دەبێ داوا بكات، لە هەموو حاڵەتێكدا جووڵاندنی هێز بۆ هەرێم دەبێ بە تەنسیق لەگەڵ سەرۆكی هەرێم بێت، بە تایبەت ئەو ناوچانەی كە ناكۆكییان لەسەرە و بەپێی دەستوور یەكلا نەبوونەتەوە.

* ئێوە باسی دەستوور دەكەن، كورد تاكەی دەبێ باسی "دەستوور"ـێك بكات، كە جێبەجێكارانی حیسابی بۆ ناكەن؟

- وایە، بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق جووڵەی سەربازی نابێ بۆ كێشەی ناوخۆیی بێت، نابێت بۆ كێشمەكێشی سیاسی و هەڵبژاردنی ناوخۆیی بەكار بێت، تەنانەت ئەگەر سنوورەكانیش هەڕەشەیان لەسەر بێت، هەرێم دەبێ بە فەرمی داوای هێز بكات، بەڵام حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق دەستوور جێبەجێ ناكەن. كوردیش ماوەیەكی زۆرە هەوڵ دەدات و دەستوور وەكوو بنەمای مانەوەی عێراق دەهێنێتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەوەیش تەحەموولێكی سنوورداری هەبێت.

* یەكێك لە پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەكات، كە ئەوان چەندین جار داوایان لە هاوپەیمانیی كوردستانی و بە دیاریكراوی پەرلەمانتارانی پارتی كردووە، واژۆ بۆ بانگكردنی (مالیكی) كۆ بكەنەوە، بەڵام تەنیا جارێك قبووڵیان كردووە، هۆكارەكەی چییە؟

- ئۆپۆزسیۆنی كوردستان ئەركەكانی حكوومەت و پەرلەمانی تێكەڵ كردووە، پەرلەمان یاسا دادەنێت و چاودێریی جێبەجێكردنی یاساكان دەكات و حكوومەتیش لایەنی جێبەجێكارە. لە هەموو پەرلەمانێكی جیهانیشدا ڕێژەی كوردسی بۆ چەسپاندنی داواكارییەكان ڕۆڵ دەگێڕێت، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش كورد بە تەنیا نەیدەتوانی داوای بانگكردنی (مالیكی) بۆ پەرلەمان بكات، پێویست بوو زۆرینەیەك دروست بكرێت، ئێمە وەكوو پارتی هەوڵی زۆریشمان دا، بەڵام بە چەندین هۆكاری بەرچاو كە خەڵكی كوردستان لە ئێمە باشتر دەزانن، هەوڵەكان سەر نەكەوتن.

* دروستبوونی هێزی "دیجلە" تا ڕادەیەك كۆدەنگییەكی نیشتمانیی لە هەرێمی كوردستاندا دروست كردووە، چ بكرێت بۆ ئەوەی لە سەرجەم پرسە دەرەكییەكاندا كورد یەكهەڵوێستیی خۆی بپارێزێت؟

- لە هەموو دونیادا ئۆپۆزسیۆن بۆ ناوخۆی وڵاتە، واتا چاودێرە بەسەر پرسە ئیداری و قەزایی و سیاسییەكانی ناوخۆی سیستەمی حوكمڕانییەوە، ئەوەیش بۆ ئەوەیە كە لەو ململانێیەدا ڕای گشتی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و دەستەڵات بگرنە دەست. بۆیە هیچ ئۆپۆزسیۆنێك لەناو هیچ سیستەمێكی دونیادا ناكەوێتە بەرەی دەرەكی لە بەرانبەر هێزێكی ناوخۆییدا و بە هیچ شێوەیەك نابێ هیچ دەنگێكی ڕەخنەگر لەگەڵ هێزێكی دەرەكی بێت، ئۆپۆزسیۆن مافی خۆیەتی ڕەخنە بگرێت، بەڵام كاتێك بەغدا هەڕەشە دەكات، پێوەندی بە زۆرینە و كەمینە و ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵاتەوە نییە، پێوەندی بە هەموو خاك و خەڵكی كوردستانەوە هەیە.

* باس لەوە دەكرێت كە پارتی و یەكێتی لە سیاسەتیان بەرانبەر بەغدا سەركەوتوو نەبوون؟

- نابێ خەڵكێك بێت و بڵێ حكوومەت لە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا شكستی خواردووە، ئێمە شكستمان نەخواردووە، ئەوە حكوومەتی ناوەندییە نایەوێ قبووڵی بكات، لە (2003)ـوە ئێمە هەوڵ دەدەین، بە هەموو توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكەمانەوە، بەڵام لایەنی بەرانبەر نایەوێ بگەڕێتەوە بۆ دادپەروەرەی و بڕگەكانی دەستوور.

هەموو خەڵكی كوردستان بە یار و نەیاری حكوومەت و سەركردایەتیی كوردستانەوە لە ئێمە باشتر دەزانن، كە ئەگەر هێزێكی دەرەكی بێت، ماڵی هەموومان داگیر دەكات، هەموومان دەبێ بەرگری بكەین و دڵنیایشم هەموو بەرگری دەكەن، چونكە ئەگەر نەیكەن، خەڵك قبووڵی ناكات، جەماوەری پارتی قبووڵ ناكات، حزبەكەی دیفاع لە خاك و سەروەرییەكان و كەرامەتی نەكات.

- بە باوەڕی من ڕاگەیاندنەكان شتەكان لە قەوارەی خۆی گەورەتر دەكەن، ئێمە وەكوو هەرێم جارێ سەرۆككۆمار و وەزیر و بەرپرسی عەسكەریمان لە حكوومەتی بەغدادا هەیە، واتا لە حكوومەتدا بۆ ئەم چركە ساتەیش هاوبەشین، تاكوو ئێستا پێوەندییەكان نەبڕاون، بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری خۆی بدات، بە دڵنیاییەوە ئەگەر گفتوگۆ و دانوستانەكان دەرەنجامێكیان نەبێت، سەرۆكی هەرێمیش هەموو بڕیارە گرنكەكان بە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەدات.

* لە (2003)ـوە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا بە ئەنجامێكی قایلكەر نەگەییشتووە، هەمووی ئەی كەی ئەو دانیشتن و دانوستانانە بە ئەنجام دەگات، ئەگەر نەگەییشت؟

- كە دەلێین دانوستان، دەبێ شتێك بدەیت و شتێك لە بەرانبەر وەربگریت، ئەگەر ئێمە لە سەرنەكەوتنی دانوستانەكاندا جارێك زەرەرمان كردبێت، حكوومەتەكانی ناوەند بە سەدان جار زەرەریان كردووە، لە شەستەكانەوە ئەوان لەگەڵ میللەتی ئێمە شەڕ دەكەن، هیچ قازانجێكیان نەكردووە، جگە لە بەكوشتدانی خەڵك و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، پێویستە حكوومەتی بەغدا و شەخسی (مالیكی) بۆ مێژوو بگەڕێتەوە، هیچ میللەتێك بە هێزی چەكداری و هەڕەشە لەناو ناچێت، حكوومەتی زۆرەملێ باوی نەماوە، وڵاتانی ناوچەكە بەزۆر ناتوانن بەسەر میللەتی خۆیاندا حوكم بكەن، چۆن دەتوانن بە زۆرەملێ بەسەر نەتەوەیەكی دیكەدا حاكم بن. هەر بۆیەیش ئەگەر بەغدا حكوومەتێكی فیدراڵیی دیموكراتی قبووڵە ئامادەین، ئەگەریش نا، كورد بڕیاری خۆی دەدات.

* جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (جۆو بایدن)ـیش ڕایگەیاندووە كە پێشمەرگە هێڵی سوورە، به‌ ڕای تۆ ئه‌م هۆشداریه‌ له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌که‌؟

- سەرەتا پێویستە بگوترێت كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەمەریكا لەگەڵ جێبەجێكردنی دەستووری عێراقن و بەپێی دەستوور پێشمەرگەی كوردستان ئەركەكانی دیار و بەرچاون. بەڵام زۆر جار لە ڕاگەیاندنەكاندا دەبیستم، كە وا دەگوترێت، پێشمەرگەیەكی سادە و كوڕە هەژارێك لە بەرەی بەرگریكردن لە كەرامەت و خاكی كوردستاندایە، نەك هیی بەرپرس و حزبێك، حەقە دەستخۆشییان لێ بكرێت و گەورە بكرێن، نەك بچووك بكرێنەوە، چونكە پێشمەرگە بە قەناعەتی خۆیەوە چووە بۆ بەرگری. پێویستە ئەوەیش بگوترێت كە پێشمەرگەكانی كوردستان شەرم لەوە ناكەن كە هیی پارتی بن، یان هیی یەكێتی و خۆیشیان ڕازین، چونكە ئەو حزبانە خەباتیان كردووە و بە هەزاران شەهیدیان داوە، بەڵام ئێستا سەرجەمیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، كە سەر بە سەرۆكایەتیی هەرێمە و تەوجیه لە پارتی و یەكێتی وەرناگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار