شەڕی هێزی کوردەکانی سووریا

حەسەن جەمال
میللیەت
کوردەکان بە کوردستانی سووریا دەڵێن کوردستانی رۆژئاوا، لەم بەشەی کوردستاندا نزیکی 2 میلیون و نیو تا 3 میلیون کورد دەژین. ئەو 900 کیلومێترە هاوبەشەی نێوان سووریا و تورکیا هەر هەمووی شوێنی نێشتەجێ بوونی کوردە، جیاوازی کوردستانی رۆژئاوا لەگەڵ باکووری عێراق لەوەدایە کە لە رۆژئاوادا کوردەکان هەر هەموویان لە شوێنک کۆ نەبوونەتەوە. بە هۆی سیاسەتی تەعریب کردنی رژیمی بەعس لە سووریا گرووپە جۆراوجۆرەکانی عەرەبیش کەوتوونەتە نێو کوردەکانەوە. کوردەکانی سووریا یا کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان لە رووی سیاسییەوە لە نێوان خۆیاندا دابەش و پارچە کراون. لە لایەکەوە نزیکەی 18 پارت و گرووپی جواروجۆری سیاسی هەیە و لە لایەکی دیکەیشەوە هەر هەمووی ئەم گرووپانە نزیکی مەسعوود بارزانین و لە لایەن بەرێوەبەرایەتی باکووری عێراقەوە هاوکارییان دەکرێت.
لە بەرامبەر ئەم گرووپانەدا پەیەدەیش هەیە، پەیەدە باڵێکی پەکەکەیە کە لە کوردستانی رۆژئاوادا تێدەکۆشێت. هیچ شک وگۆمانی تێیادا نییە کە لە ناوچە کوردییەکانی سووریادا تەنیا گرووپی بەهێز و خاوەن چەک کە توانیویەتی تا رادەیەک دەسەڵاتی خۆی بە سەر ناوچەکاندا بسەپێنێت پەیەدەیە. هەر چەند سەبارەت بە وەرگرتنی هاوکاری لە لایەن رژیمی ئەسەدەوە بیروڕڕی جیاجیا هەیە بەڵام تا رادەیەکیش ئەم جۆرە ئیدیعایانە راستن.
تورکیا زۆر بە توندی دژایەتی پەیەدە دەکات و دەڵێـت" ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین دان بە هەبوونی قەندیلێکی دیکە لە سووریادا بنین . پێم وایە کە ئانکارا دەیەوێ لە نێو کوردەکانی سووریادا مەسعوود بارزانی بەهێزتر بێت چوونکە وا بیردەکاتەوە کە مەسعوود بارزانی دەرفەت نادات کوردەکانی رۆژئاوا پشتی خۆیان بە پەیەدە ببەستن، بەڵام وا دیارە هەم مەسعوود بارزانی و هەم تورکیا زۆر درەنگ هەستیان بە هێزی چەکداری پەیەدە کردووە هەر بۆیە مەسعوود بارزانی بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە لە نێوان کوردەکاندا ئاژاوە و ناکۆکی درۆست بکرێت، بەڵام تورکیا شەڕی دژە پەیەدەی خستییە دەستووری کاری خۆیەوە. بەڵام مەسعوود بارزانی پێشوازی ئەم هەڵوێستەی تورکیا ناکات و دەڵێت" پەیەدە لە سووریا واقێعیەت و راستییەکە و پێویستە وڵاتانی دەراوسێ دان بەو راستییەدا بنن.
باشترە هەر لە ئێستاوە ئاماژە بە راستییەکان بکەم و راستییەکانی نێو مەیدانی سیاسی تورکیا ئەوە دەسەلمێنن کە ئانکارا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دان بە هەبوونی پەیەدە لە سووریادا بنێت، هەڵویستی تورک لە دژی پەیەدە لەم قوناخەی ئێستادا تەنیا و تەنیا شەڕ و لاواز کردنی پەیەدەیە و لەم بارەیەوە ئانکارا بە پێچەوانەی مەسعوود بارزانی بیر دەکاتەوە. بۆ نموونە لە کاتی کۆبوونەوەی گرووپە کوردییەکان لە ژێر سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی لە هەولێردا وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشوازی لە نوێنەرانی هەر هەمووی گرووپەکانی دیکە کرد بێجگە لە پەیەدە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت ئێمە وەکو تورکیا ئاڵترناتیفێکمان لە بەرامبەر پەیەدە دامەزراندووە و پێویستە گرووپە کوردییەکان پاڵپشتی لەو گرووپە ئاڵترناتیفەی تورکیا بکەن. وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی ئەوە دەکات کە ئەو لەشکەر و سەربازانەی کە لە سوپای سووریا جیا بوونەتەوە لە گەڵ کەتیبەکانی سەلاحەددین ئەیووبی پێکهاتنە و تورکیایش لە هەر روویەکەوە هاوکاری کەتیبەکانی سەلاحەدین ئەیووبی دەکات چوونکە ئەم کەتیبانە بۆ کوردەکانی سووریا باشتر لە پەیەدەن. وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وتووێژێکی دۆستانەدا پێ راگەیاندم کە ئارمانجی تورکیا ئەوەیە هەوڵ بدات تا کەتیبەکانی سەلاحەدین بتوانن کونترۆڵی ناوچە کوردییەکان بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی یەکێک لە پارتە سیاسییەکانی سووریا بە ناوی پارتی ئازادی هەڵویستی پارتەکەی بە شێوەیەکی دیکە لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا شرۆڤە دەکات، مستەفا جومعە کە سەرۆکی پارتی ئازادییە، نزیکەی 46 ساڵە سەرقاڵی سیاسەت کردنەوە و بۆ ماوەی 21 ساڵیش لە لوبنان ژیاوە و چەندین جاریش لە لایەن رژیمی بەعسەوە زیندانی کراوە.
مستەفا جومعە ناشارێتەوە کە پەیەدە لە کوردستانی سووریادا دەسەڵاتدار و خاوەن هێزە بەڵام دەڵێت پەیەدە خاوەن پەیوەندی باش و بەهێزە لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەددا. لە زۆربەی هەرە زۆری ناوچە کوردییەکاندا رژیمی بەعس بە پێ رێککەوتنێک کونترۆڵی دەڤەرەکانی رادەستی پەیەدە و پەکەکە کردووە و لەم چەند حەفتەی دواییشدا لە دەڤەرەکانی وەکو تەلتەمەر، دەربەسییە و سەرێ کانیدا هەرهەمووی کاروبارەکانی لە لایەن پەیەدەوە بەرێ دەکرن. لە شارەکانی دیکە وەکو عەفرین و کووبانێش زیاتر لە چوار پێنج مانگە پەیەدە دەسەڵاتی خۆی سەپاندووە و کونترۆڵی بارودۆخەکەی بە دەستەوە گرتووە.
مستەفا جومعە لە درێژەی لێدوانەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان پەیەدە و رژیمی بەعسدا هاوکارییەکی یەکجار باش بەڵام نهێنی هەیە. مستەفا جومعە باسی پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان و تورکیا دەکات و دەڵێت ئێمە خاوەن پەیوەندی باشین لەگەڵ تورکیادا و گەیشتنی ئێمە بە مافە رەواکانی خۆمان هیچ زەرەرێکی بۆ تورکیا نییە، بەڵام تورکیا لەوە دەترسێت کە لە کوردستانی سووریادا پەیەدە بەهێز ببە، لە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە جیاجیاکاندا بەرپرسانی تورکیا چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێمە لە دژی هەبوونی پەیەدەین و نامانەوێ پەیەدە ببێتە خاوەن هێز.
مستەفا جومعە هەروەها باسی داواکارییەکانی خۆیان و پەیەدە دەکات و دەڵێت پەیەدە داوای شتێک دەکات کە بە دەست هێنانی لە سووریا خەونە. پەیەدە داوای خۆسەری دیموکراتیک دەکات بەڵام ئێمە وەکو پارتەکانی دیکە داوای ئوتونومی دەکەین و داوای فیدراسیۆنێکی ئوتونومیی دەکەین.
لە بەرامبەر مستەفا جومعە، هەڵسووڕاوی پەیەدە لە کوردستانی عێراق دکتور وجدان بە ناوی راستەقینی خۆی محەمەد رەشو دەڵێت ئێمە بە هیچ شێوەیەک هیچ جۆرە گوشارێکمان نەخستووەتە سەر کوردەکان و پارتییە کوردەکان و هیچ جۆرە پەیوەندییەکیش لە نێوان پەیەدە و رژیمی سووریادا نییە. رەشو دەڵێت" ئێمە لە دژی تورکیایش نین بەڵام تورکیا لە دژی ئێمەیە چوونکە نایەوێ کورد لە سووریا بگاتە مافە رەواکانی خۆی و نایەوێ لە سووریاش دەڤەرێکی کوردی خاوەن ستاتکو وەکو باکووری عێراق بێتە ئاراوە. لە راستیدا دژایەتی کردنی تورکیا نە لە بەرامبەر پەیەدەیە بەڵکو تورکیا دژایەتی مافە رەواکانی گەلی کورد دەکات و نایەوێ کورد لە سووربا بگات ماف و ئازادییەکانی خۆی.
محەمەد رەشو هەروەها ئاماژە بەوە دەدا کە تورکیا بە شەو و بەرۆژ هەوڵ دەدات تا پەیەدە بکاتە دۆژمنی بارزانی و پارتە کوردییەکانی سووریا و بەمجۆرە پەیەدە لاواز بکات، تا گەلی کورد نەتوانێت ئەم دەرفەتە بقوزێتەوە و بگاتە مافەکانی خۆی.
محەمەد رەشو هەر هەمووی ئەو ئیدیعایانە کە دەڵێن ریککەوتن لە نێوان پەیەدە و رژیمی بەعسدا هەیە رەد دەکاتەوە و دەڵێت هیچ جۆرە رێککەوتنێکی رەسمی و نهێنی لە نێوان پەیەدە و رژیمی بەشار ئەسەددا نییە، ئێمە وەکو پەیەدە هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ بەرپرسانی سووریادا نییە و ئەگەریش لە ناوچە کوردییەکاندا کێشەیەک روو بدات ئەوا لەگەڵ نوێنەرانی رژیم لە دەڤەرەکە هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشە و گرفتانە دەدەین.
سەبارەت بە کەتیبەکانی سەلاحەدین ئەیووبیش ناوبراو دەڵێت ئەم کەتیبانە لە لایەن تورکیاوە دامەزراون و تورکیا لە هەر روویەکەوە پشتگیرییان لێوە دەکات و ئارمانجی تورکیا و ئەم کەتیبانە ئەوەیە کە لە کوردستانی رۆژئاوادا بارودۆخێکی بەوجۆرە بێتە ئاراوە کە کورد دەست بە شەڕی ناوخۆیی خۆی بکات. بەڵام ئێمە وەکو پەیەدە بە هیچ شێوەیەک ناکەوینە نێو ئەم یارییەی تورکیا و ئەگەر کەتیبەکانی سەلاحەدینیش هەر جۆرە هەڵسووکەوتێکی ناراست لە بەرامبەر گەلی کورد لە رۆژئاوای سووریادا بکات ئەوا وەڵامی دەدەینەوە بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناکەوینە نێو شەڕی ناوخۆییەوە.




