پەیەدە و تۆمەتەكەی توركیا

ئاریـــان فــــهرهج
لە دوالێدوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، ساڵح موسلیمی هاوسەرۆكی پەیەدە دەڵێ: دەوڵەتی كوردیمان ناوێ و ئامانجمان تەنیا دەركردنی رێكخراوە تیرۆریستەكانە لە خاكی سوریا.
هاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە) لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا دوێنێ رایگەیاند: دەوڵەتی كوردیمان نەویستوە و نامانەوێ و تاكە ئامانجمان دەركردنی رێكخراوە تیرۆریستییە توندرۆكانە لە خاكی سووریا.
هەروەها گوتی: ئەوە توركیایە ئەو تۆمەتەمان دەخاتە پاڵ دەنا هەرگیز ئامانجمان دروستكردنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی نییە لە باكووری سووریا و سەر سنوورەكانی توركیا. پێشتریش بوسەینە شەعبان راوێژكاری بەشار ئەسەد لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی رووسیا تەئكیدی كردبوو كە یەكینەكانی پاراستنی گەل واتا هێزە چەكدارەكانی حزبەكەی ساڵح موسلیم شانبەشانی سوپای عەرەبیی سووری پێكەوە بۆ رزگاركردنی سووریا لە تیرۆریستان دەجەنگن و ئامانجی هاوبەشیان پاراستنی یەكێتیی گەل و خاكی سووریایە.
حاڵی حازر حیزبەكەی ساڵح موسلیم و یەكینە چەكدارەكانی، لە چوارچێوەی تەشكیلاتێكدا كە ناویان ناوە (هێزەكانی سوریای دیموكرات) بە ئاشكرا شەڕێكی بەوەكالەت بۆ روسیا ئەكەن لە دژی توركیا، بێ ئەوەی لەبەرامبەر ئەو شەڕەدا هیچ وەعد و پەیمانێك یان رێكکەتن و بەرچاوڕوونییەكیان دەربارەی چارەنووسی رۆژئاوای كوردستان وەرگرتبێ. یەكینەكانی ساڵح موسلیم هاوكات شانبەشانی جەیشی عەرەبیی سوورییش بە قەولی بوسەینە شەعبان بۆ پاراستنی یەكپارچەیی گەل و خاكی سووریا دەجەنگن، بێ ئەوەی لەگەڵ سووریاش لە بەرامبەردا هیچ رێكکەوتن و ئیتفاقێكیان سەبارەت مافی كورد هەبێ.
پەیەدە لەم شەڕە بەوەكالەتەدا لەگەڵ ئێران و عێراقیش دیسان بێ هیچ جۆرە رێكکەوتنێكی سیاسی، هاوكاریی ماددی و سەربارزی وەردەگرێ و دەجەنگێ. هاوكات بە هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش شەڕی داعش ئەكا و لەگەڵ ئەوانیش نەیگوتووە بەرامبەر بە كام ئامانجی نەتەوەیی، ئەم شەڕە دەكات. بە كورتی هەریەكە بە ئامانجێك شەڕ بە پەیەدە دەكات، تەنیا پەیەدە بێ ئامانجە و شەڕ لە پێناوی شەڕدا دەكات.
لە رۆژئاوای كوردستان فورسەتێك لە پێشە، وڵاتەكە هەڵوەشاوەتەوە و تازە یەكناگرێتەوە. رژێمی ئەسەد نامێنێ. ئاسۆیەك لەبەردەمی كورد كراوەیە، بە مەرجێ جڵە و بەدەست هێزگەلێكی سیاسیی بەرچاوڕوونی نەتەوەیی خاوەن بڕیار بێت و شەڕ بۆ بەرژەوەندییەكانی كورد بكات نەك بۆ ئەم و ئەو.
هێزگەلێك كوردایەتی و سەربەخۆیی بە مافی رەوا بزانێ و بەلانی كەمەوە لە فیدرالیزم كەمتر بۆ رۆژئاوای كوردستان رازی نەبێ و بێ رێكکەوتنی سیاسییش لەسەر مافەكانی كورد، هاوسەنگەریی لەگەڵ هیچ هێزێكی ئیقلیمی و نیودەوڵەتیی نەكات.
هێزگەلێك كوردایەتی و سەربەخۆییخوازی بە ئامانج و دروشمی رەوا بزانێ نەك بڵێ: تۆمەتێكی ناڕەوایە و توركیا دەیداتە پاڵمان.




