ئازاردانی بارزانی

زكری مووسا
لە دە ساڵی ڕابردوودا سەرۆك بارزانییان زۆر ئازار دا. لەو ئازاردانەدا حزبە كوردییەكان، عارەبە شۆڤینییەكان، تاییفەگەراكان، دەزگا هەواڵگرییەكانی ناوچەكە، گەندەڵ و مشەخۆرانی ناو پارتی، هەزاران سایت و تۆڕی كۆمەڵایەتی و نووسەری بەكرێگیراو، سیاسیی بەدبین و خۆبەبچوكزان، هەر هەمووی بەشدار بوون لە ئازاردانی پیاوێك كە تەنیا سەربەرزی و شكۆی بۆ گەلەكەی دەویست.
بارزانییان ئازار دا، چونكە دەیانجار بە ڕووی دەستدرێژی و حەماقەتی توركە نەژادپەرستەكاندا وەستایەوە. بارزانییان ئازار دا، چونكە لەپێناو ئاشتی و عێراقی نوێدا ویستی تۆڵەسەندنەوە لە عێراقدا نەمێنێ، ئەگەرچی دەوڵەتی عێراق دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی گەلی كوردستان سوور بوو. بارزانییان ئازار دا، چونكە لووتی مالیكی و شەهرستانی و وردەدیكتاتۆرەكانی تری عێراقی شكاند و، ڕێگەی لە سەرەڕۆیی ئەوان گرت. بارزانییان ئازار دا، چونكە ویسایەی ویلایەتی فەقیهی قهبووڵ نەكرد و بەربەست بوو لەبەردەم تاییفەگەریی شیعی و شۆڤینیەتی سوننە. بارزانییان ئازار دا، تەنیا لەبەر ئەوەی ویستی بڕوابەخۆبوون بۆ مرۆڤی كورد بگەڕێتەوە و، كورد بڵێ منیش هەم و پاشكۆ نیم و هیچم لەوانی تر كەمتر نییە.
بارزانی ئازار دەدرێت، چونكە هەڵگری پەیامی سەدساڵەی گەلی ستەمدیتەی كوردە و ئەو پەیامە دەبێ بگاتە مەنزڵی خۆی. بارزانی ئازار دەدرێت، چونكە وتە و پەیامی دژی چوارچێوە و سنووری ستەمكارانەی داگیركارانە. ئەو ئازار دەدرێت، چونكە دەڵێ سایكس پیكۆ و خەریتەی كۆلۆنیالیزم كۆتایی هاتووە و دەبێ خاوەندارێتیی خاك بۆ خاوەن خاك بگەڕێتەوە. ئازاریان دا، چونكە لە ساڵانی ڕابردوو چەندین كەڕەت داوای لە حزبەكان كرد كە فورسەتە و ناوی خودای لێ بێنن و كار بۆ سەربەخۆییی وڵاتەكەمان بكەین. سەرۆك بارزانییان زیاتر لە هەر كاتێك ئازار دا، چونكە لە دەشتەكانی ڕەبیعە و زوممار و شنگالدا لەگەڵ پێشمەرگەكان دڕندەیەكی بەدڕەوشتی وەك داعشی شكاند و، جیهانیان سەرسام كرد. بارزانییان بۆیە ئازار دا، چونكە گوتی كۆبانێ نابێ بكەوێت و كۆبانێیش نەكەوت.
ئازاردانی بارزانی هەر بەردەوام دەبێت، چونكە ئاڵا و پەیامی سەربەخۆیی لە دەستی ئەودایە. ئەو پەیامە دەبێ بگاتە مەقسەد و ڕووناكیی مەشخەڵی شكۆی كوردستان ویژدانی سەدەی بیستویەك ڕووناك بكاتەوە.
مەكینەكانی ئازاردانی بارزانی لە دەرەوەی كوردستان بەهێز و زۆر و زەوەندن و، لەنێوخۆدا بە ڕیشن و بە عەلمانییەوە لە دژی وەستاون و، چڕنۆكی پێدا دەكێشن و خۆراك بە یەكتر دەدەن و ئاو دەكەنە ئاشی یەكترهوه. لەونێوەدا ئەركی حزبەكەی بارزانی لە پاڵپشتیكردنی بارزانی و پەیامەكەی زۆر قورستر دەكەوێتەوە. دەبێ پارتی بە گیان و ماڵ لەگەڵ بارزانیدا بێت و لە ئازارەكانی كەم بكاتەوە. بۆ سەركەوتنی سەربەخۆیی، پێویستمان بە سەرخستنی چاكسازیی هەیە. لەم ڕێگەیەدا پێویستە تاك تاكی پارتییەكان، پاڵپشتی چاكسازیی نێوخۆیی سەرۆك بن و كاری پێ بكەن و ڕەنگی خەڵك بگرن، بۆ ئەوەی مێژوو دروست بكەن و پەیامی پیرۆزی سەربەخۆییی گەلی كوردستان سەربكەوێت.




