قەرارگا

زكری مووسا
ئێستا پەكەكە بە عەمەلی بووەتە بەشێك لەو بازنەیەی كە لە ڕووی سەربازی و ئابوورییهوه هەرێمی كوردستانی ئابڵۆقە داوە. تەقاندنەوەی بۆریی نەوت و گازی هەرێم و بەرپاكردنی شەڕ لە نزیك خاڵە سنوورییەكان ئەویش بە مەبەستی دروستكردنی مەترسی بۆ داهاتەكانی هەرێم بەشێكی ئەو سیاسەتەیە، كە قازانجەكەی ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرڤانی بەغدا و هاوپەیمانانی و هەرێمی كوردستان دەخاتە هەڵوێستێكی لاوازهوه.
دروستكردنی حەشدی شەعبی و هێزی مورتەزیقە بە یارمەتیی دەستگای هەواڵگریی ئێران و عێراق لە شنگال و، هەروەها خۆڕێكخستنی شانەكانی پەكەكە لە ناوخۆی هەرێم، ئامانج لێی گورجتركردنی گوشارەكانە لە دژی هەرێمی كوردستان كە ڕاستەوخۆ ئاساییشی نەتەوەییی هەرێم دەخاتە ژێر مەترسییەوە. بەرهەڵستكاری و ئازاردانی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێم، لایەنە سیاسییەكانی تریشی گرتووەتەوە. هەڵسووڕ و سیاسییەكانی گۆڕان و بەشێك لە ئیسلامییەكان بیر لە ڕاپەڕاندنی خەڵك و ڕووخاندنی بارودۆخەكە دەكەنەوە. ڕاگەیاندنەكانیان بەردەوام هەڵوەشاندنەوە و ڕووخاندن بە گوێی خەڵكدا دەچرپێنن. لێدوانێكی عەبادی یان بەرپرسێكی ئێرانی یان ئەورووپایی، ئەگەر لە دژی هەرێم و سەربەخۆیی بێت، شاگەشكەیان دەكات. لە سەرزەنشت و سەركۆنەكردنی كوردستان و پشتگیریكردنی سیاسەتی زاڵمانەی بەغدا بەردەوامن. وەك بڵێی هەموو لایەك بەڵێنی شەرەفیان دابێت كە هەرێم بڕووخێنن.
هۆكاری ئەو مەیلە سەرشێتانەیە كە بۆ ڕووخاندن هەیە، جێگەی باس نییە. گرینگ ئەوەیە خودی ئەو بیرۆكەیە چ سوودێكی بۆ گەلی كوردستان هەیە كە لەبەردەم دەرفەتی مەزن و هەڕەشەی گەورەدایە. ڕووخاندن، هەرێمی كوردستان بۆ سەردەمێكی زۆر تاریك دەگەڕێنێتەوە و لە بەرانبەر بەغدا و نەیارە هەرێمایەتییەكانی لاواز و بچووك و بێ ئیرادە دەكات. سیاسەتی گرژی و ڕووخاندن و ئازاردانی هەرێم كە پەكەكە و گۆڕان و بەشێك لە ئیسلامییەكان كاری بۆ دەكەن ئینتحاری سیاسیی خۆیان و كوشتنی ئەو دەستكەوتانەن كە بە خوێن و فرمێسك هاتووەتە دی.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا گەلی كوردستان ئەفسانەی داعشی شكاند. مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستی مێژووی لە خاك گەوزراند. ئەم سەركەوتنە پێگەی گەلی كوردستان و پێشمەرگەی لە ئاستی جیهانیدا بەرز كردەوە. لە ئەنجامی ئەو سەركەوتنە زەوی و جیۆگرافیای دزراوی هەرێم گەڕێندرانەوە و سنوورەكان بە خوێن داڕێژران. سەرۆك بارزانی زۆر بە باشی لەوە گەییشت كە سەركەوتن لە شەڕ و ئازادكردنی زەوی مانای ئەوە دەدات، كە بەبێ دوودڵی دەبێ كوردستان لە دەرگای سەربەخۆیی بدات. بارودۆخی هەرێمایەتی و دەولیش بۆ ئەم مەبەستە لەبار بوو. حزبەكان لەبری ئەوەی یارمەتیی پڕۆسەكە بدەن، شكاندنی كەسایەتیی سەرۆك بارزانییان كردە ئەولەویەتی كاری خۆیان. هەموو ڕێگەیەكیان گرتەبەر بۆ ئەوەی كۆسپ بۆ ئەم پڕۆسە گرانبەهایە بنێنەوە.
حزبەكان لەوەدا هەڵەن بیر لە ڕووخاندن و ئاشووب دەكەنەوە و حەز دەكەن بمانبەستنەوە بە بەغدا. بەغدا ڕەغبەتی ئەوەی نییە یارمەتیی هەرێم بدات و بە هیچ شێوەیەك نیازپاك نییە.
كوردستان تەنیا یەك ڕێگەی لەبەردەمە ئەگینا هەموو شتێك لە دەست دەدات. هەرێم دەبێ دەست بە سەركەوتنەكانیهوه بگرێت و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت. بۆ گەییشتن بە كۆدەنگیی نیشتیمانی و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی خەڵك لە بابەتی سەربەخۆییدا، دەبێ قەیرانی دارایی تێبپەڕێنێت. دەربازبوون لەم قەیرانەیش بە دوو ڕێگای سەرەكیدا گوزەر دەكات، پێویستە هەرێم پشت بە داهاتی خۆی ببەستێت و بە هەر نرخێك بێت خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت و، ڕێگەی دووەمیش چاكسازیی دارایی و ئابوورییە كە لە حزبەكانهوه دەست پێ بكات و لە حكوومەتدا كۆتایی بێت. جگە لەوە هەر جۆرە پڕۆژە و خەون و نەخشە و كۆدەتا و دەستتێكەڵكردن لەگەڵ نەیار و داگیركار، بەرەو ئاییندەیەكی نادیارمان دەبات. كوردستان دەبێتە پارێزگایەكی لاوازی عێراق و ئەفسەری قەرارگای حەمزە و ڕەمەزان تەحەكومی پێ دەكەن.




