هەڵوێستی پهكهكه هەڵەیەکی ستراتێژیکە

حوسێن کوردنەژاد
لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند کە رێگا نادات بۆریی گازی کوردستان بگاتە جیهان، هۆکارەکەش ئەوەیە کە پ ک ک لە شەڕ لەگەڵ تورکیادا و ئەم بۆرییە تورکیای بەهێز دەکات و ئەمەش لە دژی بەرژەوەندیی کوردە بە تایبەت کوردی باکوور و، ئەوان رێگا نادەن کە تورکیا جارێکی تر هەڵبستێتەوە.
خەریتەی وزەی جیهانی و هەڵکەوتەی ژیئۆپۆلیتیکی تورکیا وەک وڵات حوکم دەکات، تورکیای بە شێوەی ستراتێژیک لە نەخشەی وزەی جیهانیدا ببینین.
کوردستان لە هەر چوار پارچەی خۆیدا خاوەن نەوت و گازە، ئێستا لە باشووردا ژێرخانی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز بنیات نراوە و، بۆتە کارتێکی بەهێز لە رووی سیاسەتی جیهانی و ناوچەییەوە لە دەستی کورددا و، تەنانەت لە دەستی کوردی هەر چوار پارچەدا و گرینگی ستراتێژیکی کوردی بە دنیا سەلماندووە.
ئەگەر کوردی باشوور بڕیار بدات یان چارەنووسی وای لێبێت کە لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە، هەم وەک حکوومەتی هەرێم و هەمیش وەک حکوومەتی بەغدا بەرژەوەندییان لەمەدایە کە ئەم خەتی هەناردەکردنە کار بکات، ئەگەر کوردی باشوور بریار بدات دەوڵەتی سەربەخۆ بنیات بنێت، ئەوجا زۆر زیاتر بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی پێویستی بەم خەته دەبێت، تورکیا کە لە پێوەندییەکی ئاڵۆز لەگەڵ رووسیادایە و خۆیشی نیازمەندی گازە، لە بەرژەوەندیدایە کە ئەم خەتە کار بکات (کە دەڵێن تورکیا بە دانیشتووانی باکووریشەوە)، ئەگەر باکوور سەربەخۆ بێت هەر پێویستی بەم خەتەیە و ئەگەر هەرچوار پارچەی کوردستان سەربەخۆ بێ، دیسان کورد پێویستی بەم خەتەیه. لە ژیئۆپۆلیتیکی ناوچەدا تەنیا ئێران دەتوانێ لایەنگری بڕینی ئەم خەتە بێت و، ئەوەش لە بەرژەوەندیدا بێت.
سیاسەت و کۆکردنەوەی مەشرووعیەتی سیاسی وەک پارە و کۆکردنەوەی پارە وایە، کۆکردنەوەکەی زەحمەتە و خەرجکردن و لە دەستدانی ئاسانە و، زۆر زوو دەتوانێ مرۆڤ دەست بەتاڵ بێت.
وەک کوردێکی لایەنگری سەرکەوتنی نەک هەر پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵکوو گشت هێزەکان، ئەم هەنگاو و هەڵوێستەی پ ک ک بە نێزیکبوونەوە لە هێڵی سوور دەبینم، دەبێ هاوڕا بین لەسەر ئەمە کە هیچ پارچەیەکی کوردستان بۆی نییە لە پرسە ستراتێژییەکانی چۆنیەتیی ئیدارە و دابینکردنی ژیانی پارچەیەکی تردا، دەخالەت بکات. بیری گشتیی کوردی نەک لە پ ک ک، تەنانەت لە هیچ حەرەکەیەکی کوردی قبووڵ ناکات کە بکەوێتە دژایەتیی دەستکەوتە ستراتێژیکەکانی کوردەوە. گاز و نەوتی باشوور دەستکەوتی سترتێژیک و ژیئۆپۆلیتیکی گشت کوردە لە ناوچەدا. لێیان گەڕێن با دوژمنان و ئێران و پاسدار، ئەو ئەرکەی بگرنە سەر شان. دەبێ لەسەر ئەم خاڵە کۆنکرێتە گشت ئەحزابی هەر چوار پارچەی کوردستان هەڵوێستیان هەبێ، نەک بە واتای دژایەتی بەڵکوو هۆشداریدان لەمەڕ هەڵوێستی هەڵە.




