گەلانى عەرەبى خاوەن رۆشنبیرى دیموکراسى نین..
تاهیر بن جەلون..
پێنج شەممە 15/نۆفیمبەرى 2012
لە دووتۆى میواندارى بەرنامەى سالۆنى پەرتووکى فرانکۆفۆندا لە خوولى بیستەمدا لە بەیروتى پایتەختى لوبنان وەکو یەکێک لە ئەندامانى ئەکادیمیاى (گۆنکۆر) کە تێیدا خەلاتێکى لایەقى لە ساڵى 1987 پێًبەخشرا، لە دووتۆى ئەو میواندارییەدا رۆژنامەى حەیات چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ نووسەرى مەغریبى تاهیر بن جەلون ئەنجامداو لەوێدا ئەو دانى بەوەداناوە کە لە هەڵوێستەکانیدا تووشى هەڵە بووە کاتێ لەگەڵ سەرهەڵدانى بڵێسەى شۆڕشى وڵاتانى عەرەبى رایگەیاندبوو کە هیچ مەترسییەک لە ئیسلامییە توندڕەوەکان بەدى ناکرێ و هیچ هێزێکیان نییە بۆ چنینەوەى بەرهەمى ئەوانەى چاندوویانە لە بەهارى عەرەبى و رۆڵى رۆشنبیر تێیدا، ئەمە سەرەڕاى چەندان لایەنى هزرى و ئاوەزى کە تێیدا جەلون بیروڕاى خۆى تێدا دەردەبڕێت.
ئەوەى بۆ ئێمە مەبەستە بیروڕاى تاهیر بن جەلوونە لەبارەى بەهارى عەرەبییەوە:
- دواى تەقینەوەى شەقامى عەرەبى دوو پەڕتووکت دەرچوو کە پاڵپشتى بوون بۆ شۆڕشەکانى عەرەبى ئەوانیش (بالنار) کەباس لە ژیاننمانەى ئەندێشاوى محەمەد بۆ عەزیزى) دەکات و ئەوەى دیکەش (الشراە) (بڵێسە) بوو، دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ بەسەر ئەو رووداوانە ئێستا وێنەکان باشتر خۆیان نمایش دەکەن، ئایا هەتا ئێستا بیروڕات وەکو خۆى ماوەتەوە؟ ئایا ئەوەى لە جیهانى عەرەبى بەدەستهاتووە بە راستى شۆڕش بووە یان هەڵچوونێکى میللى بووەو هیچى دیکە؟
- ئەویش دەڵێت: شۆڕش وشەیەکە ئاوسە بە چەندان واتاو هێماى تایبەتەوە، رەنگە واتاى پلان و بەرنامەى ئایدۆلۆژى بێت، یان ئەوەیە کە شەقامى عەرەبى بەخۆوەى بینى، رەنگە ئەوەى بینیمان هەڵچوونێکى میللى بوو وەکو باست کرد، یان یاخیبوونێکى لەخۆوە بوو دژ بە شێوەیەک لە شێوەکانى چەوسانەوەو سەرکوتکارى و پێشێلکارى و هەژارى و زەبوونییەوە، یان دژ بە نەبوونى دادپەروەرى و یەکسانییەوە، رەنگە ئەو جۆرە یاخیبوونە هەڵگرى جۆرێک لە گۆڕانکارى ریشەیى و ریادیکالى نەبێت، تاکو هەڵگرى تەواوى واتاکانى شۆڕش بێت و ببێتە بەخشینى ئەنجامێکى باش بۆ میللەتانى عەرەبى کە زەمەنێکى درێژە بەدەست دیکتاتۆریەت و حوکمى سەربازییەوە دەناڵێنن، هەر ئەوە ئێستا بۆتە دیکتاۆریەتى ئولى و عەقائیدى، بە هیوام رۆژێک بێت گەلى عەرەبى بە واتاى راستەقینەکەى خۆى ئازاد بێت.
- بە راى تۆ رۆشنبیرى عەرەبى لەماوەى ئەو رووداوانەدا توانیویەتى رۆڵى پێویست وازى بکات؟
- لەسەر رۆشنبیر پێویستە رۆڵى رەخنەکارى و پاڵپشتى و هاندان وازى بکات، بەراى من زۆرێک لە رۆشنبیرەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان بە رۆڵى دیارى کراوى خۆیان رابوون جا ئەوە چ لە دووتۆى وتارەکانیان یان پەڕتووک و بیروڕاى خۆیان لەسەر ئەنتەرنێت و پێگەى کۆمەڵایەتى بێت، بەڵام ئەو هێزو کاریگەرەى نەبووە وەکو پێویست بووە.
- ئایا بڕوات وایە دەستەواژەى بەهارى عەرەبى بوونى نەماوە دواى ئەو بەرئەنجامانەى لێیەوە بەدەستهاتووە؟
- واتاى بەهار خۆى لە رزگاربوون لە دەستى دیکتاتۆریەت دەگەیەنێت کە وڵاتەکانیان و جیهانى عەرەبییان بە گشتى خستبووە داوى دەردو درمێکەوە کە زۆر ئەستەم بوو چاکبوونەوەى، وەکو موبارەک و قەزافى و بن عەلى، بەڵام ئەوەى لە دواتر روویدا، شتێکى جیاوازبوو هیچ کەسێک پێشبینى نەدەکرد، چونکە لە هەندێ وڵاتدا حوکم لە دەستى دیکتاتۆرییەکانەوە گوازرایەوە بۆ دەستى توندڕەوەکان، رەنگە ئەوە بە سروشتى خۆى ئەنجامى ئەو پاشخانە بێت کە بەهارى عەرەبى لەگەڵ خۆیدا هێنایە کایەوە، کە دەبینین ئایدۆلۆژیەتى ئایینى خودى خۆى دەسەپێنێ بە شێوەیەک وەکو ئەوەى شۆڕش بەسەر شۆڕشدا بکات، کە بەداخەوە بووە خاوەنى بەرهەمێک کە کەسانى دیکە چاندیان.
- پێش دوو ساڵ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى لە بەیروت راتگەیاند کە لە بوونى ئیسلامییەکان ناترسى ئەوانەى نوێنەرى هیچ کەسێک نیین تەنیا خوودى خۆیان نەبێت، ئێستا دان بەوەدا دەنێیت کە بۆچوونەکان هەڵەبوون؟
- بەڵێ.. دان بەوەدا دەنێم کە بۆچوونەکەم هەڵەبوو، هەروەها رام وایە زۆربەى چاودێران و توێژەرەوانى ئەو بوارە بە هەڵەداچوونە، چونکە ئەوان وایان دانابوو ئەو شۆڕشانەى گەنج و لاوە سادەکان دروستیان کرد، نەک ئیسلامییەکان کە لە کۆتاییدا هاتن و دروێنەى ئەو بەرهەمەیان کرد کە کەسانى دیکە چاندبوویان، ئیسلامییەکان شارەزابوون و زانیان چۆن هەلەکان بقۆزنەوەو سوود لە شۆڕش وەربگرن کە ئەوان هیچ رۆڵیکیان تێدا نەبوو.
- ئەو خاڵە لاوازانە چیبوون کە واى کرد ئیسلامییەکان هەلەکە بقۆونەوەو بگەنە دەسەڵات لە توونس و میسر؟
- گەلانى عەرەب خاوەن رۆشنبیرى دیموکراسى نیین، ئەوەش تاکە خەوشى بنچینەییە، ئەو میللەتانە راهاتوون هونەرى دیموکراسى کە خۆى لە سندوقەکانى دەنگدانەوە دەبینێتەوە دەستەبەر بکەن، نە کەم و نە زیاد، بەڵام رۆشنبیرى دیموکراسى و بەهاکەى بە تەواوى بوونى نییە لەنێو ئەو میللەتانە، رەنگە ئەو شۆڕشانەى کە هەندێ لە وڵاتانى عەرەبى بەخۆەى دیت کرانەوەیەکى چاک بووبێت بۆ فێربوون و تێگەیشتن لە گەوهەرى دیموکراتیەت و رۆشنبیرییەکەیى و بەهاکەى، سەرەتاکەى لە رێگەى رووبەڕووبوونەوەى ئایدۆلۆژییەتى توندڕەوو کە بە هیچ شێوەیەک واتاى دیموکراسیەت نازانێت، هەموو ئایینەکان لەسەر بنەماى دروشمێک رابوون کە لەنێوان کەسەکەو خودى خۆیدایە، بەڵام هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى شۆڕشى ئیسلامى لە ئێران و هاتنى ئیمام خومەینى بۆ دەسەڵات ئێستا ئایین و سیاسەت دوو رووى دراوێکن لەیەکترى جیاناکرێنەوە، ئەوە سەرەتاى تێکەڵبوونى ئایین بوو بە ژیانى رامیارى و گشتییەوە، ئەوەش گەورەترین هەڵە بوو بە راى من، چونکە ئیسلام خاوەن بەهاى زۆر جوانە کە پێویست ناکات ىبیکەینە ئایدۆلۆژیەتێکى رامیارى، کە بیگومان ئەوەش دەبێت هۆى ونکردنى گەوهەرى گیانى و روحانیەتیەکەیەوە.




