گەندەڵ دەبارێ

زكری مووسا
گەندەڵی تەنیا دزینی سەروەت و سامان و دەستبەسەرداگرتنی مڵكی گشتی وڵات نییە. گەندەڵی تەنیا خۆدەوڵمەندكردنی نایاسایی لەسەر حیسابی میللەت نییە. گرفتی وڵاتی ئێمە تەنیا ئەوە نییە پارە دیار نەماوە و هەندێ كەس بە ناهەق پارەدارن.
تێگەیاندنی خەڵك لەسەر ئەوەی كە گەندەڵی تەنیا لە دەوری پارە و ساماندا دەسووڕێتەوە، لە ڕاستیدا پەردەپۆشكردنی ڕەهەند و جۆرەكانی تری گەندەڵییە.
گەندەڵیی فیكری، سیاسی، ئیداری، كۆمەڵایەتی، دەروونی و ئەخلاقییشمان هەن، كە ڕێخۆشكەرن بۆ پەرەسەندنی گەندەڵیی دارایی و تێكچوونی شیرازەی وڵات.
ئایا بەحزبیكردنی پارلەمان و حكوومەت و بەحزبیكردنی هزروهۆشی هاووڵاتیان، جۆرێك نییە لە گەندەڵی؟
ئایا نەخشەكێشان بۆ تیرۆر و كوشتنی خەڵك و تەقەكردن لە كۆنسووڵ و ڕفاندنی خەڵك گەندەڵی نییە؟، تێكدانی ئاساییشی وڵات و ئاسوودەییی خەڵك ترسناكترین جۆری فهساد و ڕۆچوونی فیكری و سیاسی و ئەخلاقییە.
ئایا دەستتێكهەڵكردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی ناوچەكە و داعشپەروەری و تەربیەتی گەنجی وڵات بۆ ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە، گەندەڵی نییە؟
چ ناوێك بۆ ئەوە دادەنرێت خودی كورد دەستی لە بڕینی قوتی میللەتەكەدا هەبێت؟ چ جۆرە گەندەڵییەكە بە یارمەتیی ئیتلاعات و ئەسەد و بەغدا، هێزی مورتەزیقە و حەشد بۆ بەرەنگاربوونەوە و ئازاردانی پێشمەرگە دروست بكەن؟
ئایا ئەوە گەندەڵی نییە بە سەدان ملیۆن دولار لە سامانی ئەم میللەتە بۆ میدیایەكی جەهەننەمی سەرف بكرێت بۆ ئەوەی باری دەروونیی خەڵك بشێوێت و، هەموو شتێك بە ئاوەژوویی ببینن و، لێكترازانی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی جنێو و سووككردن لە كوردستان بڵاو ببێتەوە؟
ئایا ئەوە گەندەڵی نییە هێزی پێشمەرگە بە مڵكی حزب بزاندرێ؟ هاووڵاتیان بە مێگەل بزاندرێن و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا بكرێ؟
ئایا ئەوە گەندەڵیی مەعریفی و هزری نییە كە هەوڵ بدرێت هەرچی ئایدیۆلۆژیای پیسوپۆخەڵی مێژوو هەیە، دەرخواردی ئەم میللەتە ستەمدیتەیە بدرێت؟
گەڕاندنەوەی سامانی دزراوی گەل هەنگاوێكی باشە و یارمەتیدەرە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری، بەڵام دەبێ حیساب بۆ گەندەڵییەكانی تر بكرێن كە زۆر مەترسیدارترن لە گەندەڵیی ئابووری. ئەو گەندەڵانەی هزر و دەروونیان فاسیدە و پڕە لە حقد و هەرزەبینی، ئەوانەی لە مرۆڤبوون شۆراون، قاتڵن، درۆزنن، ڕیشن و چڵكنن، جاش و هەرزانفرۆشن، خۆبەكەمزانن، دزیشن.




