بڕیارەکانی سەرۆک.. دەستپێکی کۆتاییهێنان بە مزایەدات

عومهر بهكر
سەرۆک بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتی، بەرەچاوکردنی رەوشی خراپی دارایی و سەختیی ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ چەند بڕیارێکی گرینگ و چارەنووسسازی لە پێناو چاکسازی و کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکان لەسەر ژیانی کوردستانیان، دەرکرد.
چاوەڕوانییەکان زۆر بوون بۆ ئەو بڕیارانەی سەرۆک، لێ ئەوەی زیاتر جێگای دڵخۆشییە بەڕێزیان بەر لەهەر شوێنێک لە حزبەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد، جیددیەت و کاریگەریی بڕیارەکانیش هەر لەوەدایە کە سەرۆک دەست لە کەس ناپارێزێت و لەپێناو گەلدا هەنگاوی سەخت و دژوار هەڵدێنێت. هاوکات پەیامێکی روونیش لە پاڵ بڕیارەکانی سەرۆکدا بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەیە و پێیان دەڵێت:
کوردستان پێویستی بە هەنگاوی جیددی و دوور لە مزایەدات هەیە، فەرموون ئەوە من لە ماڵی خۆمەوە دەستم پێکرد و، ئێوەش گەر لە خەمی میللەت و راستکردنەوەی ئیدارە و چاکسازیدان، بفەرموون لە خۆتان و ماڵی خۆتانەوە دەست پێبکەن و چیتر سەری میللەت بە مزایەدات و شەڕی ئیعلامی مەیەشێنن.
ئاخر خۆ بەس لەناو پارتیدا زیادەڕەۆیی و گەندەڵی نییە.. کەموکوڕی و گەندەڵییەکان ئەگەر لەلایەنەکانی تردا زیاتر نەبن کەمتر نین لە هی ناو پارتی...! حکوومەیش بەرهەمی عەقڵ و حوکمڕانیی سەرجەم لایەنەکانە نەک بە تەنها هی پارتی. بۆیە فەرموون دەست لەناو دەست بۆ گەل و خاک و ئاییندەی کوردستان هەوڵ بدەین و پێ لە سەرجەم بەرژەوەندییە حزبییەکان بنێین و کوردستان سەربخەین.




