چارەنووستان بدەنە دەستی بارزانی

نەدا مێرگەسۆری
كە سەیری مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كورد دەكەین، هەستان و دابەزینی زۆری بە خۆوە بینیوە، بەڵام بە هیچ نزمییەك و دابەزینێك دەستەوەستان نەوەستاوە و هەمیشە لە خاڵی سفرەوە دەستی پێ كردووەتەوە بۆ گەییشتن بە سەركەوتن، هەرچەند بۆ دووبارە هەستانەوەی هەموو كەوتنێك، كەسی بەهێز و متمانەبەخۆبوو و كاریزما پێویستە بۆ ئەوەی لە هەموو بەسەر پەیژەكەوتنەكاندا بێ ترس سەركەوێت.
گەر سەیری شۆڕشە یەك بەدوا یەكەكانی نەتەوەی كورد بكەین لە باشووری كوردستان، بە تایبەت ئەو شۆڕشانەی هەر لە سەردەمی رەحمەتی (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی)، (شێخ ئەحمەدی بارزانی)، (بارزانی نەمر) و (سەرۆك مەسعوود بارزانی)ـیەوە هەڵگیرساون، لەسەر بنەمای تیژبینی و دووربینی و بە باوەڕبەخۆبوونی تەواوە دروست بوون و ئەو خەباتكارانەی لەو رێڕەوەیش پێ بە پێی ئەوان هەنگاویان نا، رۆژێك لە رۆژان نەكەوتنە شك و هەرگیز ماندوو نەبوون لە خەبات و گیانفیداكردن، چونكە ئەوان دەیانزانی ئەو ماندووبوونەی ئەوان بۆ ئازادای و سەربەخۆیی كوردستانە، نەوەی نوێیش گەر خۆی لە خوا نەكات، هەست بەو بەرهەمەی ئەوان دەكات.
هەروەك ئاشكرایە لە ماوەی رابردوودا، لەگەڵ هاتنی رێكخڕاوی تیرۆریستیی داعش بۆ عێراق و پەلاماردانی هەرێمی كورددستان، كاریزما و كەسایەتیی كاریگەری (بارزانی) وەك سەرۆك و پێشمەرگەیەك، هەروەك جاران، بە شەوقێَكی زۆرترەوە، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەمیش لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی خۆی دەرخستەوە، جگە لەوە، ورەی پێشمەرگە بە بوونی سەرۆك لە بەرەكانی جەنگ هێندە بەرز دەبووەوە، كە بەری بە ترسناكترین و دڕندەترین رێكخڕاوی تیرۆریستی گرت و بە گیانفیدایی، بوونە قەڵغان بۆ پاراستنی خاكی كوردستان. ئەمە جگە لەوەی كە هاووڵاتیان دڵیان ئۆقرەی دەگرت، چونكە دەیانزانی مادام سەرۆك لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگە، هەرگیز ژیانی هاووڵاتیی كورد ناكەوێتە مەترسییەوە، چونكە مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت كە (بارزانی) كاریزمایە و ئامانجێكی پیرۆزی هەیە و بۆ ئەو ئامانجەیشی كە پاراستنی كوردستان و گەیاندنی كوردستانە بە كەناری ئارامی و دەوڵەتبوون، هەموو هەوڵێكی داوە و دەدات.
بێگومان ئەو پرسە هەستیارە سیاسیانەی كە لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا، كە بە هۆی میزاجی كەسیی هەندێك كەس و لایەنەوە دروست بوون، گەر رێگری لێ نەكرابووایە، خوانەخواستە رەنگە ببووایە هۆی ئەوەی لەو ساتە ناسكە، كە كوردستان لە نێو هاوكێشە سیاسییەكانی نێودەوڵەتیدا پێگەیەكی ناسك و هەستیاری گرتووە و رووبەڕووی جەنگ و تووشی قەیرانی ئابووری بووەتەوە، رەنگە رووبەڕووی زۆر گرفتی دیكەی نێوخۆییش بووبایەوە.
راستە رەنگە ئەو هەنگاوانەی بۆ چارەكردنی ئەو گرفتانە نران، بە دڵی ئەو لایەنە سیاسیانە نەبووبێت كە وا دەزانن غەدریان لێ كراوە، بەڵام ئەوان نەیاندەزانی كە بەو هەڵسوكەوتەیان غەدر لە رابردوو و ئێستا و داهاتووی نەتەوەی كورد دەكەن و رێگر دەبوون لە ئامانجی لە مێژینەی كورد، كە دەوڵەتبوونە.
بۆیە بە راستی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی كورد، دەبێت لە بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكان لەپێشتر بێت و دەبێت هەموو حیزبە كوردستانییەكان بە رووحێكی نەتەوەیی و كوردستانییەوە سەیری پرسە نێوخۆییەكان بكەن، راستە ئەو رەوشە سیاسییەی باڵی بە سەر هەرێمی كوردستاندا كێشاوە، رەوشێكی نەخوازراوە، بەڵام سەرۆكایەتیی هەرێم و خودی (سەرۆك بارزانی) زۆر بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكەدا كردووە و هیچ كات جەنابیان بۆ هیچ پرسێك دەستەوەستان نەوەستاوە و هەمیشە بە دوای چارەسەری گونجاو بووە.
هەر بۆیە بانگهێشتكردنی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی رێككەوتی (26-1-2016) كە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی بوو، دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەموو گرێیەكان تەنیا بە (سەرۆك بارزانی) دەكرێنەوە، چونكە كاریزمایە و خاوەن كەسایەتییەكی بەهێزە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەولیدا، بۆیە بە راستی پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم دۆخە قورسەدا خەمخۆرانەتر بڕواننە ئەو دۆخە سیاسییەی كوردستان و بەرپرسانە و دڵسۆزانە و نیشتمانپەروەرانەتر و بە یەكڕیزی هەنگاو بنێن بۆ بەدەوڵەتكردنی كوردستان و چارەكردنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكانی كوردستان و، چارەنووسیان بدەنە دەست (سەرۆك بارزانی)، چونكە بە دڵنیاییەوە، جەنابیان دەمانگەیهنێتە ئەو ئامانجە لەمێژینەمان كە ئەویش بەدەوڵەتكردنی كوردستانە.




