٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

قۆناغی ئەمڕۆ.. بەرپرسیارەتیی مێژوویی

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌كره‌م ساڵح

دوای٢٥ ساڵ حكومڕانیی كورد، هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بە قوناغێكی مێژوویی پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێ بە هۆی قەیرانی ئابووری و تەنگژەی سیاسی و هەوڵ و پیلانی هەرێمی و پەرچەكرداری هەرزە و كورتبینیی سیاسی. ئەمەیش بێگومان بابەتیكی ئاسایی نییە و پەیوەندیی بە چارەنووسی حكومڕانیی كوردەوە هەیە لەم قۆناقەغە گرینگەی كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێ.

ڕاستە پرسی بژێوی ئێستا بووەتە كێشەیەكی جیددی و پێوستی بە چارەسەر و پلانی خێرا هەیە، بەڵام لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە، ئایا لە هەلومەرجێكی وا دژواردا دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكرێ بە تایبەت كە لە ئێستادا بە هۆی خراپیی باری ئابووری و دابەزینی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان، خەڵك نیگەرانییەكی زۆری پێوە دیارە. ئەمەیش مافێكی ئاسایی هاووڵاتییە كە داكۆكی لە مافی خۆی بكات، دەبێ حكوومەتیش هەموو هەوڵی بخاتە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و چارەسەری كێشەكان. ئەمەیش تەنیا بە حكوومەت ناكرێ و پێوستی بە شتیوانیی لایەنە سیاسییەكان و خۆڕاگریی هاووڵاتیان و توانا و هاوكاریی شارەزایان هەیە، بەڵام ئەوەی مەترسییەكە زیاتر دەكات ئەوەیە كە، بە لۆژیكی عەقڵاتی و هەستی بەرزی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە نەكرێ و ئەم بابەتە لە ڕوانگەی مەرامی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەتییەوە لێكدانەوەی بۆ بكرێ.

كورد ئێستا حكوومەت و دامودەزگا و پشتیوانیی نیودەوڵەتی و سەنگەری توكمەی پێشمەرگە و ئاساییش و ئارامی هەیە و ئەمە حاڵمانە. ئەگەر ئەم بارودۆخە بەرەو ناسەقامگیری بڕوات، دەبێ ئاییندەی هەرێم و حكومڕانیی كورد بەرەو كوێ بڕوات؟ بۆیە بە بڕوای من سەرەڕای هەموو كەموكوڕی و ناكۆكییەكان، ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو لایەك بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەستیارەدا بكەن، هەرچەندە ئەمە بەو مانایە نییە هاووڵاتی دوای چاكسازی و مافی خۆی نەكات، بەڵكو پێوستە وێڕای داخوازیی ڕەوا بۆ چارەكردنی گرفتەكان، ڕێگە نەدرێ بارودۆخەكە لە لایەن كەسانی نابەرپرس بە ئاراستەیەكی نادروست و پشێوی ببرێ.

لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی هەرێم پێوستە ددان بەوەدا بنێ كە حوكمڕانی بە سۆزداری ناكرێ و دوور لە موزایەدە و ململانێی سیاسی پرۆسەی چاكسازی كارا بكرێت و بنەمایەكی تۆكمەتر بۆ حكومڕانی دابنرێت و كەموكوڕییەكان چارە بكرێن، چوكە داهاتی هەرێم پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە و نرخی نەوتیش لە ئاستی جیهان دیارە چەندە، لە ئێستایشدا هیچ ئاماژەیەكی خێرا نییە بۆ بەرزبوونەوەی.. هەرچەندە ئەمە كێشەی زۆر وڵاتە، بەڵام كاریگەری لەسەر هەرێم لە هەموو وڵاتانی تر زیاترە، چونكە كوردستان دەوڵەت نییە، بۆیە یەدەكی پارەی نییە.

گومان لەوەیشدا نییە پێشبینیی دۆخی وا نەكراوە، بۆیە ڕەوشەكە زۆر بە قورسی ڕەنگدانەوەی لەسەر هەرێم هەیە چ حكوومەت چ هاووڵاتی، پێناچێ بەم زووانەیش باری ئابووری باش بێ، بۆیە ئەم دۆخە پێوستی بە پلان هەیە بۆ مەودای درێژخایەن.. لەگەڵ ئەوەیشدا گرفتەكە هۆكاری هەرچی بێ لە ئێستادا بوونی هەیە و بەرۆكی كوردستانی گرتووە، كە هاوكات ناكۆكیی سیاسیی قووڵیش هەیە، بە واتایەكی تر كورد یەكدەست نییە لە ڕووبەڕوونەوەی ئەم قەیرانەدا، بۆیە مەترسیی قەیرانەكە زیاترە هەرچەندە كورد قەیران و تەنگژەی زۆر لەمە گەورەتری تیپەڕاندووە. بەڵام لە هەموو حاڵەتیكدا سەرەڕای ناكۆكیی سیاسی، بوونی كەموكوڕیی هەمەلایەن دەبێ بزانین تێكچوونی سەقامگیریی هەرێم جگە لە زیان لە بەرژەوەندیی هیچ كوردێكدا نییە، بۆیە پێوستە بە بەپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەدا بكرێ، چونكە ئەم بابەتە پەیوەندی بە چارەنووس و ئایندەی كورد و هەرێمەكەیەوە هەیە و هەوڵیش زۆرە ئەم ڕەوشە بەرەو تێكدان ببرێ. فاكتەری سەرەكییش بە بڕوای من ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی نەكرێ.. خراپیی بارودۆخی ئابوورییش لەم كاتەدا زەمینەیەكی باشە بۆ مەرامی سیاسیی ناحەزانی دەرەوە و هاوبیرانیان لە ناوخۆ بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بەرەو تەنگژە و ناكۆكیی زیاتر ببەن، بۆیە خەڵكی كوردستان پێویستە بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەلومەرجەكەدا بكەن و خواستە ڕەواكانیان لە لایەن ناحەزانەوە نەقۆزرێتەوە بۆ مەرامی گڵاوی ئەوانەی خەون و ئاواتیان تێكدانی ئاشتی و ئارامیی كوردستان و شكستی حكومڕانیی كوردە.

دووریش مەڕۆن تەماشای عەرەبی سوننە بكەن بە چ دەردێكیان بردن.. ڕاستە ڕەوشی ئابووریی هەرێم خراپە، بەڵام پیلانی نەیار و ناحەزان بۆ تێكدانی ماڵی كورد، زۆر خراپترە.

هەواڵی پەیوەندیدار