مەرگی ئالان و ویژدانی شارلی ئیبدۆ

زکری مووسا
ئالان سیاسییەكی بەدكار نەبوو، سەركردەی سەربازی نەبوو، ئەو قاچاغچیی مرۆڤ و موخەدەرات نەبوو. خاوەنی هیچ ئایدیۆلۆژیایەكیش نەبوو بیەوێت مرۆڤایەتی ئازار بدات. ئالان تەنانەت زمانیشی نەبوو بتوانێ بەرگری لە بوونی خۆی بكات. ئالان ڕۆحێكی بێگەرد بوو، وێنە و چركەساتێك بوو بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی شەرم دایبگرێت و ویژدانی بهەژێت.
بڵاوبوونەوەی كاریكاتێری شارلی ئیبدۆ لەبارەی ئالانەوە، ئەو منداڵە كوردەی لە ڕێگەی كۆچ و پەناخوازی لەنێو ئاودا خنكا، جێگەی هەڵوەستەكردنە. ئەگەر ئالان نەمردبا و گەورە ببا دەستدرێژیی دەكردە سەر كچانی ڕۆژئاوایی. مامەلەی شارلی ئیبدۆ بۆ داتاشینی چارەنووسێكی وا نامۆڕاڵی، بۆ منداڵێك كە هەموو جیهان بەرپرسە لە مردنی مامەڵەیەكی سەتحی و هەرزەكارانەیە. قەزاوەتەكەی شارلی ئیبدۆ لەبارەی ئالان بێبەزەییانەیە، حوكمی پێشوەختەیە لەسەر ڕووداوێك كە هێشتا ڕووی نەداوە و، ئەگەری ڕوودانیشی زۆر كەمە. شارلی ئیبدۆ لە سەنتەری ئازادیخوازیی جیهاندا ئەو نامیهرەبانییەی بەرانبەر بە ژیانی خنكاوی ئالان كرد. ئەوە پێمان دەڵێ ویژدانی جیهانی ئازاد هێشتا لە خەوێكی قووڵدایە.
بۆچی دەبێ منداڵێك كە بە هیچ شێوەیەك بەرپرس نییە لەو كارەساتانەی لە دەوروپشتی هەیە و خۆی قوربانیی یەكەمە چارەنووسێكی وا پڕ لە شەرمەزاریی بۆ وێنا بكرێت؟ منداڵێكی بێتاوان كە دەرفەتی ژیانی لێ وەرگیراوە، بۆ دەبێ پێناسەیەكی وا نزمی بۆ بكێشرێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە هەناوی ئەو ڕوانگەیەدایە كە ڕۆژئاوا لە بەرانبەر ڕووداوە تڕاژیدییەكانی ڕۆژهەڵاتدا هەیەتی. ئەو ڕوانگەیە زۆرجار پڕكێشە و تاكڕەهەندییە و بووەتە مایەی ئەوەی ڕۆژئاوا بە باشی لە گرفت و قەیرانەكانی ڕۆژهەڵات و جیهانی سێیەم نەگات و، هەموو شتێكی ڕۆژهەڵات بە یەك پێوەر هەڵسەنگێنێت.
ئالان ڕۆڵەیەكی كوردە لەسەر خاكێك لەدایك بووە كە داگیركراوە و داگیركار ناسنامەی لێ زەوت كردووە. خانەوادەی ئالان لەبەر زوڵمی بەعس و وەحشیگەریی داعش ڕێی ئاوارەییان گرتەبەر. بەعس و داعش بە چەك و تەكنەلۆژیای ڕۆژئاوایی ژیانیان نەهێشت. لە مەرگی ئالان هەموو جیهان و ڕۆژئاوایش بەرپرسە. شارلی ئیبدۆ دەبوایە جیهانی سەرزەنشت كردبا كە ڕێگەی نەدا ئالان بژیێت.
ئەگەر بەعس و داعش نەبان، ئەگەر سایكس پیكۆ نەبا، ئەگەر هزری توندڕۆیی و شۆڤینیزم نەبان، ئەگەر چەكی كۆكوژ و تەقەمەنیی ڕۆژئاوا نەبان، ئالانیش ژیانێكی ئاسوودەی لە وڵاتی خۆی دەبوو و ڕێگەی غوربەتی نەدەگرتەبەر.




