پلانی چاکسازیی حکوومەت وەک ئەجێندایەکی نیشتمانی

د. ئاراس عەبدولکەریم
راگەیاندنی پلانی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە چاکسازی، دروستترین هەنگاوی واقیعی و پراکتیکییە بۆ ئەو بارودۆخەی کە ئێستا هەرێمەکەمانی پێدا تێدەپەرێ، بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە. بە مانایەکی تر بڵێین، لە ڕەوشی ئەو قەیرانە ئابوورییەی دووچاری هەرێمەکەمان بووە، حکوومەت ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیەتی، بە بەرپرسیارێتییەوە شانی داوەتە بەرو کاری بۆ دەکات.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی کۆی لایەنە سیاسییەکان و هێزە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە، کە چۆن و تا چەند بەشدارییەکی کارایان دەبێت لەم پرسەدا وەک پێکهاتەی چالاک و زیندووی نێو بنیادی کۆمەڵگا.
سەروەختی هەر قەیرانێک، هێز و لایەنەسیاسییەکانی کۆمەڵگا بەر لە هەر دامەزراوەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی، بە جیاوازی ئایدیا و ئەجێندای سیاسییانەوە، بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە، سەرجەم لە نێو ئەجێندایەکی هاوبەشدا خۆیان رێکدەخەن کە ئەویش (ئەجێندای نیشتمانی)یە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە.
ئێستا، کوردستان سەرباری قورسایی شەڕی داعش و بڕینی بوودجەکەی لە بەغداوە و بارگرانیی زیاد لە ملیۆنێک و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەناهەندە، دابەزینی نرخی نەوتیش بەو شێوە خێرایە، دووچاری قەیرانێکی ئابووری و دارایی جیددی بووە. یەکەم هەنگاوی راگەیەنراوی ئێستای حکوومەت، کە خۆی لە زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکاندا دەبینێتەوە، یەکەم ئەڵقەی دروست و عەقڵانیی ئەو زنجیرەی چاکسازییەیە کە لەم پرسەدا بشێ حکوومەت پرۆسەی بکات. بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بە باشی بنرێت و زەمینەیەکی پتەو بۆ هەنگاوی دوای خۆی بدۆزێتەوە دەبێ لە ئاستی ئەجێندایەکی نیشتمانیدا لێی بڕوانرێ بە تایبەت لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە بە پلەی یەکەم و پاشان میدیا و کۆمەڵگای مەدەنی، ئەگەرنا وێڕای سستی بەرێوەچوونی پرۆسەکە، ئاماژەیەکی خەتەرناکیش دەبێ بۆ نییەت و بەرنامەی سیاسیی تایبەت بە هەر لایەنێک کە هەر سستییەک لە بەشداربوون و پشتگیری ئەو ئەجێندا نیشتمانییەدا بنوێنێت.
ئێستا، خەڵکی کوردستان لە هەر شتێک زیاتر بەشداریی ئەرێنییانە و چالاکانەیان لە هەر لایەنێکی سیاسی دەوێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە و تێپەڕاندنی قەیرانەکە، نەک قۆستنەوەی ئەم قەیرانە بۆ مەرامی سیاسیی تایبەت لە میانەی زیاتر بێهیواکردنی خەڵک لە لایەک و، تانەدان و ناشرینکردنی هەر هەنگاوێکی پرۆسەی چاکسازی لەلایەکی ترەوە. ئەمە دیوە هەرە پاسیڤ و نەرێنییەکەی بەشداریی سیاسییە، کە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی حزبی گەمەیەکی زۆر ناشیرین بە عاتیفە و هەستی خەڵکی دەکرێت، بە شێوەیەکی روونتر بڵێین قوربانیدانە بە ئەجێندای نیشتمانی لە پێناو ئەجێندای حزبیدا، هەر میدیایەکیش بە هەر بیانوویەک بێ بەهەمان نەفەس ئاراستەکرابێ لە نێو هەمان ئەو ئەجێندا سیاسییە حزبییەدا دەخولێتەوە، ئیدی میدیای ئەو حزبە بێ یا سێبەر یان تەنانەت گەر لەدەرەوەی ئەو حزبەش بێ. پشتیوانیکردن یان نەکردنی پرسی چاکسازی بۆ هەر هێز و لایەنێک یەکسان نییە بە پشتیوانکردن یان نەکردن لە حکوومەت، هێندەی ئاماژەیەکی راستەوخۆیە بۆ پشتیوانیکردنی لە ئەجێندایەکی نیشتمانی لە دۆخێکی هەستیار و چارەنووسسازدا یاخود خەمساردی و خۆدزینەوە و غیابی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی.
هەر لەم روانگەیەوە، ئێستا هێز و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی و میدیاییەکانمان لەبەردەم پرسی (بەرپرسیارێتیی نیشتمانی) دان.
بەشداربوون و پشتیوانیکردن لە پرۆژەی چاکسازی، سەنگی مەحەکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر لایەنێک لەم قەیرانەدا.




