گۆڕانكارییه‌كانی جیهان به‌رده‌وامن

کەریم قادر
ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وڕووپادا هات، كۆتایی گۆڕانكارییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو له ناوچه‌ی دیكه‌ی جیهانیش دووباره ده‌بێته‌وه.
پێده‌چێ ئه‌وجاره نۆره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێت، كه نه‌خشه‌كه‌ی زۆر سه‌ر به كێشه‌یه، ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستاش ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه، كه كه‌س ناتوانێ خۆی لێ نه‌بان بكات یا ته‌ریك بكات، ئه‌گه‌ری گۆڕانكارییه‌كه‌ی نزیك كردۆته‌وه. هه‌ر بۆیه هه‌موو ئیتنی و ئاین و مه‌زهه‌به‌كانی له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن چاویان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانیه‌تی، كه دوای ئه‌وه‌ی تۆزی رووداوه‌كان ده‌نیشێته‌وه، نه‌خشه‌كه چۆن و كێ دایده‌ڕێژێته‌وه؟ واته كێ چی به‌رده‌كه‌وێ و چی له ده‌ست ده‌دات؟
ئه‌مریكا، كه له مێژه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حزوری له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، له‌م پێناوه‌شدا سه‌رپه‌رشتی زۆر گه‌مه‌ی كردووه، به‌ڵام ئه‌مجاره خۆی نه‌كرۆته خاوه‌نی شه‌ڕه‌كه، ره‌نگه كه‌وتبێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و بۆچوونه‌ی هنری كیسنجه‌ر، وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، كه له سه‌رینی كاردانه‌وه‌كانی ئه‌مریكا دوای رووداوه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر به‌رامبه‌ر " رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ی وه‌هابی" كردی، كه گوتی:" ئه‌مه شه‌ڕی ئێمه نییه، به‌ڵكو شه‌ڕی موسڵمانان خۆیانه، لێیان گه‌ڕێن با خۆیان ئه‌و شه‌ڕه بكه‌ن". هه‌مان قسه له‌لایه‌ن به‌رپرسی پێشووتری وێستگه‌ی سی ئای ئه‌ی له پاكستان به شێوه‌یه‌كی دیكه دووباره كراوه‌ته‌وه، كه گوتی" ئه‌وه شه‌ڕی خۆیانه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات". واته ئه‌وه شه‌ڕی جیهانی ئیسلام خۆیانه و شه‌ڕی ئه‌مریكا نییه.
**
بنه‌مای ئه‌و شه‌ڕه زۆر كۆنه بۆ كۆتایی سه‌رده‌می خه‌لیفه‌كانی راشدین ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك دوو هێز له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه‌وتنه شه‌ڕی یه‌كدی. كه سه‌یری قۆناغه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه ده‌كه‌ین، ده‌بینین ئه‌و شه‌ڕه ناوه ناوه به پاساو و ناوی جۆراوجۆره‌وه روویداوه.
دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامی به رابه‌رایه‌تی خوالێخۆشبوو ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له ئێران سه‌ركه‌وت و ویلایه‌تی فقهی ئیمامی هاته دامه‌زراندن، به‌تایبه‌تی كاتێك ئێران بۆ به سه‌پاندنی هه‌ژموونی شیعایه‌تی خۆی له ناوچه‌كه‌دا ستراتیژی هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی گرته‌بەر، ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو ترسی گه‌وره‌یان لێ نیشت. سه‌ره‌نجام به بیانووی ته‌قینه‌وه‌كانی زانكۆی به‌غدا به پشتیوانی سه‌ربازی و ماددیی هه‌ندێ وڵاتی عه‌ره‌بی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێرانی لێكه‌وته‌وه، كه له هه‌ردوولادا خه‌ڵكێكی زۆری تیاچوو، دوای كۆتایهاتنی شه‌ڕه‌كه ده‌سه‌ڵاتی عێراق، كه به‌هۆی تێچووه‌كه‌ی بڕستی لێبڕا، له لایه‌كی دیكه‌وه له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه ته‌واو قه‌به ببوو، دواجار به سه‌رمه‌ستی قائیدی ئو‌ممه‌ی عه‌ره‌بی و حامی به‌وابه‌ی شه‌رقی به بیانووی گه‌ڕانه‌وه‌ی "فه‌رع بۆ ئه‌سڵ" په‌لاماری كوێتی دا و داگیری كرد. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا نه‌بوایه، كه به پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی جیهانی لێیهاته وه‌ڵام، به وڵاتانی كه‌نداو به‌ری ئه‌و سه‌رمه‌ستییه نه‌ده‌گیرا. واته، كه ئه‌مریكا پێ حه‌سیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌لایه‌ن كه‌سێكی "سه‌رشێت" هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره، به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌ی كرد، كه تا رووخانی 12 ساڵی خایاند.
دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی حكومڕانیی عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانی شیعه، كه راسته‌وخۆ فه‌رمانیان له تارانه‌وه وه‌رده‌گرت، جارێكی دیكه ئه‌و شه‌ڕه كۆنه، سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه، سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵێك گرووپی توندڕۆی ئیسلامی له مه‌یدانه‌كه ده‌ركه‌وتنه‌وه، كه ته‌نها له عێراقیان پێك نه‌هاتبوون، به‌ڵكو خه‌ڵكی به ره‌گه‌ز عه‌ره‌بی وڵاتانی دیكه‌شی تێدا بوو. له به‌رانبه‌ریشدا ئێران، له پاش ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند مه‌زارگه‌یه‌كی شیعه، به‌ناوی پاراستنی شوێنه پیرۆزه‌كانی شیعه له وڵاتانی دیكه‌وه ملیشیای شیعه‌ی ره‌وانه‌ی عێراق كرد، پاش كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا شه‌ڕه‌كه به شێوه‌ی دیكه سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه و قۆناغی تۆڵه‌كردنه‌وه زیاتر په‌ڕه‌یگرت، حكوومه‌ته‌كه‌ی مالیكی به‌ناوی پشتیوانیكردن له تیرۆر یه‌ك به یه‌ك كه‌وته راونان و ده‌ركردنی ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا نوێنه‌ری سوننه بوون، تا گه‌یشته دروستكردنی چه‌ته‌كانی داعش، كه تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه و ناوچه سوننه‌نشینه‌كان له عێراق و سووریادا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می ده‌ستی ئه‌و چه‌تانه‌ن.
دوای رێككه‌وتنی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا له‌باره‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی و درێژه‌دان به ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ناوچه‌كه گه‌ڕێكی دیكه‌ی ئه‌و شه‌ڕه ده‌بینین، كه پێشتر سعوودیا له به‌حرێن به ناردنی درعی جه‌زیره و هێزی ئاسمانی له یه‌مه‌ن به‌ناوی عاسفه‌ی حه‌زم روبه‌ڕووی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه بۆوه، كه به سه‌رپه‌ڕاندنی شێخ نمر و كاردانه‌وه‌كانی شیعه له عێراق به سوتاندنی مزگه‌وتی سونه‌كان رووی راسته‌قینه‌ی شه‌ڕی تایفی له ناوچه‌كه ده‌ركه‌وته‌وه، كه ئه‌م شه‌ڕه هه‌ر روو ده‌دات، چونكه به‌شێك له وڵاتانی كه‌نداو پشتیوانی‌یان له‌و بڕیاره‌ی سعوودیا كرد و وڵاتانی سوننه‌مه‌زهه‌بی غه‌یره‌عه‌ره‌بیش به كارێكی ناوخۆی سعوودیایان وه‌سف كرد، له به‌رانبه‌ریشدا شیعه‌ی ئێران و وڵاتانی دیكه به تاوانیان وه‌سف كرد و هێرشیان كرده سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودیا. واته شیعه‌ی جیهان بوونه ته‌ره‌فگیری ئێران. ره‌نگه له ساڵانی داهاتووشدا زیاتر گڕ بگرێ، به‌تایبه‌تی، كه پڕیشكی بگاته پاكستان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی.
***
ملیشیا جۆراوجۆره‌كانی شیعه وێڕای جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی نێوان گرووپه‌كانی، به‌ڵام له‌و شه‌ڕه‌دا یه‌كگرتوون. به پێچه‌وانه‌وه گرووپه سوننه‌كان له‌ناوخۆدا ناته‌بان و شه‌ڕی هه‌مووان ده‌كه‌ن، به قه‌ولی خۆیان شه‌ڕی" سه‌لیبیانیش" ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش گومانه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێستای تۆختر كردۆته‌وه، كه وێرای ئه‌وه‌ی رۆژانه مۆڵگه‌كانی داعش، كه لایه‌نێكی شه‌ڕه‌كه‌یه له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌وه بۆردومان ده‌كرێ، به‌ڵام هێشتاش به هێزه و چه‌كی پێشكه‌وتووی هه‌یه و خه‌ڵكی نوێ په‌یوه‌ندی پێ ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌و قسه‌یه‌ی ئوسامه نوجێفی راستییه‌كی تێدایه، كه ده‌ڵێ "ئێرانییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردم، ئه‌گه‌ر هاوكارییان نه‌كه‌م، مووسڵ راده‌ستی داعش ده‌كه‌ن." ره‌نگه هۆكارێكی مانه‌وه‌ی داعش په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌بێت، كه ئێران نایه‌وێ داعش له‌ناو بچێ، چونكه له لایه‌ك سوودی بۆ ستراتیژییه‌كه‌ی هه‌یه، له‌لایه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر داعش له‌ناوبچێ ملیشیاكانی شیعه ده‌كه‌ونه گیانی یه‌كتر و هه‌ر یه‌كه‌یان شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن.
له‌م شه‌ڕه‌دا هیچ مه‌زهه‌بێك ئه‌ویدیكه‌ی پێ له‌ناو ناچێ، كه ئه‌مه‌ش مه‌به‌ست نییه، به‌ڵكو درێژه‌دانه به‌و شه‌ڕه، به‌ڵام دواجار ئه‌مریكا و رۆژئاوا هه‌ر ده‌بێ ته‌ده‌خول بكه‌ن، چونكه كه زیاتر ته‌شه‌نه بستێنێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان چ له ناوچه‌كه و چ له وڵاتانی خۆیاندا ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئه‌و شه‌ڕه له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت، به‌رده‌وام لێشاوی په‌نابه‌ران گه‌وره‌تر ده‌بێ، كه گه‌وره‌تریش بوو ده‌بنه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئه‌و ئازادییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له‌وێ هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له جه‌ژنی سه‌ری ساڵ له چه‌ند وڵاتێكی ئه‌ورووپایی روویدا. كه دواجار به‌ناچاری سه‌رده‌كێشێ بۆ گۆڕینی هه‌ندێ له یاساكان به به‌رژه‌وه‌ندیی په‌نابه‌رانه‌وه.
****
كه‌واته، نۆره‌ی هاتووه بۆ كۆنترۆڵكردنی شه‌ڕه‌كه به له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازییه ئه‌تنی و مه‌زهه‌بیه‌كان، نه‌خشه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه به شێوه‌یه‌كی نوێ بكێشرێته‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێ دۆخی ئێستا عێراق به نموونه وه‌ربگیردرێ، كه به كرده‌نی بۆ سێ وڵات دابه‌ش بووه، هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كورد، هه‌رێمی شیعه‌نشین له‌لایه‌ن شیعه، هه‌رێمی سوننه‌نشین له‌لایه‌ن داعش كۆنترۆڵ كراوه. ئه‌مه نموونه‌یه‌كی به‌رده‌ستی ناوچه‌كه‌یه، كه پێویست ده‌كات له‌به‌رچاو بگیردرێ.
واته، رووداوه‌كانی سه‌ر زه‌وی ئه‌وه ده‌ڵێن، كه گۆڕانكارییه جیهانیه‌كان به‌رده‌وامن و نۆره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاتووه، كه له پێناو ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا نه‌خشه‌كه‌ی بگۆڕێت. له‌م نێوه‌نده‌دا كورد، كه وه‌ك ده‌ڵێن مێژوو غه‌دری لێكردووه، به‌ڵام ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌م قه‌رزاری كورده، هه‌م پێویستی زۆریشی به كوردستان هه‌یه، پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه لێی ده‌خوزاێ به پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌ردی خۆی بكات، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كات، ناتوانێ وه‌ك پێویسته ئه‌و ده‌رفه‌ته بقۆزێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی نه‌كرد، نه‌وه‌ی داهاتوو، كه دۆخه‌كه ده‌خوێنێته‌وه به‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌هۆی گردنه‌بوونه له ده‌وری پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نه‌یانتوانیوه سوود له گۆڕانكارییه‌كان وه‌ربگرێ، سه‌ردانی گۆڕه‌كانیان ناكات.




