٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

جەنابی سەرۆكی هەرێم و پەیامی بەرپرسیارەتی

سەرچاوە: KDP.info

عارف ڕوشدی

گورانكارییەكانی ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت زیاتر ڕوشن دەبنەوە. هاوكات ململانێی هێزە ناكوكەكانی هەرێمی لە لایەك و، دوو زلهێزە جیهانییەكە لە لایەكی دیكەوە لە هەڵكشان و پەرەسەندندان، هەرچەندە ركابەرایەتیی جەمسەرە هەرێمییەكان لە ناوەڕۆكدا بە پێوەری مێژوویی لە ڕەگەزی ئایینزاییدا خۆی دەنوێنێ، بەڵام لەهەمان كاتدا لە ڕەهەندی جیۆسیاسی و ئابووری جیا ناكرێتەوە.
ڕووسیا و ئەمریكا، بێجگە لە مەبەستی باڵادەستیی جیۆسیاسی و دەستگەیشتن بە سەرچاوەكانی وزە، لە ئاستی ئاسایشی نەتەوەییاندا لەو باوەڕەدان، نەخشەی سایكس – پیكۆی لێوانلێو لە توخمەكانی دژبەرایەتی ڕقاویی چەندان سەدە، توانای ڕاگرتنی باڵانسی وڵاتانی ناوچەكە نەماوە، لە بواری خۆبەرێوەبردن و پاراستنی هێمنی پێكەوه‌ژیانی پێكهاتەكان، هەروەها سەقامگیریی بەرژەوەندیی زلهێزەكان، بە پێچەوانەوە ژیلەمۆی ئاڵوزییەكانی تاییفی و نەتەوەیی لە هەر دەرفەتێكی لە باردا، ئامادەیی تەقینەوەیان هەیە، هەروەك چۆن لەم ڕاپورتە شیكارییانەدا باری شڵەژاوی ناوچەی روژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بۆ كراوە:
- مؤشر السلام العالمی ... لمعهد الاقتصاد والسلام الدولی
- اطلس المخاطر السیاسیە لعام 2014
- مؤشر الدول الهشە لعام 2014 لصندوق السلام
ئەمریكا، لە ئەنجامی سیاسەتی خۆپارێزیی پیادەكراوی ڕووسیا، بێهاوتا بووە لە چارەسەركردنی كێشەكانی جیهانی و ڕوژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لەوەتەی رێبەرایەتیی (پووتین) سەروكاری ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، بەتایبەتی لە خولی دووەمی سەركرداتییەكەیدا، خوازیاری ماڵئاواییكردنە لە سیاسەتی گوشەگیری و بە هەموو توانایەكییەوە لە هەوڵی كوتاییهێناندایە بە جیهانی یەكجەمسەری. بە كوردی و بە كورتی، بەشدارەكانی ناوچەیی و جیهانی لە بەگژاچوونەوەی تیرۆردا (داعش)، به‌پێی لۆژیكی بەرژەوەندیخوازی لە چالاكیی هەمەلایەندان و، سەرگەرمی داڕشتنەوەی ماستەرپلانێكی نوێن بۆ نەخشەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەرێمی كوردستان لە ناوەندی ڕووداوەكاندا گیرساوەتەوە، لە سێرەی دوژمنداریی داعش ئامانجێكی سەرەكی بوو، بە هیممەت و فیداكاریی گەلەكەمان و، خۆڕاگریی هێزەكانی پێشمەرگە و دیپلۆماسییەتی كارای سەرۆك بارزانی، ئەمریكا و هێزە هاوپەیمانەكانی دەمودەست بڕیاری دابینكردنی هاوكارییان دا، بەڵكو هێزەكانی پێشمەرگە بە نازناوی (شەرەفمەنمدیی بەرگریكار لە دونیای ئازاد)یان ناوەزد كرد.
بۆیە پێویست دەكات، هێزە سیاسییەكانی هەرێم و پارچەكانی دیكەی كوردستان، لە ئاستی بەرپرسیارەتیی نیشتمانیدا، ئاگادار و هۆشیاری (بۆسە و تەڵەی) نەیار و دۆستە ڕووكەشەكان بن، لە بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبی و ناكۆكیی لاوەكی دوورەپەرێزبن.
بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایین، جەنابی سەرۆكی هەرێم، لە پەیامێكی بەرپرسیارانەدا وێڕای دیاریكردنی مەترسییەكان و هاتنە پێشەوەی دەرفەتی لەبار بۆ گەلەكەمان، لە بارەی ناكوكییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمەوە، بانگەوازی ئاشتەوایی و یەكریزی ڕاگەیاند، سەبارەت بە بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم، هەرچەندە لە ڕووی كردارییەوە وەك (دیفاكتۆ) كێشەیەك لە ئارادا نییە، بەڵام لە پێناوی ڕەواندنەوەی هەر تەمومژێك لە ڕووی (یاساییەوە)، سێ هەڵبژاردەی ڕاگەیاند و حزبەكانی سەرپشك كرد لە هەڵبژاردنی یەكێكیان، ئێستا تۆپەكە لە نێو گۆڕەپانی حزبەكاندایە، پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گەل و وڵات، دوور لە دەمارگیری و كەرب و كینە، بژاردەیەكی گونجاو و هاوتەریبی هەل و مەرج و مەترسییەكان دەستنیشانی بكەن، پێكەوە بەرەو جێبەجێكردنی قوناغەكانی پڕوژەی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانیی دیموكرات و پێشڤەڕووی كوردستان هەنگاو بنێن، گەل و وڵات ئاسوودە، خۆیشیان لە فەرمانی نەرێنی مێژوو ڕزگار بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار