كوردستان پاشكۆیی قبووڵ ناكات
به‌كر ئه‌حمه‌د ئاكۆ
بابه‌تی سەربەخۆییی کوردستان، به‌گوێره‌ی ده‌ركه‌وته‌كانی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ناوچه‌كه پێیدا ڕه‌ت ده‌بێ، ته‌نیا له قاڵبی درووشمی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌ماوه‌ته‌وه؛ ئێستا له‌سه‌ر ئاستی دونیایش پرسێكی جیددیه و چووه‌ته قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه.
له 12 ساڵی رابردوودا كورد نیشانی دونیای دا كه بێت و ددان به مافه ڕه‌واكانیدا بنرێ، له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی شیعه و سوننه‌دا، ده‌وڵه‌تی عێراقی دیمۆكراتی فیدراڵ لەسەر بنەمای شەراكەتی هه‌ردوو نەتەوەی كورد و عارەب بنیات بنێ؛ كه‌چی حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا نه‌ك ھیچ حیسابێكیان بۆ بنه‌مای شه‌ڕاكه‌ت نه‌كرد كه ده‌ستووری له‌سه‌ر نووسرابووه‌وه، پابەندی ھیچ بەڵێن و رێكکەوتنێكیشیان نه‌بوون له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا؛ بۆیه ئه‌و عێراقه هه‌رگیز بنیات نه‌نرا.
با ڕوونتر بڵێین، ئه‌وان به‌وه‌ی بوودجەیان له هه‌رێم كه‌م كرده‌وه و دواتر به‌یه‌كجاری بڕیان، كه پارەی پێشمەرگەیان هه‌ر نه‌دا، كه بە رێكکەوتنه‌كانی نه‌وته‌وه پابەند نەبوون و مادده‌ی 140یان پشتگوێ خست و به چه‌ندان پرسی دی، نیشانیان دا ھەمان ڕوانگای رژێمەکانی پێشووی عێراقیان به‌رانبه‌ر به کوردستان ھەیە. به‌م شێوازه له حوكمڕانیی 13 ساڵییاندا بریاربه‌ده‌ستانی ئەم دوو پێكهاتەیە(شیعه و سوننه) سه‌لماندیان، كورد به شەریكی خۆیان قبووڵ ناكەن.
عێڕاقی عاره‌ب كه به هۆی ململانێی مه‌زهه‌بییه‌وه به‌سه‌ر دوو بیری توندڕۆی دژ به‌یه‌كدا دابه‌ش بووه، تا دێ قه‌یرانه‌كانی قووڵتر ده‌بنەوە، ئه‌م هزری توندڕۆیی و تاییفیه‌یشیان ڕه‌گی قووڵ و مێژوویی داكوتاوه و، كوردستان نایه‌وێ تێوه‌ی بگلێ. بۆیه ده‌بێ ددان به‌و راستییه‌دا بنێین، مانەوە لەگەڵ عێراق كه له گیانه‌ڵادایه، پەلكێشبوونه بۆ ئه‌و ململانێ تاییفی و مه‌زهه‌بییه و، به واتای مانه‌وه‌ی گەلی كوردستانه لەناو ئاگرێكدا كه دواجار ده‌یسووتێنێ. دونیایش ئه‌م حه‌قیقه‌ته ده‌زانن، هه‌ربۆیه زۆر له وڵاتان پشتگیریی لە خواستی گەلی كورد دەكەن و، له ڕێی مێدیاكانه‌وه به ئاشكرا و له‌سه‌ر زاری خۆیانه‌وه گوێبیستی ئه‌و ڕاستییه بووین. به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی وڵاتانی ناوچەكەن به تایبه‌ت ئه‌وانی كوردستانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش كردووه، به‌ڵام به هۆی كێشه‌ی نێوخۆییان و جه‌نگی سووریا و عێراقه‌وه، كه ته‌بایی و هەماهەنگیی جارانیان نه‌ماوه تا لە دژی خواستی سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا بوەستنه‌وه، نه‌ك هه‌ر ده‌رفه‌ته‌كه‌ی له‌بارتر كردووه، ناچارن وەك ئەمری واقیع قبووڵی بكەن.
ئه‌وی گرینگه ئاماده‌یی نێوخۆیییه بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی، كه ئاواتی هه‌ر تاكێكی گەلی كوردستانە، هه‌ڵبه‌ت سەرباری بوونی ناكۆكیی سیاسی لە ناوخۆدا، ئێستا لایەنە كوردستانییەكان ئه‌ركی سیاسی و مێژووییان كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆ، بۆیێ لە هەموو دۆخێك‌دا ده‌بێ مل بۆ ئیرادە و ئاواتی خەڵك كەچ بكەن و پشتگیری لە سەربەخۆیی بكەن. ده‌بێ هه‌موو وێكڕا له پێناو ده‌ربازكردنی هاونیشتیمانیان له‌و دۆخه ناله‌باره‌ی تێیكه‌وتوون، به‌رژه‌وه‌ندیی حزبییان وه‌لا بنێن و به ڕۆحی نشتیمانیانه پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن. ئاخر گەلی كوردستان كه لەپێناو پاراستنی خاك و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یدا خوێنی زۆری داوە، له وه‌ها ده‌رفه‌تی كه‌موێنه و چاره‌نووسسازیشدا ده‌بێ ئه‌و لایه‌نی هێشتا له ڕق و كینه‌ی مێژووییاندا ده‌ژیێن، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و سیاسه‌ته‌یان بن، ئه‌گه‌ر نا ده‌كه‌ونه به‌ر نه‌فره‌تی گه‌لێكی سه‌ربه‌خۆییخواز و، مێژوویش ره‌حمیان پێ ناكات.
كاتی ئه‌وه‌یه لایه‌نه‌كان پشتیوانی هه‌وڵه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی بن كه سه‌رۆك بارزانی ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات؛ تاكو به یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزیی، دەوڵەتێك دابمه‌زرێ، به‌هاكانی ئینسان تێیدا پارێزراو بن و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیش لە ئاشتی و ئازادی‌دا بژیێن. ده‌وڵه‌تێك بێ، پەیامی ئاشتی به ناوچەكە بدا و پێیانڕابگه‌یه‌نێ كه كوردستان نه‌ك سەرچاوەی هەڕەشە و تیرۆر نییە بۆ سەر ناوچەكە و جیهان، به‌ڵكه دەبێت به پارێزه‌ری كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی و ناوەندێكی سەقامگیری له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.




