٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تۆكمەبوونی مرۆڤی كوردستانی

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

سەربەخۆییی كوردستان تەنیا دیاریكردنی سنوور و هەڵكردنی ئاڵا و ددانپێدانانی وڵاتان نییە. سەربەخۆییی كوردستان تەنیا ڕزگاربوون نییە لە بەندی داگیركار. تەنیا ئەوە نییە ببیتە خاوەنی زمانی ڕەسمی و پارە و ڕەگەزنامە و هێڵی ئاسمانی. سەربەخۆیی تەنیا سەروەری و ناردنی باڵیۆز بۆ وڵاتان نییە.
سەربەخۆییی كوردستان پەیوەست نییە بە پارتێكی سیاسی، بەڵكو دەستكەوتێكە هەموو خەڵكی كوردستان لێی سوودمەند دەبێت. سەربەخۆیی پڕۆسەیەكی بەرفراوان و قووڵی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی فرەڕەهەندە. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا سەربەخۆییی كوردستان واتای سەربەخۆییی تاكی كوردستانییش دەدات لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕ و شێوازی ژیان و نەهجی سیاسی. سەربەخۆیی تۆكمەبوونی ئینسانی كوردستانییە بۆ ژیانێكی ئاسوودە و پێشكەوتن، ئەویش لەژێر ناونیشانێكی ڕوون. لە دۆخی سەربەخۆییدا ئیتر هیچ پایتەختێك بڕیار لەسەر قووت و ئابووریی كوردستان نادات. كوردستانیان بەرپرس دەبن لە بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و ئابووریی خۆیان. لە دۆخی سەربەخۆییدا پێشمەرگە موڵكی حزبەكان نییە، بەڵكو موڵكی گەل و پارێزەری كوردستانە.
لە سەربەخۆییدا حزبەكان ملكەچی یاساكان دەبن و بۆیان نییە لە دەرەوەی چوارچێوە و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت بجووڵێنەوە و پەیوەندیی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتان دروست بكەن.
لە دۆخی سەربەخۆییدایە كە دەكرێ دەستی مافیاكان ببڕدرێن و پلانی درێژخایەنی ئابووری بۆ دەوڵەت دابڕێژرێت. لە سەربەخۆییدا ئیتر ئینسانی كورد كۆتایی بەوە دەهێنێت هەمیشە بە شێوەیەكی كاتی بژیێت.
دەوڵەت ڕووداوێكی مەزنە كە لە ژیانی هەر گەلێكدا تەنیا یەكجار ڕوو دەدات و، دووبارە نابێتەوە. هەم ئامرازە و هەم ئامانج، چونكە هەڵگری بەها و ژیان و هێز و نەمرییە. دەوڵەت مانای مەزنی و شكۆ دەدات بۆ هاووڵاتی و خاك و دەستەڵات. دەوڵەت دامودەستگایەكی خۆسەپێن نییە كە ئازادیی مرۆڤ بەرتەسك دەكات وەك هەندێ خەڵك بۆی دەچن. لە ڕاستیدا دەوڵەت پەرژین و پارێزەری ژیانە و ڕێگەیەكە بۆ گەییشتن بە بەختەوەریی گشتی. ئەگەر وا نەبا سەتونەوەدوپێنج دەوڵەتمان لەسەر گۆی زەوی نەدەبوو و خەون و ئاواتی گەلانی بێ دەوڵەتیش نەدەبوو و، كەسیش ناچار نەدەبوو سنوور بە دەوری خۆیدا بكێشێت.
دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتێكی دیموكراتی دەبێت، كە تێیدا كەرامەتی مرۆڤ پارێزراوە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بە ئاشتی و یەكسانی و ئازادی لەگەڵ یەكتردا دەژیێن. ئەو كوردەی لەژێر هەر بڕوبیانوویەكی ئایدیۆلۆژی و حزبی یان ڕقی مێژووییدا دژایەتیی دەوڵەت و سەربەخۆیی بكات و، بیەوێ بچووكی بكات و لەپێش چاوی خەڵك بیخات، ناپاكی لە خۆی و گەلەكەی دەكات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار