٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

راپۆرتی خەندان، نەزانیی مێدیایی و نیەتی خەراپ

سەرچاوە: KDP.info

حوسێن کوردنەژاد

رووپێویی کۆمپانیایەکی ئەمریکایی ده‌رباره‌ی ئامار، بابەتی راپۆرتێکی خەندان بوو لە 7ی یەکی 2016دا.
ئەم راپۆرتە، چۆنیەتیی بڵاوکردنەوەی لە لایەن خەندانەوە هەم جێی داخە هەمیش بێبایەخە وەک رووپێو.
ئەم رووپێوە لە مانگی ئوتی 2015دا لە لایەن 'ئێن دی ئای'یەوە ئەنجام دراوە. هێندێک پرسیار و هێندێکیش وه‌ڵام ریز کراونەتەوە، لە چەند دێردا باسی چەند خاڵانی دەکەین کە بۆ کورد گرینگن:
•هیچ رووپێو و راپۆرتێک بێئامانج و مەبەست نییە لە دنیادا و ئەو ئامانج و نیەتەش هەر لە داڕشتنەوەی پرسیارەکاندا خۆی نیشان دەدات.
•خۆێندنەوە و تەرجومەی ئەم راپۆرتانە گرینگترین بەشی کارەکەیە، هەر کەس و لایەنەش لە روانگەی خۆیەوە ئەم داتا  و ئامارانە تەرجومە دەکاتەوە و شتی لێ دەردێنێت. بەڵام لە هەمانکاتدا هەر کەس و لایەنەش ناتوانێ بە کەیفی خۆی تەرجومەیان بکاتەوە، دەبێ توانایەکی زانستی و رووناکبیری هەبێ تاکوو قسەکەی هەڵگری مەنتێقێک بێت و بایەخی هەبێ.
•لە کوردستاندا لەبەر لاوازیی سەرمایەی مرۆڤی وڵات بە گشتی و میدیای وڵات بە تایبەتی و هەبوونی مێنتالیتی و رۆحیەی کۆلەتی- کلۆنیال-(خۆبەکەمزانین) لە نێو هێندێک کەم خۆێندەواردا وا وێدەچێت کە هەر نووسراوەیەک ناوێکی بیانی و ئینگلیزی لەسەر بوو ئۆتۆماتیک دەبێتە جێباوەڕ و بایەخ، بیری رەخنەگرانەی شارەزا لە پرۆسەی کاری میدیای وڵات و لەم کەیسەشدا لە لای خەندان دیارە یان زۆر لاوازە یان هەر  بوونی نییە.
•وا وێدەچێت ئەو کەسانە کە ئەم راپۆرتەیان بڵاو کردووەته‌وه‌ زیاتر سەرقاڵی ئەوە بووبن  کە چۆن بۆچوونی "سیاسی"ی خۆیان بە دیزاین و هەڵبژاردنی مانشێت و هەڵبژاردنی رەسمێکی تووڕەی سەرۆکی هەرێم، بە مەبەستی شکاندنی کورد پێشکەش بکەن، لە جیاتی ئەوە کە راپۆرتەکە بخوێننەوە و بزانن کورد گوتەنی چەندی بە چەندە.
با بچینە نێو راپۆرتەکەوە:
لە 2014دا ئەم پرسیارانە بوونە بناغەی ئەم رووپێوە:
- داخوا گرفتەکانی ئاسایش بەره‌و کەمبوونەوە دەڕۆن و ئەمە وادەکات کە گشت لایەک چاو و سه‌رنجیان بچێتە سەر پرسە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانەوە؟
-عەبادی دەتوانێ ئەو ئاستە بەرزەی  پشتیوانییەکەی بپارێزێت؟
-بۆچوون و تێگەیشتنی سوننەکان لەسەر گرفتە تایفییەکان بەرەو باشی دەچێت؟
-کوردستان پێوەندی خۆی لەگەڵ بەغدادا باشتر و بە هێزتر دەکات؟
هەر چۆن کە لە کوردستاندا بە وردبوونەوە لە پرسیارێکی رۆژنامەوانێکی کورد بە ئاسانی مرۆڤ دەتوانێ بزانێ کە ئەو رۆژنامەوانە سەر بە کامە لایەنی سیاسییە، لەم رووپێوانەشدا هەروایە، دیارە پرسیارەکانی ئەم رووپێوە سەر بەو بۆچوونە نین کە؛ وڵاتێکی یەکگرتوو بە ناوی عێراق نەماوە و لەسەر راش ساز ناکرێتەوە و هەر هەوڵێکیش بۆ سازکردنەوەی دووبارەی ئەم وڵاتە خزمەتە بە ئێران و رووسیا لە ناوچەکەدا.
دیارە ئەم رووپێوە سەر بەو بۆچوونەیە کە؛ عێراق ماوە و عەبادی بە هێزە و دەتوانێ کورد و سوننە کۆ کاتەوە لە حکوومەتێکی ناوەندیدا و کورد و سوننەش دەبێ لەگەڵی رێککەون.
ئەم رووپێوە هەم لاوازە هەمیش بەشەکانی لە دژی یەکتردانە و بە پێچەوانەی یەکترین، بۆ نموونە 65% لایان وایە کە پەرتەوازەیی تایفی بەرەو خەراپی دەروات، بەڵام سەرەڕای ئەوە دەنووسن کە 81% خەڵکی عێراق پشتیوانی حەشدی شه‌عبین لە شەڕی دژی داعەشدا و 50% سوننەی عێراق لایەنگری لە حەشدی شه‌عبی دەکەن؟!!
وەک هەموو روپێوێکی تر دەکرێ جۆرها دەرئەنجامی لێ دەربهێندرێت، هەر بەو جۆرە کە خەندان کردوویەتی بە مانشێت:- زۆرینە لە مەسعوود بارزانی ناڕازین – ئەمە سەردێری خەندانە، با بزانین ئاماری رووپێوەکە دەڵێت چی؟
•یەکەم شت کە خەندانی باسی ناکات ئەوەیە، کە ئەم رووپێوە بەشێکی زۆری لە نێو خەڵک بە گشتیدا نەکراوە، بەڵکوو لە نێو ئەندامان و لایەنگرانی ئەحزابدا کراوە.
•دووەم 82% کورد خوازیاری سەربەخۆیین، بابەت و پرۆژەیێک کە مەسعوود بارزانی قسەکەر و بەرێوبەری یەکەمیەتی نەک هەر لە باشووردا بەڵکوو لە ئاستی کورد بە گشتیدا.
•سەرەرای لەسەرەخۆبوونی پرۆسەی سازکردنی سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگە تەنانەت لە نێو حیزبییەکانیشدا 50% پێیان وایە پێشمەرگە یەکگرتووە.
•سەرەرای جیاوازییە سیاسییەکان 94% پێیان وایە کورد تووشی شەڕی نێوخۆیی نابێت. ئەمە شیعارێکی سەرەکیی بارزانییە.
•سەبارەت بە شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆک 47% خوازیارن کە سەرۆک لە نێو خەڵکدا راستەوخۆ هەڵبژیردرێت و 46% لایەنگری ئەوەن کە لە پارلاماندا بێت.
•سەبارەت بە حکوومەت 60% لە حکوومەتی کوردی رازین.
•کەمکردنەوەی دەنگ؛ پارتی 7% و گۆڕان 1% کەمی کردووە و یەکێتی1% زیادی کردووە، گرینگە بزانین کە حیزبێک لە دەستەڵاتدا بێت و وڵاتیش لە پرۆسەیەکی مێژوویی گۆڕاندا بێت، کەمکردنەوەی 7% دەبێ بە بەهێزیی ئەو حیزبە حەسێب بکرێت نەک لاوازی. بە تایبەت ئەگەر سه‌رنج بدەینە دوو نیشاندەری گرینگ کە دەرخەری ئەوەن کە لە کەیه‌وه‌  رێژەی ئەمە کە خەڵک پێیان وابێ کە کوردستان بەرەو باشی دەڕوات روو لە کزی کردووە، وه‌ڵامی ئەم رووپێوە مانگی نۆی ساڵی 2013یە، یانی لە شەڕفرۆشتنی ئێران و بەغدا بە هەرێم بە رێگای برینی بوودجەوە. خاڵێکی تری پێوەندیدار ئەوەیە کە لە کەنگێوه‌ خەڵک پێیان وایە کە کوردستان بەرەو خەراپی دەڕوات؟ وه‌ڵامی ئەم رووپێوە ئەوەیە کە لە مانگی  دوازدەی2014ئەوە خەڵک حەز دەکەن کە شتەکان بەرەو خەراپی دەڕوات.
کورتەی قسە:
کورد کەوتووتە ناوەڕاستی مەیدانی شەڕی هەرێمی و جیهانییەوە، ئەم رووپێووە دەریدەخات کە هیچ هیوایەک بە بەغدا ناتوانێ لە ئارادا بێت، هەرکام لەم چوار قەیرانە(برینی بوودجە، دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعەش و نێزیک بە دوومیلیۆن ئاوارە) کە کورد تووشی بووە، هەر یەکێک لەمانە بەسە بۆ ئەوە کە وڵاتێک ئیفلیج بکات. خاڵە سەره‌کییەکانی پەیامی بارزانی بەپێی ئەم رووپێوە تەنانەت لە نێو حیزبەکانیشدا دەنگ و رێژەی بەرزی هەیە وەک: سەربەخۆیی، یەکگرتوویی پێشمەرگە و سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات لە نێو خەڵکدا، مەحاڵبوونی شەڕی نێوخۆیی، ئەمانە گرینگن و ئەو رێژە دەنگەی بارزانی لە کاتێکدا لە حیزبەکەی لە حکوومەتدایە و بۆ خۆی وڵات بەڕێوە دەبات لە کاتی قەیران و شەڕدا رێژەیەکی بێوێنەیە بە پێچەوانەی سەردێڕی خەندان، بەرزترین رێژەی دەنگی حیزبی سۆسیالدێمۆکراتی سوێد لە سەردەمی ئینگوار کارلسۆندا بوو کە بوو بە 45%، لە سەردەمی ئێستای وڵاتی ئێمەدا ئەگەر لە نێو حیزبەکاندا سەرۆک 41% دەنگی هەبێ، بە پێچەوانەی سەردێڕی خەندان عەقڵ حوکم دەکات کە نەنووسرێت- زۆرینە لە مه‌سعوود بارزانی ناڕازین- ئەمە جێی داخە. دەبێ هەموو لایه‌کمان پشتیوانی پێشمەرگە بین و هەموو لایه‌کمان هاوکار بین تا ئەم مەرحەلە دژوارە لە مێژووی میللەتی خۆمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنین، ئەگەر هەڵەمان کرد بە خۆماندا بچینەوە، هیوادارم خەندانیش وا بکات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار