سه‌رۆك بارزانی و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

دانا مه‌نمی
هه‌رله‌و كاته‌ی باشووری كوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیسته‌كانه‌وه لكێنراوه به عێراقه‌وه، تا هه‌نوكه گه‌لی كورد له‌لایه‌ن ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به‌عسیزمه‌وه له‌ژێر باری چه‌وساندنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تێدایه، ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی ته‌نها دیاری‌یان بۆ كورد سه‌ركوتكردن و ته‌عریب و ڕاگواستن بوو، كاتێكیش حزبی به‌عس به كوده‌تایه‌كی گوماناوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی گرته ده‌ست له عێراق، قۆناغ به قۆناغ سیاسه‌تی له ناوبردن و تواندنه‌وه‌ی شوناسی كوردی له پله‌ی به‌رزبونه‌وه‌دا بوو، تا گه‌یشته به‌رزترین لووتكه كه ئه‌ویش به كارهێنانی سیاسه‌تی ئه‌نفال و گازی كیمیایی بوو له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید.
سیاسه‌تی ته‌عریب و ته‌بعیس و ڕاگواستن ، سیاسه‌تی ویژدان كڕین و جاش به‌خێوكردن، سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی داب و نه‌ریت و شیواندنی سه‌روه‌ریی گه‌لی كورد، سیاسه‌تی سوتاندنی خاكی كوردستان و لێكترازانی ئابووری، سیاسه‌تی كوشتن و ئازاردان و له‌سێداره‌دان، سیاسه‌تی تۆوكردنی به‌دڕه‌وشتی و دزی و چه‌ته‌یی، سیاسه‌تی پێچانه‌وه و شاره‌به‌ده‌ركردنی رۆشنبیران و نووسه‌ران، ڕسكاوی ده‌ستی به‌عسیزم بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان.
هه‌ڵبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی سیاسی هیچ چین و توێژ‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، شۆڕش و خه‌باتی ڕزگاریخوازی هیچ گه‌لێك، سیاسه‌ت و رۆشنبیری هیچ هه‌رێمێك به‌بێ تیۆرێكی شۆرشگێرانه به ئه‌نجام ناگات، دیراسه‌كردنی دیرۆكی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی كورد به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی خه‌بات و شۆرشی بارزانییه‌كان دیراسه‌یه‌كی كرچ و كاڵه و نازانستی و ناعه‌قلانییه، نامانگه‌یه‌نیته كه‌ناری ئارامی و معریفه‌ی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت، كاتێك ڕێككه‌وتننامه‌ی (11 ئازاری 1970) له نێوان باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد (مسته‌فا بارزانی) و (ئه‌حمه‌د حه‌سن به‌كر) سه‌رۆككۆماری عیراق واژۆ كرا، كه به‌رئه‌نجامی دوو ساڵ گفتوگۆی چڕ‌و پڕی نێوان سه‌ركردایه‌تی كورد و حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بوو، هه‌ڵبه‌ت ڕێككه‌وتنامه‌ی 11ی ئازار ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره و گرنگ بوو، ددانی نا به چه‌ندین مافه گرینگ و مێژوویی نه‌ته‌وه‌یی كورددا، ئه‌و ده‌میش هێز و فشار و كاریزمای (بارزانی نه‌مر) بوو كه چۆكی به سه‌رۆككۆمار و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی به‌عس و پارتی به‌عسدا هێنا.
ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان درووشمی خه‌بات و قۆناغی چه‌كداری بوو له شاخ، ئه‌م درووشمه له‌گه‌ڵ دۆخ و واقیع و قۆناغی چه‌كداریی میلله‌ته‌كه‌ماندا ده‌گونجا، ئۆتۆنۆمی جگه له كۆمه‌ڵێك ئیمتیازاتی فه‌رهه‌نگی و ئیداری له چوارچێوه‌ی یاسای بنچینه‌یی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندیدا، شتێكی پتر نییه، ئۆتۆنۆمی له هه‌ر شێوه و به‌رگێك و به‌هه‌ر ناویكه‌وه بێـت، هه‌ر ئازادیی میلله‌ت به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنووردارن، هه‌موو جۆره ئازادییه‌كیش له ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه، هه‌رچه‌ند ده‌سه‌ڵاتت زیاتر بێت، ئه‌وا پله‌ی ئازادیت به‌رزتر ده‌بێت، درووشمی ئۆتۆنۆمی دروشمێكی ئیدیالیستانه‌یه، واته چوارچێوه‌یه‌كی به‌رته‌سك و ته‌نگه‌به‌ری هه‌یه و ناتوانێت ئاوێنه‌ی باڵانوێنیی ویست و داخوازییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ببێت، له جه‌وهه‌ریشدا ئۆتۆنۆمی لێڵ و نادیاره، وه‌لێ ئێستا بارودۆخی سیاسی و خه‌بات و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌كان بۆ به ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانیان له سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌كه گۆڕانكاری ڕیشه‌یی به خۆوه بینیووه، سه‌رده‌می بلۆكی سۆسیالیستی گوزه‌شت، درووشمی ئۆتۆنۆمی ناتوانێت ئامانجی میلله‌ته‌كه‌مان بهێنێته دی، له مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردوودا گۆڕانكاریی گه‌وره به‌سه‌ر جیهاندا هاتووه، گۆرانكارییه‌كان به‌رئه‌نجامی جه‌نگ و داگیركاری و دابه‌شكاری بوون له نێوان هێزه ئیمپریالیسته‌كاندا، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونی بزووتنه‌وه‌كانی ڕزگاریخوازی گه‌لان و پێكهینانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
سه‌دان نه‌ته‌وه ئازادیی نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی نیشتیمانیان به ده‌ست هێنا، نه‌ته‌وه‌ی كوردیش چه‌ندین جار هه‌لی ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی بۆ ره‌خساوه، یه‌كێك له‌و هه‌له مێژووییانه سه‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان بوو به‌سه‌ر ئیمپریالیستدا، كاتێك ڕێككه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ر له ساڵی (1920) هاته ئاراوه، له به‌نده‌كانی (62 و 63 و 64) مافی دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی خاوه‌ن ئۆتۆنۆمی بۆ سه‌لمێندرا، كه باكوور و باشووری كوردستانی ده‌گرته‌وه، به‌ڵام كورد له ئاكامی زنجیره‌یه‌ك پلانی ده‌ره‌كی و نێوخۆیی بۆ له‌باربردنی كیانی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد، نه‌ك هه‌رنه‌بووه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو ئازادییشی لێ زه‌وت كراوه و جارێكی تر نیشتیمانه‌كه‌ی داگیر كراوه‌ته‌وه.
كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی له ماوه‌ی ساڵانی (1972 تاكو 1992) ڕه‌شترین ڕۆژگاره‌كانی ته‌مه‌نی خۆی له سایه‌ی حوكمی به‌عسیزمدا گوزه‌راند، به‌بئ ئه‌وه‌ی هیچ ناوه‌ندێكی نیوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبداتێ و بێپه‌ناو پشتیوان بوو، وه‌لێ ئێستا له پاش ڕووخانی ڕژێمی فاشیزمی به‌عس ئه‌گه‌رچی نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌ك له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و جیابوونه‌وه له عێراق له‌لای هه‌ندێك وه‌ك تاوانی نیشتیمانی سه‌یر ده‌كرێت، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی كوردستان له چاوه‌ڕوانیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندان كه له دوای ڕیفراندۆم بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و جیابوونه‌وه له عێراقی عرووبه پێكهێنانی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بدات.
بانگێشتی فه‌رمیی سه‌رۆك بارزانی له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌ورووپا و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و توركیای جیرانمان، جگه له‌وه‌ی ددانپێدانانێكی فه‌رمییه وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵ بانگیشت كراوه، به دیوێكی تردا وه‌ك كاراكته‌رێكی گرینگی ناو هاوكێشه سیاسییه‌كان بۆ سه‌قامگیریی سیاسی و چه‌سپاندنی ئاسایش و ئاشتی سه‌یر ده‌كرێت، هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له پێناو دروستكردن و پاڵپشتیی هه‌رچی زیاتری وڵاتانی ئه‌ورووپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ دروستكردنی ستاتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه، هه‌میشه سه‌رۆك بارزانی له كۆبوونه‌وه‌كانیدا و له‌گه‌ڵ نوینه‌ر و كۆنسووڵگه‌ریی وڵاتان ڕاگه‌یاندووه كه (كورد ئه‌و مافه‌ی هه‌یه سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت).
له پشتی لێدوانه فه‌رمییه‌كانی سه‌رۆك بارزانییه‌وه له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، گریمانه‌ی نیوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی هه‌یه، كه پشتگیری و پشتیوانیی كۆنكرێتین و ده‌كرێت وه‌كو فاكت سه‌یر بكرێن، چاكتر وایه خه‌ڵك بئ ئیراده نه‌بن چاره‌نووسی خۆیان نه‌به‌ستن به هه‌ندێك هێزی سیاسییه‌وه كه جگه له موزایه‌دات و درووشمی كرچ و كاڵ و بێناوه‌رۆك، هیچی تریان لێ سه‌وز نابێت.




