٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كۆنسووڵكوژ، داعشپەروەر، حەشددۆست

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە بەرپرسیاره‌تی ڕادەكەن. ئامادە نین شان بدەنە بەر ئەو تەحدییات و گرفتانەی بەرۆكی كوردستانیان گرتووە. لەگەڵ ئەوەیشدا كار بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكان و پەلكێشكردنی خەڵك بۆ قەیرانی تازە دەكەن. بەردەوام سەرقاڵی شەڕی ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی درۆ و دەلەسە و یەكترشكاندن و بەهەڵەتێگەیاندنی هاووڵاتیانن.
ئەوە لە حاڵێكدایە كوردستان لە مێژووییترین قۆناغی ژیانی خۆیدا دەژیێت كە پڕیەتی لە دەرفەتی گرانبەها و هەڕەشەی گەورە.
كوردستان وا لە دەرگەی سەربەخۆیی دەدات كە ئاواتی لەمێژینەی گەلی كوردستانە و دۆزە ڕەواكەی لە ئاستی جیهانیدا جێگەی ڕێزە. كوردستان خوێن دەدات و لە شەڕێكی دژوار و بەرفراواندایە لەگەڵ تیرۆریستان، بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی و بێپلانیی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی دوو ملیۆن ئاوارە، تەنگیان بە ژیانی هاووڵاتیان هەڵچنیوە. ئەو هۆكارانە وادەكه‌ن زیاتر لە هەموو كاتێك لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە، بۆ ئەوەی تەحەدییات تێپەڕێندرێن و سوود لە دەرفەتەكانیش وەربگیرێت.
كارنامەی لایەنە سیاسییەكان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا مایەی شەرمەزارییە. كەسیان ئامادە نین لە بابەتی سەربەخۆییدا نیازپاكانە و نیشتیمانپەروەرانە بجووڵێنەوە و لە هەرزەگۆیی و هێنانەوەی بڕوبیانووی بێسوود بترازێ، شتێكی تریان بۆ سەربەخۆیی نییە. بەشی زۆری باری قورسی شەڕی داعش لە سەرشانی لایەنێكی سیاسییە و ئەوانی دی خۆی لێ ناكەنە خاوەن. لە بەڕێوەبردن و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بەرگریكردن لە ئاڵا و بەهاكانی كوردستانیش، چیڕۆكەكە هەر وایە. تەنیا جنێو دەدەن، كۆسپ و تەگەرە دروست دەكەن و هەوڵی پەكخستنی حكوومەت دەدەن و لە بەرپرسیاره‌تی ڕادەكەن هەرچەندە سوودمەندی سەرەكین لە بارودۆخەكە. تەنانەت ڕێز لە خوێن و قوربانیدانی پێشمەرگەیش ناگرن. بەشێكیان داعشپەروەرن، هەندێكیان حەشددۆستن، ژمارەكیان پلان بۆ كۆنسووڵكوژی و ڕفاندنی موهەندیسان دادەنێن.
هەر هەموویان لە قەیرانی تەنزیمی و فیكری و ماهیەتی قووڵدا دەژین. زۆر ڕووقایمانە عەیبوعار و ئۆباڵی فەشەلی سیاسی و هزریی خۆیان دەخەنە ئەستۆی خەڵكی تره‌وه‌. بۆ داپۆشینی ئابڕووچوونیان لە عەبەسیەتی سیاسیدا، سەرۆكایەتیی هەرێمیان كردووەتە نیشان. ئەو دامەزراوەیەی سەركەوتووترین دامەزراوەی كوردستان بووە لە ئەرك و كارەكانیدا، كە بریتین لە دۆسیەی شەڕ و دیپلۆماسی و ئاساییش. بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی ئەلتێرناتیڤیان نەبووە، كاندیدیان نییە و هەڵبژاردن و هیچ دەستپێشخەرییەكیش پەسەند ناكەن و پڕۆژەكانیشیان نیسابی یاسایی وەدەست نەهێنا. ویستیان وڵات تووشی بۆشایی ببێت و لە شەڕی داعشدا چۆك دابدات و بڕووخێ، بۆیە هەموو ڕێگەیەكیان گرتەبەر بۆ ئابڕوبردن و دروستكردنی ناسەقامگیری و، بارەگاكانی پارتیان سووتاندن و منداڵی خوارووی پانزەساڵیان كردنە قوربانی. بێكارەبایی و نەبوونی مووچە و فەشەلی خۆیان لە حوكمڕانیدا خستە ئەستۆی سەرۆكی هەرێمه‌وه‌. ئەوە لەحاڵێكدابوو ئەوان زیاتر لە مافی خۆیان دەرفەتیان پێ درا بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە شانازی و بەرپرسیاره‌تی و دروستكردنی مێژوو و، دەستیشیان بە فراوانی هاتە نێو حوكمڕانییه‌وه‌. بەڵام ڕق و عەبەسیەت و پووچخوازییان لەوە بەهێزتر بوو، چاویان بكەنەوە و نیازپاكانە كار بۆ وڵاتەكەیان بكەن و، خۆیان بە بەرپرس بزانن لە ئازارەكانی وڵات. دەبێ ئەوەیش بزانن ئەوەی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ لە قەیران و شكستەكاندا، ئەوەی ماندوو بێت و قوربانی بدات، مافی ئەوەیشی دەبێ قسەی یەكەم بكات و ببێتە خاوەنی سەركەوتنەكان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار