ئه‌گه‌ر قاره‌مانیی كورد نه‌بوایه سوپای عێراقیش دانه‌ده‌مه‌زرا!

عه‌قید دڵشاد مه‌ولوود
6/1ـی هه‌موو ساڵێك كوردستان دوای ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانی، ئه‌نفال و كوشتن و وێرانكردنی شار‌و دێهاتی كورد، دژایه‌تی كردنی شۆڕه‌شه یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی كوردستان و بینینی هه‌زاران مه‌ینه‌تی له‌ده‌ست ئه‌م سووپایه دا، كه‌چی هێشتا به بۆنه‌ی رۆژی دامه‌زراندنی سووپای عێراقه‌وه رۆژێك ده‌كاته پشوو، به‌ڵێ پێویسته بكرێته پشوو، چونكه هه‌موو كات ئێمه‌ی كورد ویستوومانه به‌بێ جیاوازی له‌گه‌ڵ عێراقێكی یه‌كگرتوودا به‌هێز و پته‌و به هه‌موو ئایین و ئایینزاكانه‌وه بژین و به‌شداریش بین له بونیاتنانی عێڕاقێكی به‌هێز، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو كات رژێمی عێراق پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیر و هزره‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد جوڵاونه‌ته‌وه، نموونه‌یه‌كی زۆر ئاسایی له سه‌ر سووپای عێراق، ئاخۆ ئه‌و سوپایه چۆن درووست بوو، كورد چ رۆڵێكى هه‌بووه.
پاش كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دابه‌شكردنی میراتی جه‌نگی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌سه‌ر براوه‌كانی جه‌نگدا، به‌پێی رێكه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆ ئه‌م به‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ناوی خاكی عیراقی لێنراوه له ژێر چاودێری به‌ریتانیادا (انتداب) ده‌سه‌ڵاتێكی شانشینی بۆ عیراق دانراو (مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ) كرا به یه‌كه‌م مه‌لیكی عیراق، پاش رازیبوونی وه‌زیر مستعمراتی به‌ریتانی (وینستون چرچڵ) بڕیار درا كه حكوومه‌تێكی كاتی بۆ عیراق دابمه‌زرێنرێت به سه‌رۆكایه‌تی (عه‌بدولڕه‌حمان نه‌قیب)، (جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری) به‌یه‌كه‌م وه‌زیری به‌رگری عیراق دانرا كه كوردێكی ره‌سه‌نی لای چه‌مچه‌ماڵ بوو.
گه‌ر به چاوێكی بابه‌تیانه بڕوانینه مێژووی دامه‌زراندنی سووپای عیراق و 6 ی كانونی دووه‌می ساڵی 1921، جێی خۆیه‌تی كه به به‌شێك له مێژووی سه‌ربازی گه‌له‌كه‌مانی دابنێین، چونكه له كۆی 14 چوارده له‌و ئه‌فسه‌رانه 9 ئه‌فسه‌ریان له ئه‌فسه‌رو پله‌باڵا بڕیارده‌ركان له سه‌رۆك و لیژنه داینه‌مۆ و دروستكه‌ره‌كانی دامه‌زراوه‌كه ئه‌فسه‌رانی كورد په‌روه‌ربوون، كه‌وا رۆحی نه‌ته‌وه په‌روه‌ری تیایاندا له پله‌یه‌كی باڵادا بوو به‌پشت به‌ستن به‌و ئه‌زموونه‌ی كه له ناو سوپای عوسمانی‌دا بینیبوویان و له به‌شداریكردنیان له یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی و ئه‌و خولانه‌ی كه له سوپای ئه‌ڵمانیادا بینیبویان، چونكه ئه‌وكات ئه‌فسه‌رانی ئه‌ڵمانی مه‌شقیان به به‌شێكی زۆری سووپای عوسمانی ده‌كرد، له پێش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی بۆ بڕیاردان له درووستكردنی سووپا، كۆمه‌ڵێك له ئه‌فسه‌ر كۆده‌بنه‌وه له ماڵی (عه‌بدولقادر ئه‌لخزێری) له به‌غدا, كه ده‌كه‌وێته رۆخی رووباری دیجله، له پاشان هه‌ر ئه‌و ماڵه‌ش ده‌كرێت به یه‌كه‌م باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق و (جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری) خۆیی وه‌ك یه‌كه‌م خۆبه‌خشی سووپای عیراقی ناوزه‌ند ده‌كات و، پله‌ی تێكڕای ئه‌فسه‌ر و پله‌داران داده‌گه‌ڕێنێته خواره‌وه بۆ دوو پله له پله‌كه‌ی پێشوتریان، به‌هۆی بارودۆخی سه‌ره‌تای سووپاوه له‌و ده‌مه دا، پله‌ی خۆی و نووری سه‌عید له فه‌ریق داده‌گرێت بۆ لیوا و، هه‌موو ئه‌فسه‌رانی تریش به‌هه‌مان شێوه، ئه‌مه بۆ یه‌كه‌م جار كه سووپای عێراق دامه‌زرا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، دواى رووخانى رژێمى به‌عس و له‌كاتی شاڵاوی ڕزگاركردنی عێراق له ساڵی 2003دا پاش ده‌ركردنی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سووپای عیراقی له‌لایه‌ن حاكمی سه‌ربازی ئه‌و كاته‌ی عیراق، ئه‌مه‌ریكا هه‌ستی به‌وه كرد، كه كارێكی ئاسان نییه، بتوانێت به ته‌نها پڕۆسه‌ی ئه‌منی عێراق بگرێته ئه‌ستۆ، بۆیه بڕیاری دا سووپای عیراق دابمه‌زرینێته‌وه به پێكهاته و شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی پێشتر، یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی نێو پڕۆسه‌كه بوون، له سه‌ره‌تادا ته‌نانه‌ت ئاسایش و ئه‌منیه‌تی پارێزگای به‌غدا له %80ـی به ده‌ست كورده‌وه بوو و زۆرێك له فه‌رمانده‌ی فرقه‌كان و پۆسته گرینگه‌كان به‌ده‌ست كورده‌وه بوون, وه‌ك سووپاسالاری عیراق، فه‌رمانده‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری و فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی عیراق كه كورد بوون، به‌ڵام به هۆی هه‌ڵه‌ی سیاسی سه‌ركرده‌كانى عه‌ره‌ب و نه‌وبوونی هیچ ئنتیمایه‌كی رۆحی و سه‌یرنه‌كردنى تاكی كورد وه‌ك به‌شێك له عێراق، هه‌روه‌ها ئه‌و سوپایه زیاتر ئاڕاسته‌ی خۆی ڕوه و مه‌زهه‌بی تایه‌فه‌گه‌ری گۆڕی و وایكرد تا پێش ڕوداوه‌كانی پێكهێنانی عه‌مه‌لیاتی دیجله ڕێژه‌ی كورد بوو به له %3 له ناو وه‌زاره‌تی به‌رگری، له وه‌زاره‌تی ناوخۆشدا بوو به رێژه‌ی له %1، ئێستا پاش ڕوداوی مووسڵ ئه‌و رێژه‌یه زۆر زیاتر كه‌می كردوه، زۆر هۆكاریش هه‌ن له پشت دابه‌زینی ئه‌م ڕێژه‌یه‌وه‌ن، هه‌روه‌ها له به‌رامبه‌ریشدا هێزی پێشمه‌رگه سه‌لماندی كه ته‌نها ماڵی ئارام بۆ ئه‌فسه‌رانی كورد ئه‌و هێزه‌یه كه بتوانێت پارێزگاری كه‌ر بێت له هه‌موو پیرۆزیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و، بی سه‌لمێنێ كه ئه‌وه‌ی به سووپای عیراق ناكرێ، هێزی پێشمه‌رگه زۆر به جه‌سورانه ده‌توانێت شه‌ڕی گه‌وره‌ترین و دڕنده‌ترین هێزی وه‌حشیگه‌ری جیهان بكات.
ئومێده‌وارم له داهاتوویه‌كی نزیكدا كه چۆن له سایه‌ی سه‌ری پێشمه‌رگه‌و سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌ررۆكی هه‌رێمی كوردستان خۆری ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌ڵاتووه، ئاواش به‌روارێك دیاری بكرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته جا نه‌ورۆز بێت یان هه‌ر به‌روارێكی دی، تا شكۆمه‌ندی پێشمه‌رگه‌ش به‌دریژای مێژوو و نه‌وه له‌دوای نه‌وه ئه‌و ئاڵای شكۆمه‌ندیه بسپێرن به یه‌كتری له ناو دامه‌زراوه‌یه‌كی مۆدێرنی سه‌ربازیدا رۆژی تایبه‌ت به پێشمه‌رگه هه‌بێت.
به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و دورستكردنی سووپایه‌ك له سایه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌داو پێكهێنانی هێزێكی تۆكمه‌و پۆڵاین هۆكارێكی تر ئه‌بن بۆ دیاریكردنی ئه‌م ڕۆژه كه هه‌موو تواناكانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی تێدا كۆببێته‌وه به هه‌موو ره‌نگه جیاوازه‌كانییه‌وه هه‌ر چه‌ند هه‌نگاوی پیرۆز و گه‌وره نراوه له‌م ڕوه‌وه وه، به‌ڵام هێشتاماوه, ئه‌بێ قوربانی بۆ بده‌ین.




