وەرنەوە بەر کڵاوڕۆژنەی خۆری ئاڵا پیرۆزەکەی کوردان

شەماڵ بۆکانی
كه باسی بوونبەدەوڵەت دەکرێت، دوو بۆچوون و دوو خاڵی سەرەکی دێتە ئاراوە، یەکەم هۆکاری دامەزراندن، دووهەم ئامرازی بەڕێوەبردن.
هۆکاری دامەزراندن پاسا و هەڵناگرێ و نەتەوەیەک وەکو کورد کە خاوەن جیۆگرافیا و کولتوور و زمانی سەربەخۆ و جیاوازە، مافی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێ، دێموگرافیی ناوچەکەش هەڵگری باوەڕێکی حاشاهەڵنەگرە بۆ یاسای بەڕێوەبردنی (نەتەوەدەوڵەت) نەک دەوڵەتنەتەوەی زۆرەملێی وەک ئێران و تورکیا و، ئەو سووریا و عێراقە داوەشاوە.
دیارە لە باوەڕی "نەتەوەدەوڵەت"ـدا مافی نەتەوە کەمینەکانیش لەبەرچاو دەگیرێ؛ جا کورد کە خۆی ئەو هەموو ستەمەی لێ کراوە، چاک لە ئازاری کەمینەکان تێدەگا و، خوا هەڵناگرێ لەو چەند ساڵەیشدا کە دەسەڵاتی باشووری کوردستانی گرتووەتە دەست، مافی کەمینەکانی پاراستووە، ئیتر چ دینەکەیان لە کەمینەدا بووبێتن، چ نەتەوەکەیان، فەرقی پێ نەکردوونە و، لە بیست ساڵەدا بە کردەوەیش سەلماندوویەتی.
ئەوەی ئامانجی ئەم نووسراوەیە لە خاڵی دووەمدا خۆی زەق دەکاتەوە و دەبێتە وەڵامێک بۆ ئەو کەس و لایەنانەی بۆ چەواشەکاری لەسەر ئەو باوەڕەن کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نییە و چاویان لە هەموو ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەیی و جیهانی دەنوقێنن، ئەمە لە حاڵێکدایە ئەگەر وردەکارە سیاسییەکانیش بەهەند وەرنەگرن، خۆ کۆتاییهاتنی سایکسپیکۆ لە کەس شاراوە نییە و تەنانەت کەسێکی ئاساییش لە زەرورەتی کۆتاییهاتنی دەگات .
ئەوان پاساویان ئەوەیە ژێرخانی ئابووری لاوازە و ئەم قەیرانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، ناشێ بۆ بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بندرێت، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی ئەوان و خەڵکی سڤیلی وڵاتەکەم دەبێ بگوترێ خاڵی دووهەم واتە بواری ئابووری دەچێتە قۆناغی یاسای بەڕێوەبردن و بەشێک لە فەلسەفەی ئابووری، کە بە بوونی دەوڵەت و نەبوونی دەوڵەتیش واتە وەک فیدراڵی ئەورۆییش بێت چارەسەرێکی ڕیشەییی دەبێت بۆ بکرێت نەک وەک ئێستا لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی ئەویش بۆ باوەڕێکی تاکەکەسی ببنە لەمپەر بۆ گەیشتن بە خەون و ئاواتی لەمێژینەی گەلەکەمان؛ ئەویش واتە بە لێکترازانی ناوماڵی کورد و داوای سەیروسەمەرە و گەڕانەوە بۆ باوەڕی سەردەمانی ئەمارەتەکانی ئەردەڵان و بابان و میرنشینی سۆران! ئەو کاتەی وا کورد وەک عەشیرەت سەیر دەکرا، بۆ ئەم بۆچوونەش گوێیەک هەڵخەن بۆ ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە و حەفتا پەڕۆکەی و دۆڕانخوازان و هاوباوەڕانی کە خۆیانیان لێ بووەتە بلیمەت، کەچی لە هەمانکاتدا یاسای سەرەکی بە دەوڵەت بوون و فاکتەرگەلی بەهێزی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەیان لەبیر چووەتەوە و، بۆ ئەوەی چەواشەکاری بگاتە ئاستی تایبەت بە چاوپۆشی لە ستراتیژیکی جیۆگرافیایی شنگال و باکووری کوردستان و دەوڵەتی تورکیایش بەرەو سنوورەکانی ئەورووپا بۆ هەناردەکردنی بەهێزترین کارتی ئابووری، باسی تیجارەت لە دەریای هاوبەشەوە دەکەن کە کوردستان چۆن دەتوانێ بەبێ بەندەری دەریایی ئابوورییەکی بەهێزی ببێت، ئەمە لە حاڵێکدایە ئەم بوونبەدەوڵەتە بۆ ئێستاکە باشووری کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام ئەوان بۆ هەڵخڕانی دژمنکارانەی دراوسێکان و پڕکردنی گیرفانی خۆیان ئاراستەکە بۆ لایەکی تر دەگوێزنەوە!
با پرسیارێکی تر بێتە ئاراوە؛ باشە پێتان وایە ئێستا خراپتر بین کە بەغدا بەشە بوودجەی هەرێمی ڕاگرتووە و بەهێزترین گرووپی تیرۆریستی بە درێژایی هەزاروچەند کیلۆمەتر شەڕمان لەگەڵ دەکات و، جیا لە خەرجی ڕۆژانەی ئەم شەڕە كه ئاوارەیش پەنایان هێناوەتە کوردستان و ئاستەنگیان بۆ ئاسایشی نیشتمانی دروست کردووە؟
تا ئێرە با ڕووم تەنیا لە خەڵکی سڤیل بووبێت، بەڵام لێرەوە ڕوو دەکەمە ئەو کەس و لایەنانەی کە لە حکوومەت و ئیدارەی ئەم وڵاتەدا بەشدارن، لە سیاسەتی جیۆگرافیادا کە پێکهێنەری سەرەکی دەوڵەتە، نەوت و گاز و کانزا چ ڕۆڵێک دەگێڕن؟
مەگەر هەموو ئەقڵی سیاسی لەسەر ئەوە کۆک نین کە باوەڕی ئیستیعماری بە شێوەیەکی نوێ و دوور لە جیۆگرافیای دەسەڵاتی مۆڵگە، یاسای خۆی دەبات بەڕێوە؟
ئەو کاتانەی سەرۆک بارزانی پاش گەڕانەوە لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا، داوای دروستبونی ژوری عەمەلیاتی کرد بۆ تاوتوێی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڕایان وا بوو بە تەنیا ئەمە بەس نییە و ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییەکی تایبەتی هەیە؛ کاتێکیش دیسان سەرۆک بارزانی سەردانی وڵاتانی کەنداو و بە تایبەت سعوودیای کرد بەبێ لەبەرچاوگرتنی خاڵی ئەرێنیی سعوودیا لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا ئەمەتان تەنیا بە سەردانێکی حزبی وەسف کرد! چاوتان لەوەش پۆشی کە زۆرینەی دانیشتووانی باشووری کوردستان بە ئایین ئیسلامی سوننەن و پشتیوانیی ئەم وڵاتە دەتوانێ چ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لە داهاتووی کوردستاندا هەبێت و، بە چاوی خۆشتان بینیتان چ پێشوازییەک لە سەرۆک کرا.
ئێوەیەک وا ڕۆڵی قارەمانانەی پیشمەرگەتان لەبەر چاو نییە و سیاسەتی سەرۆکایەتیتان بۆ بەرزکردنەوەی ناوی پێشمەرگە و پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز و کۆمەڵگا جیهانییەکان بەلاوە گرینگ نییە، خێرە باوەڕتان بە زڕەسیاسەتی حزبێکی حەفتا پەڕۆیە کە لە ماوەی چەند ساڵدا چەندین ئایدیای بنەڕەتی خۆی ڕەت کردەوە و، هەر ڕۆژە خەون بە شێوە دەسەڵاتێکەوە دەبینێت، کەچی کە پارەی دی، دەبێتە گۆپاڵدەستی وڵاتانی دژەکورد و حاشا لە بوونی دیمۆگرافیی کوردان دەکات کە بەهیزترین خاڵی بوونەدەوڵەتە.
بەوەش نەوەستان و بێڕێزیتان بەو ئاڵایە کرد کە بە بەڵگەی مێژوویی یادگاری کۆماری کوردستان و نەمر پێشەوایە و لە شارێک هەڵدرا کە شوێنی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانییە، دیارە ئەمە تەنیا باڵەکانی پەکەکە نەیانکرد، ئەوانەشی لە پشتەوە بوو کە لەم ڕۆژانەدا بۆ ئەوەی نەکەونە بەر نەفرەتی گەلی کورد و مێژوو ڕایانگەیاند هەرکەس پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان نەکات لەم وڵاتەدا پێگەی لە دەست دەدات.
پەشیمانی درەنگ نییە؛ وەرنەوە بەر کڵاوڕۆژنەی خۆری ئاڵا پیرۆزەکەی کوردان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.




