کێ ئاڵامان دەپارێزێت؟

بەختیار شاخی
داگیرکەرانی کوردستان، بۆ شکاندنی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی کورد، هەموو ڕێگەیەکیان گرتەبەر. ئەنفال، کیمیاباران، پەتی سێدارە، وێرانکردنی شار و گوندەکانمان و تێکدانی ژینگەی کوردستان، گەلی ئێمەیان بەچۆکدا نەهێنا و مکوڕتر لەجاران لە خەبات بەردەوام بووە. بۆیە داگیرکەر، ڕێگەی دی بۆ شکاندنی گەلەکەمان گرتووەتەبەر. کە لەم هەوڵیدا، میدیایەکی تێکدەر و نائەهلی کوردستانی، بووەتە مەقاشی دەستیان.
* سەرەتا لە پەنای بیرێکی چەپی مونحەریف و شموولییەوە، بە هاوکاریی یەکدوو قەڵەمفرۆشی کوردزمان، دەستیان کرد بە شێواندنی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان و، بێڕێزیکردن بە ڕەمز و پیرۆزییەکانمان.
* دوای ئەوە لە ڕێگەی خەتێکی وابەستەی خۆیان لەناو ئیسلامی سیاسیدا، بێڕێزییان بە "ئەی ڕەقیب" کرد، کە ملیۆنان کورد بە بیستنی، تەزوو بە لەشیاندا دێت.
* لە نوێترین هەوڵی داگیرکەراندا، لە رێگەی کەسانی بەکرێگیراو و دیسان چەپی مونحەریف و خەتی دژەنەتەوەیی ناو پەکەکە، بێڕێزیییان بە ئاڵای کوردستان کرد. ئەوان کە چاویان بە ئاڵای کوردستان هەڵنایەت، سەرەتا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان قەدەخە کرا و پەلاماری مەراسیمەکە درا، دواتر جاشپاسدارێک، کە لەپیناو ڕێگەگرتن لە پارتە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حزبێکیشی وەک کلکی پەکەکە لە ڕۆژهەڵات، بۆ دروست کراوە، ناماقووڵیی بەرانبەر ئاڵای کوردستان و شۆڕش و بەرخودانەکانی کوردستان کردووە.
* بێ گومـان هەنگاوی دواتری ئەوانە، بەردەوامبوون لەسەر هەوڵی لەتکردنی خاکی کوردستان و پەلاماردانی ناوی پیرۆزی کوردستان دەبێت و، ڕەنگە ئیدی هەوڵ بدەن کۆمەڵێک چەمکی سەمەرەی خۆیان بسەپینن.
- جێی سەرسوڕمان نییە کە هەم دوژمنان و هەمیش بەکرێگیراوەکانیان، پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی بە ئامانج دەگرن، تەنانەت ئاڵای کوردستان بە "ئاڵای بنەماڵەی بارزانی" ناو دەبەن. ئەوی جێی تێڕامان و نیگەرانییە ئەوەیە: ئاڵایەک کە دەیانهەزار کەس لەپێناویدا گیانی خۆیان بەخت کردووە و زۆربەی پارتەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان لەسەر بارەگاکانیان هەڵیان کردووە، کەچی تا ئەم ساتەیش، جگە لە میدیاکارانی پارتی، یەک حزب و لایەنی کوردستانی وەڵامی هەوڵی نەزۆکی داگیرکەران و دەمدرێژییەکانی خۆفرۆشانیان نەداوەتەوە.
لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتان ڕێز لە ئاڵای کوردستان دەگیرێت و، دەوڵەتێکی سەرسەختی وەک تورکیا لە کاتی پێشوازیکردن لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، بەپێی پرۆتۆکۆڵی فەرمیی پێشوازیی لە میوانە فەرمییەکان، ئاڵای کوردستان دادەنێت، کەچی تاقمێکی بەناو کورد، بەو دیمەنە تەنگاو دەبن و پەلاماری ئاڵاکەمان دەدەن. پرسیار ئەوەیە: ئایا تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزەری ئاڵای کوردستانە؟ ئایا بەرگریکردن لە پیرۆزییەکانی کوردستان تەنها ئەرکی یەک لایەنی ئەم وڵاتەیە؟ ئایا لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، دەستیان لە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی خۆیان هەڵگرتووە؟
بۆچی ڕووی تیرەکان لە پارتی و بارزانییە؟ ئەم پرسیارە دەمێکە هەیە و وڵامەکەشی ڕوونە، پارتی بێ ترس و دوودڵی خۆی بە پارێزەری ئاڵا ناساندووە و ئەو ئاڵایەی بەرز ڕاگرت، پارتی خۆی بە بەرپرسیاری ئایندەی سیاسیی کوردستان دەزانێت، ئەرکی گرانی شەڕ دژی تیرۆریستانیش لەو هەوڵانەی کەم نەکردەوە و خواستی خۆی بۆ سەربەخۆیی وڵات نەشاردووەتەوە و بە جیدی کاری بۆ دەکات و لە دەرگەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەدات، کار بۆ دانانی بناخەیەکی پتەوی ئابووری دەکات و لەو پێناوەشدا لەبەرانبەر دژایەتیی نەیاران و پاشقوڵی نامەردانەی بەشێک لە شەریکەکانیشی خۆی ڕاگرتووە.
دۆخی ناوچەکە هەم تەحەدای گەورە و هەمیش دەرفەتی گەورەی بۆ گەلەکەمان هەیە، ئەم دۆخە پەردە لەسەر ئەوە لا دەدات کێ بۆ چ ئامانجێک تێکۆشاوە. ئەم دەرفەتە نابێ لە دەست بچێت و ئەوانەی ئێستا چارەنووسی خۆیان بەو ڕەوتە دژەنەتەوەیی و دژەکوردستانییەوە گرێ داوە، زۆر خراپ ئەنگوستی پەشیمانی دەگەزن، چونکە بە دڵنیاییەوە دەگەینە ئامانج و ئەوی بەجێ ما، بێ جێ ما.




