وەڵامێک بۆ حاجی ئەحمەدییەکەی پژاک

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حاجی ئەحمەدی پژاک، لێدوانێکی بۆ میدیاکانی پەکەکە دا و تێیدا ھەندێک ناماقوڵی بەرانبەر گەلی کوردستان و مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ئاڵای پیرۆزی کوردستان خستەڕوو. ئەو دروستکردنی سەرئێشە بۆ گەلی کوردستان و وەرگرتنی گومرگ و بازرگانیی موخەدەرات کە حاجی ئەحمەدی و تاقمەکەی لەسەر سنوورەکان ئەنجامی دەدەن بە شۆڕش دەزانێ و سەدساڵ قوربانیدانی گەلی کوردستان لەپێناو ئازادی و پاراستنی ناسنامە بە شۆڕش نازانێ. حاجی ئەحمەدی دەستێکەڵکردن لەگەڵ دەزگای ھەواڵگریی سووریا و دەرکردن و تۆقاندنی خەڵکی تێکۆشەری کورد بە شۆڕش دەزانێ و خەباتی پەنجاساڵەی کورد لە ڕۆژئاوا بە یاخیبوون لەقەڵەم دەدات.
ھەموو خەڵکی کوردستان باش دەزانن کە جگە لە کوشتن و بڕین و تۆقاندن و خۆسەپاندن و خزمەتکردنی داگیرکاران، حاجی ئەحمەدی و ھاوبیرانی ھیچ دەستکەوتێکیان بۆ گەلی کوردستان بەدی نەھێناوە. حاجی ئەحمەدی ئاڵا پیرۆزەکەی شەھیدان و پێشمەرگە بە ئاڵای کوردستان نازانێ کە ئاڵای ھەر چوارپارچە و ھێمای یەکدەنگیی گەلەکەمانە. حاجی ئەحمەدی و قوتابخانە فیکرییە سەیروسەمەرەکەی کە زەڕڕەیەک ڕەنگ و بۆنی نیشتیمانی نییە، دژی یەکدەنگی و یەکگرتوویی گەلی کوردستانن. ئەوان کار بۆ پارچەکردن و لێکترازاندنی کورد دەکەن. ئاغاکەی حاجی ئەحمەدی زیاتر لە سی ئاڵای داھێناوە، ھیچیان ھێمای نەتەوەیی و نیشتیمانیان تێدا نییە. ھیچ کام لە ئاڵاکانی حاجی ئەحمەدی باس لە کولتوور و مێژوو و ویست و ئیرادەی دانیشتوانی کوردستان ناکەن. دەرھاوێشتەی ھزرێکی شێواو و مۆنتاژێکی بێسەروبەرن بۆ پەرتەوازەکردنی گەلی کوردستان.
کە حاجی ئەحمەدی و ھاوفیکرانی، ئاڵای کوردستان بە ئاڵای بنەماڵەی بارزانی دەزانن، ئەوە بۆ بنەماڵەی بارزانی جێگەی شانازییە کە ھەڵگر و پارێزەری ئاڵایەکن کە سەدانھەزار شەھیدی لەپێناودا دراوە و ھێمای ڕەسەنایەتی و ئازادیخوازی و کولتووری پێکەوەژیانی مرۆڤی کوردستانییە. ناکرێت خۆفرۆشان شەرەفی ئەوەیان پێ بدرێت لەژێر ئەو ئاڵا پیرۆزەدا بن. حاجی ئەحمەدی سی و قسوور ئاڵای ھەیە، با بە خەڵکی کوردستان بڵێت کامە ئاڵای کوردستانە؟؟
ھەڵوێستی حاجی ئەحمەدی لە دژی کورد جێگەی سەرسوڕمان نییە. ئەو لە بنەڕەتدا پیاوێکی فیتنەچی و دەرووننەخۆشە. ھۆکاری ھەڵگیرسانی شەڕی تورک و کورد بوو لە شاری نەغەدە و، دەستیشی بە خوێنی خەڵکی کورد و ھاوسەنگەرانی پێشووی سوورە. کەسێکە ناپاکی لە دۆست و ھاوسەنگەرانی کرد. ئەو کوتلەیەکە لە ئینحراف و ناپاکی، ھەڵسەنگاندنی کەسێکی ناپاک بۆ ھیچ کەس جێگەی بایەخ نییە. ئەوەی گرینگە بەلای تێکۆشەر و کوردپەروەران ھەڵسەنگاندنی مرۆڤی ڕەسەن و شۆڕشگێر و نیشتیمانپەروەرە نەک حاجی ئەحمەدی و ھاوبیرانی.




