جێ پەنجەكانمان لە هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی ون نابن

مەحموود محەممەد
ئاوەڕدانەوەیەك بۆ مێژوو
لە گۆڕانكارییەكانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، جیاواز لە گۆڕانكارییەكانی نیوەی یەكەم، كوردستان گۆڕانكاریی جۆریی زۆری بەسەرداهات، شۆڕشی 11ی ئەیلوولیش زادەی رووداو و راپەڕینەكان و پێشكەوتن و تێگەیشتنی قۆناخی پێشووتر و هەلومەرجی لەبارتری كۆمەڵگەی كوردستان بووە، هەر بۆیە جۆرە تێكەڵییەك لە نێوان سەركردایەتیی نەوەی نوێ و كۆندا هاتە ئاراوە و لە شانۆی سیاسیدا رەنگی دابووەوە.
شۆڕشی ئەیلوول تەنیا فۆرمێكی چەكداری نەبوو، بەڵكو پرانسیپەكانی شۆڕش شۆڕبوونەوە بۆ ناو قووڵایی كۆمەڵگە و گەوهەری كێشەكانی كۆمەڵگە و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان و، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بە پلان و نوێگەرایی لە ئاستی ئەو كاتی كۆمەڵگەی كوردستاندا و، لە روانگەی تیۆری شۆڕشگێرییەوە كە ئیدارەی ناوچە ئازادكراوەكانی بەڕێوە دەبرد، بێگومان ئەو كاتیش بە هاوتەریبی ئەم هرزە شۆڕشگێرییە نوێگەرایە، هزر و تێڕوانینی پێچەوانەش هەبوون كە تیایدا بەرژەوەندیی كەسی، یان چینایەتی دەخرایە سەرووی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەییەوە، بەڵام بە سووربوونی سەرۆك مستەفا بارزانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و دڵسۆزانی كوردستان و كوردایەتی، توانرا ئەو قۆناخە تێپەڕێندرێت و شۆڕش بووە دیاردەیەكی سەتارسەری كوردستانی و توانی هەموو سنوورەكان ببەزێنێت و باشتر ناوەڕۆكی شۆڕش بەرجەستە بكات و، چەمكی شۆڕشی سەرتاسەری كوردستانی لە ناخی هەر تاكێكی كوردستانیدا بچەسپێنێت.
شۆڕشی ئەیلوول لەبەر ئەوەی شۆڕشێكی هەمەلایەنەی نیشتمانی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی بوو، كاریگەریی بەهێزی لە بوارە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستاندا درووست كرد، لەوانەیە وەك رواڵەت و شێوازی مقاوەمەتی چەكداری شۆڕشگێرانە هێندە لە شۆڕشەكانی پێش خۆی جیاواز نەبووبێت، بەڵام ئامانج و بەرنامەی هەمەلایەنی شۆڕش و پێكەوە گرێدانەوەی هەموو رەهەندەكانی ژیانی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتیی كوردستان پێكەوە، وایكردبوو هەموو چین و تویژە جیاوازەكانی كوردستان خۆیان لەناو شۆڕشەكەدا بینیەوە. شۆڕشی ئەیلوول توانیشی هێندەی قەبارە و ویستی سەردەمی خۆی پێشكەوتن و گۆڕانكاری لە كوردستان و عێراقدا درووست بكات.لەمەش زیاتر دیكۆمێنتێكی یاسای دانپێدانراوی بۆ مافەكانی كوردستان لە عێراقدا وەك نەخشەی رێگە درووست كرد، هەربۆیە ئەگەر سەرنج لە خەبات و شێوازی دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكانی بدەین، دەبینین پرانسیپەكانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەر فەزای مقاوەمەتی چەكدار و شێوازی دانوستاندن بۆ چارەسەری كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە دیار بووە و بوونی هەبووە. راشكاوانەتر بڵێم ئەو نەخشەی رێگەی شۆڕشی ئەیلوول بۆ مقاوەمەت و دانوستاندن درووستی كردبوو، بەسەر شێوازی خەباتی چەكداری و سیاسی هەموو لایەنەكانەوە دیار بوو، نەدەتوانرا نە لە شەڕ و نە لە ئاشتی نادیدە بگیرێت. ئەمەش وایكردبوو شۆڕشی ئەیلوول وەك قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەكردنی هەستی نیشتمانی و سیاسەتمەداری واقیعی و كادری سەربازی بە ئیرادە و لێهاتوو خۆی نیشان بدات، لەمەش زیاتر توانی ئەو ئەو دیوارە درووستكراوە تێكبشكێنێت كە پێشتر كێشەی كوردی لە عێراقدا وەك كێشەی ناوخۆیی دەوڵەتێك پێناسە دەكرد، بە پێچەوانەوە شۆڕشی ئەیلوول پێشكەوتن و وەرچەرخانێكی ئەوتۆی درووست كرد، كە دەوڵەتی عێراق بگاتە ئەو قەناعەتەی بەبێ چارەسەری كێشەی كورد و كوردستان لە عێراقدا و بەشداری راستەقینەی كورد لە حوكمڕانیدا، ئەوا حوكمڕانی لە عێراقدا زۆر زەحمەت دەبێت، ئەمەش بەو مانایەی، یان دەبێت عێراق لە قەیرانێكەوە بچێت بۆ قەیرانێكی دیكە و ئارامی تێدا نەبێت، یان دەبێت دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوجا هەر كەسێك بن، لەو راستییە تێبگەن كە بەبێ بەشداریی راستەقینەی كورد لە حوكمڕانیدا، ئەوا بێجگە لە قەیران و نائارامی شتێكی دیكە بوونی نابێت.
ئێستامان دوای سەدەیەك لە پەیمانی سایكس پیكۆ
ئەو باكگراوەندە مێژووییە پێویست بوو، بۆ ئەوەی وەك دەروازەیەك ئێستامانی پێبخوێنینەوە. ئێستا كوردستان بەتایبەتی و تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێكی شڵەژاو و هەستیار و گۆڕانكارییەكی گەورەی چاوەروانكراودایە، لە ئێستادا كە 100 ساڵ بەسەر پەیمانی سایكس- پیكۆ بۆ داڕشتنی سنوورە دەستكردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێت، چیدیكە هیچ كەس و لایەنێك و دەوڵەتێك ناتوانێت وەك پێشتر بەرگری لەو سنوورە دەستكردانە بكات و هەڵوەشانەوەی سنوورەكان لەسەر ئاستی داڕشتنەوەی نەخشەی ئایندەی ناوچەكە و لە پرۆسەی درووستكردنی بڕیاردا، نادیدە بگرێت و فەرامۆشی بكات، ئەم ئاژاوە و ناسەقامگیرییەی ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕدەبێت، راشكاوانە راستییەك بە ئێمە و جیهان دەڵێت، ئەو راستیەش ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەی لە چوارچێوەی ئەو سنوورە دەستكردانە درووست كراون، دەوڵەتی درووستكردنی قەیران و نائارامی و ناسەقامگیرن و ئەو گەل و نەتەوانەش كە لەو سنوورە دەستكردانە كۆ كراونەتەوە، هیچیان بە خواست و ویستی خۆیان ئەو دەوڵەتانەیان هەڵنەبژاردووە، بۆیە بارودۆخەكە گەیشتووهتە ئەو ئاستەی كە چیدیكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی 100 ساڵ لەمەو پێش سەیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەكات، ئەمەش وایكردووە بە ناعیلاجی پەنا بۆ بیركردنەوەیەكی واقیعی و سەردەمیانە ببەن و بە شێوەیەكی گونجاوتر لەگەڵ كێشەكانی ئێستادا مامەڵە بكەن، هەربۆیە ئەگەر ئامانجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆتاییهێنان بێت بە ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا دەبێت لە هاوكێشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو ئەو هێز و گەل و نەتەوانەی پێشتر لە داڕشتنی ئەو سنوورە دەستكردانە حیسابیان بۆ نەكرابوو، لە ئێستادا بەرژەوەندییەكانیان لەبەرچاو بگیرێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمجارە ئەو راستییە فەرامۆش نەكات و، بزانێت بەبێ هاوبەشی راستەقینەی ئەو گەل و نەتەوانە هیچ پرۆسەیەكی سەربازی، یان سیاسی بۆ رێكخستنەوەی ناوچەكە سەركەوتوو نابێت و ئەو سەردەمە بەسەر چوو كە رەچەتەی چارەسەری كێشەكان بەبێ كاراكتەرە گرینگەكانی خودی ناوچەكە بنووسرێت.
هەربۆیە چۆن بارزانی نەمر و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان سوور بوون لەسەر پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان، ئێستایش هەر بەهەمان شێوە سەرۆك مهسعوود بارزانی و سەركردایەتیی پارتی و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پرۆسەی سەربەخۆیی وەك پێداویستییەكی مێژوویی بۆ ئەم قۆناخەی كوردستان خوێندنەوەی بۆ دەكەن. هەتا ئەگەر هەندێك گرفتی ناوخۆیی، یان ئاستەنگ هەبن لەبەردەم پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان كە پرۆسەیەكە و دەستی پێكردووە، ئەمە ئەو مانایە ناگەیەنێت هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتانە نەدرێت و ئاستەنگەكان لانەبرێن.
رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد فاكتەری سەرەكییە بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی
پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان كە ئێستا بە سەرپەرشتیی سەرۆك مهسعوود بارزانی هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵدەگرێت، گەوهەری سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە لە هزری سەرۆك بارزانیدا، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی تەواوی خەڵكی كوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، ئەمەش لەو روانگەیەوە یەكڕیزی نێوان هێزە سیاسییەكان و یەكهەڵوێستی خەڵكی كوردستان، هێز و تینێكی زیاتر بە پرۆسەكە دەدات، بۆیە لە ئێستادا زۆر گرینگە ئەولەوییەت بدرێتە چارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكان و دووبارە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان، هەروەها لەوانەیە لەلایەكەوە بەوجۆرە سەیری مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم گرفتە ناوخۆییانە بكرێت و بڵێت، دواخستنی چارەسەركردنی ئەم كێشە و گیروگرفتانە بۆ دوای سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی، بڵێن كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر بە دیوێكی دیكەدا سەیری ئەم پرۆسە گرینگە بكەین و ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەكان لە روانگەی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانییەوە ئەم قۆناخە بخوێننەوە و، بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر خەون و ویستی سەدان ساڵەی نەتەوەكەمان هەڵوێستی خۆیان دیاری بكەن، ئەوا لەوانەیە دواخستنی چارەسەری كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان كارێكی ئاسان بێت، لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە چوارچێوەیەكە بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانمان و دەستكراوەیی كوردستان لە چۆنیەتیی داڕشتنی دەستوور و یاساكان، دیارە لە چوارچێوەی دەستوور و یاساكانیشدا بەشی زۆری كێشە و گرفتەكانمان چارەسەر دەبن، ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێدەڵێت، پێویستە بۆ ئەم قۆناخە تێڕوانین و بۆچوونی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە گۆشەنیگای پرۆسەی سەربەخۆییەوە ئەم واقیعە بخوێنێتەوە، نەك لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی حزب، یان كەسێكی دیاركراوەوە بێت. پێویستە هەمووان بە هۆشیارییەوە هاوكێشەی ئێستا بخوێنینەوە و بەرپرسیارانە هاوكار و هاوبەش بین لە بناخەدانانی دەوڵەتی كوردستان و لادانی گرفت و ئاستەنگەكان. دەبێت هەمووان ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت و ئامانجمان ئەوە بێت ئەم پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانە دوانەكەوێت، لەبەر ئەوەی مەرج نییە بۆ چەند ساڵی دیكەش تێڕوانین و دۆخی سیاسیی ناوچەكە و تێڕوانینی دەوڵەتانی دیكە هەر بەم شێوازەی ئێستا بەرانبەر كوردستان بمێنێتەوە، بۆیە پرۆسەی رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان هەنگاوی یەكەمە و فاكتەری سەرەكییە لەم پرۆسەیەدا. هەروەها لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا بەشێكی دیكەی هەنگاوەكان دەبێت بەو ئاڕاستەیەی بن كە كەشوهەوایەكی لەبار بۆ هەوڵەكانی سەرۆك مهسعوود بارزانی درووست بكرێت، بۆ ئەمەش گرینگە تێكڕای حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە گشتی و حزب و لایەنەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، هاوكار بن و پشتگیری بكەن لەوەی كە بارودۆخی باشووری كوردستان لەبارە بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، بۆیە گرینگە بە گیانی بەرپرسیارەتیی كورد و كوردستانییانە لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستی خۆیان دیاری بكەن و هاوكار و پشتیوانی ئەو دەرفەتە بن كە بۆ باشوور هاتووهتە ئاراوە، بۆیە حزب و لایەنەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش لە زۆر رووەوە دەتوانن هاوكاری ئەم پرۆسەیە بن و پرۆسەكە بە هی خۆیان بزانن.
دیالۆگ لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حزبەكان بە سوننە و شیعەوە
هەنگاوی دووەم دوای رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان، كاركردنە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا و تەواوی حزبەكانی عێراق بە حزبە سوننە و شیعەكانیشەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی فەزایەكی دۆستانە بۆ گفتوگۆگردن لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی درووست بكرێت و بیانگەیێنینە ئەو قەناعەتەی كە سەربەخۆیی كوردستان پرۆسەیەك نییە بۆ زیانگەیاندن بە عێراقی عەرەبی و نەتەوە و نیشتمانی عەرەبی، بەڵكو دەبێت چاوەڕێی سوود و قازانج لەم پرۆسەیە بكرێت، لەسەر ئاستەكانی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماتی، لەمەش زیاتر دەبێت ئەو راستییەش بۆ عەرەبی عێراق تەواو روون بكرێتەوە، بەوەی مانەوەی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا چەند كورد تێیدا زەرەرمەند بووە، عەرەبی عێراق زیاتر، لەبەر ئەوەی هەتا كوردستان بە عێراقەوە لكێندرابێت، عەرەبی عێراقیش ناتوانن وەك ئەوەی خۆیان دەیانەوێت و مەبەستیانە عێراق رێك بخەنەوە، چ وەك نەتەوە و ئایین و ئاینزا، هەورەها لە پێوەندی بە پرسی یەكگرتنی عێراق وەك لەگەڵ وڵاتانی دیكەی عەرەب، یان ئاست و چۆنیەتیی رۆڵبینینیان لە ناو كۆمكاری عەرەبی و چەند ئاستی دیكەش.
دەوڵەتی كوردستان وەك فاكتەرێك
بۆ سەقامگیری و دڵنیاییدان بە دەوڵەتانی دەوروبەر
ئەوەی تائێستا بووهتە ئاستەنگ و بیانوو بۆ رێگری دەوڵەتانی دەوروبەر لە هەنگاوهەڵگرتنمان بۆ سەربەخۆیی، ئەوەیە ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە دەبێتە هۆكارێك بۆ ناسەقامگیریی ئەو دەوڵەتانەش، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و بە لێكتێگەیشتن هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، ئەوا دڵنیاكردنەوەی دەوڵەتانی دەوروبەری كوردستان بەوەی ئەگەر دەوڵەتێكی نوێ ببێتە هاوسێیان، ئەوا ئەم دەوڵەتە لە هیچ روویەكەوە زیانیان پێناگات و بەرژەوەندیی هەردوولا پارێزراو دەبێت، سەربەخۆبوونی كوردستانیش بەشێكی زۆری گرژی و ئاڵۆزی و قەیرانەكان كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆكاری چارەسەركردنی كۆمەڵێك گرفت لەو وڵاتانە و سەرەنجامیش دەبێتە هۆكاری كەمكردنەوەی دەستێوەردانی دیكە لە ناوچەكەدا بەگشتی.
هەوڵدان بۆ مسۆگەركردنی پشتگیریی
دەوڵەتانی دیكەی جیهان
خاڵێكی گرینگ لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی پشتگیریكردنی دەوڵەتانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی تازە، بۆیە لەم لایەنەوە زۆر گرینگە هەوڵەكانمان بە هەموو ئاڕاستەیەك بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی پشتیوانیی دەوڵەتان و بەتایبەتی دەوڵەتانی گەورەی دەستڕۆیشتوو لە پرۆسەی دەوڵەتی كوردستان بە دەست بهێنین. ئەوەش ئاشكرایە كە سەرۆك مهسعوود بارزانی لەم چەند ساڵەی دوایی بە كردەوە هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە و بناخەی بۆ داڕشتووە، لە ئێستادا پێویستە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لێ بكرێت، ئەم پشتگیریكردنەش هەنگاوەكانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان مسۆگەرتر دەكات، ئەم پرسە لایەنی دیكەی ماوە و دەكەوێتە ئەستۆی تەواوی حزب و لایەنەكانی كوردستان كە گەرموگوڕییان لەم بوارە پێوە دیار بێت و زۆر بە جیددی پشتگیری ئەنجامدان و سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم بكەن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم قەناعەتێكی زۆر باش بۆ ئەو دەوڵەتانە درووست دەكات و ئیرادەی گەلی كوردستان دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی دەیەوێت وەك تەواوی نەتەوەكانی دیكەی جیهان ئەو شێوازەی هەڵبژاردووە كە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات.
كاركردن لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و
پابەندبوون بە لێبوردەیی و پێكەوەژیان
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە ئەمڕۆی جیهاندا كاراكتەرێكی زۆر گرینگن، هەم لەسەر ئاستی مرۆیی و هەم لە سەر ئاستی سیاسی، بۆیە زۆر گرنگە بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان، بەردەوام لەگەڵ رێكخراوە نێودەڵەتییەكان كاربكەین و خاڵە بەهێزەكانی كوردستان بۆ بەخاوەن دەوڵەتبوون و ئامانج لە درووستبونی ئەم دەوڵەتەیان بۆ روون بكەینەوە، پێش هەموو شت گرینگە ئەوان بگەنە ئەو قەناعەتەی كە ئێمە ئامانجمان ئەوەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی پرۆسەی دەوڵەت بگاتە مەنزڵ، گرینگە بە تەواوی دڵنیایان بكەینەوە، كە ئەم دەوڵەتە لەسەر ژێرخانی ئەزموونیكی دیموكراتی دێتەئاراوە كە بڕوای بە گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە هەیە و دوورە لە دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی، هەروەك چۆن ئێستا كوردستان بەشی سەرەكی و كاریگەرە لە بەرەنگابوونەوەی تیرۆریستان و نیشتمانێكە بۆ پێكەوەژیان و هەروەها پەناگەیەكی ئارامە و زیاتر لە دووملیۆن ئاوارەی لە خۆگرتووە و لە دەستدرێژیی و دەمارگیری تیرۆریستان دەیانپارێزێت.
جگە لەم هەنگاوانەی ئاماژەم پێكردن، بێگومان دیارە هەنگاوی دیكەش زۆرن، بەڵام دەكرێت ئەمانە ببنە ئەولەوییەتی كاركردنی هەموومان و هەوڵێك بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەی بۆمان هاتووهتە پێش لە دەستی نەدەین. ئەگەر خوانەخواستە بە هەر بیانوو و پاساوێك ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، دەبێت لەوە دڵنیا بین نەوەكانی ئایندە لێمان خۆش نابن، هەروەك چۆن ئێمەش گلەیی لە نەوەی پێش خۆمان دەكەین بەوەی لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو دەرفەتگەلێك هاتوونەتە پێش و نەیانتوانیوە سوودی لێوەربگرن، لەمەشدا بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمانی و نەتەوەییمان ئەوەمان داوا لێدەكات هەر كەس و حزب و لایەنێك هەنگاوێك بچێتە پێش بە ئاڕاستەی پرۆسەی سەربەخۆیی، دەبێت دەستخۆشی لێ بكەین و زیاتر زەمینە بۆ ئەو دەرفەتە خۆش بكەین و كەشوهەوای بۆ لەبارتر بكەین. لێرەوە دەبێت دووبارە بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی شۆڕشی ئەیلوول و بڵێین: چۆن شۆڕشی ئەیلوول جێ پەنجەی لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان دیارە، لە ئێستایشدا هەركەس و لایەنێك هاوبەش بێت لە كاروانی پرۆسەی سەربەخۆیی، ئەوا جێ پەنجەی ون نابێت.




