یارمەتیی گۆڕان بدەن بچێتە جێگای سرووشتیی خۆی، با ئێمەش کاری خۆمان بکەین

عەبدولسلام بەرواری
جڤاتی حزبی گۆڕان لە 19ی ئەم مانگەدا، پاش کۆبوونەوەی خۆی، راگەیەندراوێکی دەرکرد کە گرنگترین خاڵەکانی بریتیبوون لە دووبارەکردنهوهی بوهتان و تۆمەت دژ بە پارتی و حکوومەتی هەرێم. هەروەها داوا لە لایەنە سیاسییەکان و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات کۆتایی بە پارتی بهێنن.
لە هەمان کاتدا، گۆڕان بە پارتیش دەڵێت: بتەوێ و نهتەوێ پێویستە بمکەیە شەریکی خۆت لە حوکمڕانی و، ئامادە نییە هیچ دانیشتنێک لەگەڵ پارتی بکات ئەگەر پارتی بە مەرجەکانی رازی نەبێت و رەزامەندی دەرنەبڕێت لەسەر هەموو خراپکارییەکانی گۆڕان. ئەمە هەمووی لەکاتێکدایە کە:
- ئەبو ئوسامە لە ئەورووپا پێشمەرگە بە میلیشیا وەسف دەکات و داوا دەکات یارمەتی نەدرێن، عهلی حهمەساڵح بە خەڵکی کەرکووک دەڵێت؛ نەکەن داوا بکەن بگەرێنەوە باوەشی نیشتیمان.
- موفەکیرەکانیان بانگەشەی دوو ئیدارەیی و، دابەشکردنێکی نوێی کوردستان دەکەن.
- هەوڵی وەرگرتنی چەک و تەقەمەنی لە مالیکی و قاسمی دەدەن، بۆ کردنەوەی بەرەیەکی شەڕ لەگەڵ ئەوانەی رۆژانە بە خوێنی پیرۆزی خۆیان بەرگری لە خاک و نامووس و خەڵکی کوردستان دەکەن.
- میدیای حزبی و (ئەهلی) و (سەربەخۆ) و (ئازاد)ی سێبەری خۆی بەردەوامە لە چەواشەکاری و، هاندانی خەڵک دژی پارتی و حکوومەتی هەرێم و بڵاوکردنهوهی درۆ و دەلەسە.
پارتی و سەرۆک بارزانی و حکوومەتی کوردستانیش بەردەوامن لە:
- پەیداکردنی داهات و بەردەوامبوون لە دانی مووچە و، بەرێوبردنی کاروباری هاووڵاتیان.
- سەرۆک بارزانی، پرۆژەی بە دەوڵەتبوونی لە خەونێکی شاعیرانە کردە واقیع و، هەنگاوی بەرچاو و پرۆژەی بینراو.
لەبەر ئەم هەموو خاڵانە: تکایە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، تکایە هەمووتان پێکەوە، هاوکاری گۆڕان بن، با بگەڕێتەوە جێگای سروشتیی خۆی، کە لایەنێکی تێکدەر و دژ بە دەسەڵات و حوکمرانی و پرۆژەی نەتەوەییە.
ئێمەش، با پێکەوە و بە زووترین کات کۆتایی بەم بارە سەختە بێنین کە گۆڕان خولقاندی و، با بە چارەسەرکردنی بابەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دەست پێبکەین و دهست بدەینە دەست بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامەکانی دوو ساڵی سەختی بەشداریی گۆڕان لە حکوومەتدا.
بەمەش هەموو لایەک سوودمەند دەبێت:
- گۆڕان لە دەرەوەی دەسهڵات و دژ بە دەسەڵات، دەبێت، کە جێگای سرووشتی خۆیە.
- هەموو لایەنە سیاسییەکانی دڵسۆزیش (پێش هەموویان پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو) خەریکی حوکمرانی خزمەتکردنی خەڵک، و گەیشتن بە ریفراندوم و سەربەخۆیی دەبن.




