٢٠١٥، ساڵی دیبلۆماتیی کوردی، ساڵی هەولێر

د.ئاراس عەبدولكەریم
ساڵی ٢٠١٥ بە مانای وشە ساڵی "هەولێر" بووە، وەک پایتەختی سەردان و پەیوەندییە دیپلۆماتی و سیاسییەکان لەسەر ئاستی جیهان.
لەماوەی ئەمساڵەدا و تا نووسینی ئەم وتارە، سەد و شەش شاندی فەرمی لەئاستی باڵا و بە نوێنەرایەتی سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکی حکوومەت و دەوڵەتەکانیان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، کە وڵاتانی سەرجەم کیشوەرە جیاجیاکانی جیهانی لەخۆگرتووە. ئەمە تەنها ژمارەی ئەو شاندانەیە کە لە بەرزترین ئاستی دیپلۆماتی و سیاسییدا نوینەرایەتی وڵاتەکانیان کردووە، نەک سەرجەم شاند و کەسایەتییە سیاسی و سەربازی و دیپلۆماتکار و پەرلەمانتاری وڵاتان، کە سەردانی هەرێمەکەیان کردووە.
سەرجەمی سەردانەکانی شاندە باڵاکانیش بە پلەی یەکەم بە مەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماتی و هەماهەنگی و هاوکاریی سەربازی بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
لە کورتترین دەربڕیندا، ئەم ئاسۆ کراوە و بەرفراوانەی هەولێر بۆ شاندە باڵاکانی وڵاتان، دەلالەتێکی گەورەن بۆ پێگەی دیار و گرنگی هەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی جیهاندا. هاوکات بەڵگەی هەبوونی متمانەیەکی گەورەی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستانە لەو ئاستە نێودەوڵەتییەدا. خۆ ئەگەر کەسانێک هەبن هەموو هۆکاری ئەم بایەخەی جیهان بە هەولێر بگێڕنەوە بۆ شەڕی داعش، ئەوە نەک هەر وڵاتانی وەک سوریا و لیبیا کە نوقمی نێو جەنگن، بەڵکو خودی عێراقیش لە ڕووی سەردانە گرنگەکانی شاندی وڵاتانەوە لە دوای هەرێمی کوردستانەوە دێت.
لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، هەمیشە پێگەی کەسایەتیی سەرکردەکان، ڕۆڵێکی گرنگ و زۆرجاریش یەکلاکەرەوە بووە لە بەخشینی ئەو پێگەیە بە وڵاتەکەیان، خۆ ئەگەر دۆخی سیاسی لە قۆناغی خەبات و تێکۆشاندا بووبێت بەرەوە ڕزگاری و سەربەخۆیی، ئەوە پێگە و متمانەی سەرکردە لەم ڕووەوە هەمیشە ڕۆڵی پلە یەکی بینیوە. دەقاودەق وەک دۆخی ئێستای خەباتی سیاسییانەی هەرێمی کوردستان.
ئێستا، کە بەرەو دوایین ڕۆژەکانی تەمەنی سایکس-بیکۆ دەچین، لە کاتێکدا ناوچەکە لە پلەی کوڵانی قەیران و نا ئارامی و کێشەی گەورەی ئەوتۆدان کە هەمو ئاماژەکان شاهێدی لەسەر گۆڕانکاریی گەورە لە نەخشەی ناوچەکە دەدەن، ئەم پێگە و متمانەیەی سەرکردایەتی سیاسی و پایتەختی هەرێمەکەمان و حکوومەتەکەمان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، لە هەموو ڕەهەندێکەوە لە پێداویستییە هەرە گرنگەکانی قۆناغی بەرەو سەربەخۆیی چوونمانە، کە سێ ئاستی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، ئاستی یەکەم ئەو ئاستە دەرەکییە جیهانییەیە کە ئاماژەم پێدا.
ئاستی دووەمیش عێراقە کە ئەو پێگە دیارەی هەرێم لە ئاستی دەرەکییەوە، عێراق دەخاتە بەردەم واقیعێک کە ئەگەرچی ناچاریش بێت، بەڵام ئەو هەولێرەی کە لەبەردەمیدایە، وەک دیفاکتۆ پایتەختێکی خاوەن پێگە و بایەخە لەسەر ئاستی جیهان، نەک ئەو شارە عێراقییەی هاوشێوەی بەسرە و ناسرییە و...هتد کە هزر و قەناعەتی بەغدا دەیخوازێت. واتە لەهەموو بارێکدا پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لە هەر فۆرمێکدابێت، هەولێر لەسەر زەمینەی واقیع، پرستیج و پێگەی دیاری خۆی هەیە، بۆ ئاستی سێیەمیش کە ئاستی ناوخۆیە، بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە، چونکە بە دیوێکدا شەرعییەتێکی گەورە دەداتە ئەو پێگە شیاوەی هەرێمەکەمان و بە دیوێکی تریشدا یەکێتی نەتەوەیی و گوتاری سەربەخۆیی بەهێزتر و پڕ ماناتر دەکات.
گوتارێک کە چەندین دەیەیە خوێن و قوربانی بۆ دەدرێت و خەونێک کە خەونی نەتەوەیەکە و هەنگاوەکانی هاتنەدی وا دەگاتە مەنزڵ و لەهەرکات زیاتر یەکدەنگی و یەکێتی نەتەوەیی پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگری هەنووکەییە، هەر کەمتەرخەمی و خەمساردییەکیش بەهەر بیانوویەک بێت، خاوەنەکەی لەبەردەەم گەورەترین دادگای مێژوویی و نەتەوەیی و ئەخلاقیدا ڕادەگرێت. ئێستا چاوی نەتەوەیەک لە هەولێرە و هەولێریش دەنگ و سەنگ و خەونی نەتەوەیەکی تێدا بەرجەستە بووە.




