چەكی دزراوی پێشمەرگە بۆ گەریلا

ئاریـــان فــــهرهج
لە جێی بەپیرەوهچوونی دەرفەتی چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی كورد لە باكوور، پەكەكە بە یەكجاری تەسلیم بە ئەجیندای ئیقلیمی و بەرژەوەندییەكانی نامۆ بە كورد بوو. دۆزی رەوای باكووری كوردستانی كردە مقاشێكی هەرزان بە دەست ئەو میحوەربەندییەی لە (شكستاندنی سەربەخۆییخوازی باشوور) و (بە جاشی بەعس كردنی رۆژئاوا) و (لەبەینبردنی پرۆسەی چارەسەریی باكوور) و (نكۆڵیكردن لە رۆژهەڵاتی كوردستان) زیاتر، هەرچی بڵێی خێر لە هەگبەدا نییە بۆ كورد و كوردستان.
راپۆرتەكان باسی سەردانی سەرانی قەندیل بۆ بەغدا و كردنەوەی بارهگا بۆ پەكەكە و، لەوەش زیاتر باس لە پڕچەككردنی گەریلا دەکەن بەو چەكانەی كە بەغدا لە بەشی پێشمەرگەی دزیوە و زەوتی كردوون.
ئەو هێزە ئیقلیمییانەی جڵەوی بەغدایان بەدەستەوەیە، دەیانەوێ لە رێی كلكگرێدانی پەكەكە بە بەغداوە، گەمەیەكی قێزەون و دژ بە كورد و بەرژەوەندییەكانی كوردستانی پێ بمەشێنن، كە سەرەتاكانی لەو شەڕە عەبەسی و ماڵوێرانكارەدا دەركەوتووە كە پەكەكە لە باكوور لە هیچ و خۆڕایی هەڵیگیرساندووە و رۆژانە كوردی بەدبەختی باكوور بە كوژران و ماڵوێرانی و ئاوارەبوون باجەكەی دەدەن.
ئێستا، ئیتر پەكەكە مقاشی دەستی ئەو میحوەربەندییە شوومەیە و، چەكی دەستێتی بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكەی لە هەر چوار پارچەی كوردستان: لە باكوور بۆ كۆتاییهێنان بە پرۆسەی چارەسەری، كە ئومێدی ئەو پارچەیە بوو بۆ دەسخستنی مافەكانی كورد بێ خوێنرشتن و ماڵویرانی. لە رۆژهەڵات بۆ درێژەدان بە سیاسەتی نكۆڵی و سەركوتی ئازادیخوازان. لە رۆژئاوا بۆ بە سوخرەكێشكردنی ئەو پارچەیە بۆ رژێمێكی بێ ئایندەی وەك بەعسی سوری .
لە باشووریش بۆ شەڕفرۆشتن بە رەوتی سەربەخۆییخوازی و گێچەڵپێكردنی و دەستوەشاندن لە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی و ناچاركردنی، تا مل بۆ بەغا كەچكاتەوە .
كورد و كوردستان، لەم كێشمەكێشەدا پێویستی بە گرتنەبەری رێگەیەكی سەربەخۆی دوور لە میحوەربەندی و خۆ بە پاشكۆكردن هەیە. رێگایەك كە سەربەخۆیی و ئاواتەكانی بەدیبێنێ، نەك ئەجیندا و نیاز و بەرژەوەندیی ئەم و ئەو. بەداخەوە، ئەم كلك گرێدان و هەرزانفرۆشی و ئەم سیاسەتە بێ ئاكام و بێ ئایندەیەی پەكەكە، بەشێك لە توانا و وزەی كورد لە جیاتی بۆ سەربەخۆیی، بەدژی سەربەخۆیی بەهەدەر دەبات.
ئەركی رای گشتی و هێزە سیاسییە بەرپرسەكانی كوردستانە لەم گەمە قێزەون و، ئەم خلیسكانە مەترسیدارەی پەكەكەدا قسەیەكیان هەبێ. لە ئێستادا سیاسەتی هێزەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان یەكدی تەواو دەكەن و هەر بەلاڕێداچوون و گومڕاییەك بە زیانی كۆی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی كورد تەواو دەبێ. كلكایەتی پەكەكە بۆ بەغایەك كە خۆی كلكی خەڵكی ترە، لە سەردەمێكدا جیهان بە چاوی رێز لە كورد و بە چاوی نەبوو لە بەغا دەڕوانن، جگە لە زیانی یەكجار مەزن بۆ باكوور و بۆ رۆژهەڵات و رۆژئاوا و وەشاندنی خەنجەری ژەهراوی لە پشتی باشوور و رەوتی سەربەخۆیی كوردستان، هیچی دیكەی لێ شین نابێ.




