٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پەیەدە لە شێواندن و مافیاییدا بە کوێ دەگات!

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فارووق

لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا، چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی لە هەندێ شارەكانی ڕۆژئاوادا، یادی ئاڵای كوردستانیان بەرز ڕاگرت، بەڵام هێزەكانی ئاسایشی پەیەدە، رێگریان لە هەڵكردنی ئاڵایەكی سەد مەتری كوردستان گرت، كە بڕیار بوو لە لایەن هاووڵاتییانی كوردی شارەكەوە هەڵبكرێ.
ئەوەی پەیەدە لە ڕۆژئاوادا دەیكات، سیاسەتی سەرلێشێواوی خۆی و جێبەجێكردنی بەرنامەی پەكەكەیە، بە سپۆنسەری هەردوو ڕژێمی ئێران و سوریا.
ئاڵای كوردستان لە كۆماری كوردستان لە مهابادەوە جێگیر كراوە، لە پەرلەمانی كوردستانیشەوە بە یاسا چەسپاوە كراوە، بۆیە ڕێگرتن لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە هەر بەشێكی كوردستاندا بێت، برینداركردن و بێڕێزییە بە رامبەر هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیانەی میللەتێك، پەرچەمی پیرۆزی كوردستان لە لایەن نەتەوەی كوردەوە یەكجار هەستیارەو وەك هێڵی سوور تەماشا دەكرێت، بۆ هیچ هێزێك نییە سوكایەتی بەم ڕەمزە نەتەوەییەی كوردان بكات،  ئەوەی پەیەدەش كردی ئیهانەكردنی هەستی نەتەوەیی گەلێكەو باجی قورسی و سزای گەلی بەدواوەیە، پێویستە پەیەدەی پەكەكە بزانێ، هەر حزب و كەس و گرووپێك لە هەرێمی كوردستانیشدا، كاتێك بێڕێزی بە ئاڵای كورستان و سیمبولە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان كردبێ، باجی خۆی داوە و دەبێ پەیەدەش ئەو باجە بدات.
ئەم ڕەفتارەی پەیەدە، كردەوەیەكە لە شێوەی چەتەگەرێتی و مافیایی گرووپێكی بێبڕوا و ئایدیا، كە تەنیا ئامانجیان تاكڕۆیی و بە زۆر خۆسەپاندنە.
  ئەو پشتیوانییە سیاسیی و نەتەوەیی و مەدەنییەی لە هەرێمی كوردستاندا بۆ ڕۆژئاوا فەراهەم كراوە، بۆ پەیەدە نییە، بۆ خەڵكی ڕۆژئاوایە، بەڵام كاتێك ئەم حزبە بە ئاڵای كوردستان توشی هێستریا دەبێت و تەنها خزمەت بە ڕژێمی سوریاو ئێران دەكات، دەبێ ڕۆژێك باجەی قورسەكە بدات و دەشیدات.!
ئێستا هەموو خەڵكی كوردستان لە ماهیەتی پەیەدە گەیشتوون، كە چ ناپاكییەكی گەورەی لە دۆزی ڕەوای كورد كردوە، ئەم حزبە نامۆیە بە ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە حزبێكی خۆسەپێنەر و كرێگرتەی ئاشكرای ڕژێمی سووریا و گوێڕایەلی جەمهوری ئیسلامیی ئێرانە، ئەولەویەتی كاری سیاسەتی تێكدەرانەیە دژ بە حزبە ڕەسەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و لەكەداركردنی ناوبانگی كوردە.
پەیەدەی پەكەكە، ئێستا بێشەرمانە وەك كەواسووری بەر لەشكری بەعس، پشتی لە یەكڕیزیی كورد كردووە، بووه‌تە پاسەوانی مۆڵگە و وێنە و پەیكەرەكانی بەشار ئەسەد لە قامشلۆ و جزیرێ و حەسەكە، ئەم باڵە سەركێش و توندڕۆیەی پەكەكە بەوەش نەوەستا ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ جێبەجێكردنی پیلان و ئەجێندای دوژمنانی كورد، بە بیانووی جۆراوجۆر دژایەتیی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان لە قۆناغی كۆتایی نزیك دەكاتەوە، لە شارەكانی ڕۆژئاوادا، لە باتی دەرسی كوردایەتی و نیشتمانی و بەرزڕاگرتنی هێما پیرۆزەكانی نەتەوەیی، فەرهەنگی ترس و تۆقاندن، سوكایەتی و ئیستیفزازی، بێمتمانەیی، دیكتاتۆری و ڕق و كینە دروستكردن لە نێو دڵ و دەروونی ڕۆڵەكانی كورد بڵاو دەكاتەوە، دژی هەموو شتێكە، دژی ئازادی بیروڕای سیاسی و فرەحزبییە، دژی میدیا و ڕۆژنامەنووسانی غەیری خۆیانن، كەسایەتییە سیاسییەكان دەكوژن، دەیانڕفێنن، دژی ئاڵای كوردستانە، دژی ئارامی و سەقامگیریی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانە، چاوی بە باسی دەوڵەتی سەربەخۆیی گوێر دەبێت، ڕۆژانە ئەو ئەفسەر و سەربازە تێكۆشەرە كوردانە دەگرن كە ڕیزی سوپای ئەسەدیان جێهێشتوە و، یا تیرۆریان دەكەن، یان تەسلیمی ڕژێمیان دەكەنەوە.
پەیەدە ئێستا زیندانێكی گەورەیان بۆ خەڵكی ڕۆژئاوا چێ كردووە و سزای بەكۆمەڵیان دەدەن، هەر كەسێك، خانەوادەیەك، بیەوێت لەو زیندانە گەورەیەی بن زوڵمی پەیەدەدا، بۆ ژیان و كار و كاسبی  ملی دەرەوە بگرێت، سەرانە ‌و باجی لێ دەسەندرێت و دەیانچەوسێننە.
بەڵێ ئەوەی لەژێر دەستەڵاتی چەتەگەرانەی پەیەدەدا ڕوو دەدات هەتككردنی ئینسانی كورد و شكاندنی شكۆی نەتەوەیەكی ئازادیخوازی چەندین ساڵ بندەستەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار