كوردستانیبوون

زكری مووسا
ڕاستە دەبێ لەگەڵ جیهان و مرۆڤایەتیدا بژیین و بدویێن.. سوودی لێوەرگرین و كاری تێبكەین و ببین بە بەشێك لە گەنجینەی مرۆڤایەتی. بەڵام بەو مانایە نا خۆمان لەبیر بكەین.. ئیسمەكان و ئایدیۆلۆژییاكان لە سەد ساڵی ڕابردوو چیی بۆ گەلی كوردستان بە دیاری هێناوە جگە لە سەرلێشێواوی و دووبەرەكی و ڕقهەڵگرتن لە یەكتری.. ئەویش لە هیچ و خۆڕایی.
نازانم بۆ دەبێ چەپ بین ئەویش هەرە بۆگەن و نائینسانییەكەی؟ بۆ دەبێ ڕاست بین یان سۆسیال یان لیبڕاڵ یان كۆمۆنیست یان ئاناركی؟ كە شوناس و فەرهەنگمان كۆلەوار بێت... كە نەزانین كێین و بەدوای چیدا وێڵین... كە پەرژینمان نەبێ... كە ناومان نەبێ... كە لە مێژوودا ونبووبین.. بۆ دەبێ بەرگی هزری تر بپۆشین؟
كێ زانیویەتی هزری توندڕۆیی و چڵكنی و ڕیش بەختەوەریی بۆ خەڵك بەدیهێنابێت؟ چ شانازییەكی تێدایە شوێنكەوتووی هزرێك بین ڕێز بۆ مرۆڤ و بۆ كورد و بۆ جوانی دانەنێت؟
با پشت لەو سەرلێشێوانە ئایدیۆلۆژییە بێ بەرهەمە بكەین و خۆمان بدۆزینەوە... با بزانین كێین و چیمان دەوێت و دەست بەسەر خۆماندا بگرین ئەو كات ئاوێتەی بەشە جوانەكەی مرۆڤایەتیی بین. خۆبوون ئاسانە، بڕوا بكەن ئاسانە... بگەڕێنەوە مرۆڤبوونی خۆمان و ئەرزشەكەنمان... كوردبوون دەكرێ ئاسان بێت.
كوردبوون نەك بە مانای كۆپیكردنی شوناسی دەورووبەر كە پڕیەتی لە ئینكار و توندڕۆیی. كوردبوون بەر لە هەموو شتێك ئاشتیخوازییە، قووڵبوونەوەیە لە خودێكی ڕەسەن كە دڵداری دەكات لەگەڵ خوا و سرووشت و مۆڕاڵی بەرز بێ ئەوەی كەس ئازار بدات... ژن بە كۆیلە نازانێ و نەژادپەرست نییە. ئازادیخواز و چاونەترسە، درۆزن و ڕیاكار نییە و دەستدرێژی بۆ حورمەتەكان ناكات. دەمی كورد پیس نییە، فەرهەنگی جنێو لە عەرەب و عوسمانی و فورس و لەڕێی حزبەكانەوە هاتووە. كوردبوون دوانی سرووشت و خۆر و مرۆڤە لەگەڵ یەكتردا..




