دیپلۆماسیی بارزانی و ئاواتی كوڕی داوود و پەیامەكەی بێرنارد كۆشنەر!

سالار بابەشێخ
لە دوای پەیماننامە شوومەكەی "سایكس پیكو"ی فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ داڕشتنێكی ناڕەوای سنوورەكان و دابەشكردنی كوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیركەر، كوردی بەش مەینەت نەك حەوانەوەی بە خۆیەوە نەبینیوە، بگرە سەرەڕای هەوڵی نكۆڵیكردن لە بوونی، چەندین پیلانی پاكتاوكردن و ژینۆسایدان بەرامبەری گێڕاوە و هەتا هەنوكەش هەوڵی لەباربردنی دەستكەوتەكانی دەدرێ.
بێگومان ئەو كات بەرژەوەندی زلهێزانی دونیا و دابەشكەرانی كوردستان لەوەدا بوو كە بە تواندنەوەی كورد لە ناو فارس و عارەب و تورك رازی بن، بۆیە نەك لە ڕۆژانی كاولكاری و ڕووخاندنی هەزاران گوندی كوردستان و كۆمەڵكوژكردنی كوردان لە لایەن داگیركەرانی كوردستانەوە وسكوتیان لێ كرد، تەنانەت لە ئاست كۆكوژییەكانی (كیمیاباران و ئەنفال)یش نقەیان دەرنەهات!
ئێستا هاوكێشەكان گۆڕانكاری جەوهەری زۆری بەسەردا هاتووە، بەرژەوەندی جیهان لەوەدایە پشتیوانی لە كورد بكەن. ئەو كوردەی كە لە بری هەموو جیهان لەسەر زەوی شەڕی دژی تیرۆریستان و وەحشە دڕندەكانی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی) دەكا.
نكۆڵی لەوە ناكرێ كە هەر ئەو هێزانەی بە تەرزەی گوللە و رەهێڵەی بۆمب هێرشیان دەكردە سەر "مەملەكەتی مەلیك مەحموود"ی نەمر، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی خۆیان و هاوپەیمانیان مۆڵگەكانی دوژمنی هاوبەشی خۆیان و كورد و هەموو جیهان بۆردوومان دەكەن. لە بەر ئەوەی هەم ئاستی دڕندەیی و ئامانجەكانی داعشییەكانیان بۆ ئاشكرا بووە، هەم نموونەی خۆبەڕێوەبەری كوردیان تاقی كردووەتەوە، –سەرەڕای هەندێك ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی – باشووری كوردستان نموونەیەكی باشی پێكەوەژیانی نەتەوەی جیاواز و شوێنكەوتووانی ئایین و ئایینزاكان بووە، كوردیش لە شەڕی دژی تیرۆردا توانیویەتی بیسەلمێنێت كە هاوپەیمانێكی متمانەپێكراوە و سەرۆك و گەلەكەشی خاوەن قسە و بەڵێنی خۆیانن.
شكی تێدا نییە، سەرۆكی هەڵبژێدراوی گەل لە هەر وڵاتێكدا رۆڵی گەورەی لە شكست و سەركەوتن، یان گەشە و دواكەوتنی وڵاتەكەیدا هەیە. ئەگەر سەیری پلاتفۆرم و كارنامەی بەڕێز مەسعوود بارزانی بكەین، بە كەمترین سەرنج، دەرك بە پێگەی نێودەوڵەتیی ئەم سیاسەتوانە كوردە دەكەین كە هەم سەرۆكە و هەم پێشمەرگە. رەمزەكانی مانەوەی بارزانی لە لووتكەدا، تەنیا ئەوە نییە كە كوڕی مستەفا بارزانی و یادگاری كۆماری كوردستانە و لە ژێر ئاڵای كوردستاندا لەدایك بووە، بەڵكو پابەندبوونیەتی بە بەهاكانی خاك و نەتەوە و دەوڵەت و تێگەیشتنیەتی لە چەمكی پیرۆزی پێشمەرگە و هەوڵەكانی بووە بۆ بەرزكردنەوەی پێگەی كورد و درووستكردنی پشتیوانیی جیهانی بۆ دامەزراندنەوەی كۆماری كوردستان، لەو پێناوەشدا تەراتێنی زۆری دیپلۆماسی كردووە و بە سیاسەتێكی حەكیمانە لە ناوچەكە و لە ئاستی دونیادا بە تێگەیشتن و تێگەیاندن لەگەڵ بڕیار درووستكارانی سیاسەتدا گفتوگۆی كردووە، بەرهەمی ئەو گوفتومانەش پێشوازییە فەرمی و نێودەوڵەتییەكانە كە وەك سەرۆكی وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ، لەم رۆژانەشدا لە سعوودیە و توركیا ئاست و جۆری پێشوازییەكانمان بینی. بەتایبەتی لە سەردانی بارزانی بۆ توركیا و دیداری لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و دانانی ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای توركیا و ئاواتی "ئەحمەد داوودئۆغڵو" بۆ بە كوردی قسەكردن، كە وتی: "بریا زمانی كوردیم بزانیبا، تا بە كوردی قسە بكەم"! هێمای وەرچەرخانێكی گەورەی مێژووییە. لە بەر ئەوەی هەر لەو كۆشكەدا دەیان ساڵە نەك نكۆڵی لە بوونی كورد كراوە، بگرە دەیان جار بڕیاری كوردقڕانیان داوە. بۆیە دەكرێ بەڕێز مەسعوود بارزانی لەو پێگە سیاسییەی كەڵك وەربگرێ و هەوڵی ئازادكردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدات و، پرۆسەی دان و ستاندنی ئاشتەوایی و چارەسەری پرسی كورد لە توركیا زیندوو بكاتەوە و ئاواتی ئەوانەش لە گۆڕ بنێ كە دەیانەوێ تەبایی و یەكڕیزی و هاوچارەنووسیی كوردان بكەنە قاوتی بەر با!!
لەم ساتەوەختەدا پێویستە هەموو كورد و گەلانی جیهان ئەوەیان لە بەرچاو بێ، كە ئەو دوژمنە دڕندەیەی هەوڵی ژینۆسایدی كوردانی ئێزدی دا و كارەساتی شنگال-ى خولقاند و پاكیزەكانی كوردی ئێزدی كردە دەستكەوتی شەڕ و وەك "سەبایا" مامەڵەیان لەگەڵ دەكا، تا ئێستایش لە هەڕاجبازاڕی شاوەتپەرستانی چەكدارانی و ئەمیرانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) كڕین و فرۆشتنیان حەڵاڵ كراوە، تەنیا بۆ كورد هەڕەشە و جێی مەترسی نین، ئەوانە بە تەنیا پاشماوەكانی پەلامارەكەی 11ی سێپتەمبەر نین، ئەوانە سیناریۆنووسان و نەخشەداڕێژەرانی دامەزارندنی دەوڵەتێكن، كە بتوانێت سەروەریی هەموو دەوڵەتانی دونیا تێك بشكێنیت و لە پێناوی ئەو ئامانجەدا ئەوەی بۆیان بلوێ، لە ئەنجامدانی درێخی ناكەن. خەلیفە و ئەمیرانی داعش دەروونی نەخۆشیان لە پشت ناوی ئیسلام شاردووەتەوە و بە چەواشەكاری و دیماگۆژی و هەڵخەڵەتاندن و یاریكردن بە سۆزی موسڵمانان، ئاڵا ڕەشەكەیان بە "مۆری پێەمبەری موسڵمانان" ڕازاندووەتەوە و سواری شەپۆلی جەهلی خۆیان بوون، دەشیانەوەێ یان هەموو جیهان بۆ ئەوان بێ و هەموو گەلانی دونیا بەیعەت لەگەڵ خەلیفە دەرووننەخۆشەكەیان بكەن، یان ئەگەر ئەوەیان پێ نەكرا و ئەو خەونە نەزۆكەیان نەهاتەدی، ئەوا خۆیان و هەر بەشێكی سەرگۆی زەوی كە دەستیان پێ ڕابگا، بتەقێننەوە. بۆ ئەو ئامانجەشیان هیچ سنوور و بەهایەكی ئەخلاقی نەماوە پێشێلی نەكەن.
لە كۆتاییدا دەخوازم ئاماژە بە پەیامی وەزیرێكی پێشووی فەڕەنسا و دۆستی كورد (دكتۆر بێرنارد كۆشنەر) بكەم، كە دوای پەلامار و هێرشەكانی ئەم دواییەی داعش لە پاریس وتی: "ئیتر سایكس پیكۆ كۆتایی هات. هەموو جیهان دەبێت پشتوانی لە كورد و پێشمەرگە بكات،" وتیشی: "سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەندرێ"، بەڵام ئەو پەیامەشی بۆ كورد هەبوو، كە پەیامی هەموو یاران و دڵسۆزانی كوردە: "پێویستە كورد بەر لەوەی بیر لە سەربەخۆیی بكاتەوە، بیر لە یەكێتی و یەكبوونی نیشتمانی لە نێوخۆیدا بكاتەوە."




