دامەزراندنی دەوڵەتی كـوردی مافێكی ڕەوای كوردە و لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوایشدایە

ئەگەر ڕێڕەوی مێژوو بەشێوەیەكی ڕێك و پێك تێپەڕببوایە، ئەوا پێدەچوو ئەمەریكا و كوردستان لە هەمان ڕۆژدا ئاهەنگیان بە بۆنەی سەربەخۆییانەوە ساز بكردایە.
ڕۆژی 4ـی تەممووزی ساڵی 1187- واتە 825 ساڵ پێش ئێستا- بوو كە گەورەترین و بەهێزترین فەرماندەی ئیسلام (سەڵاحەدینی ئەیووبی) توانی لە شەڕی خوێناوی "هاتین"ـدا خاچپەرستەكان تێك بشكێنێت كە ژمارەیان لە سەروو 20 هەزار كەسەوە بوو.
(سەڵاحەدین) بەم سەركەوتنەی توانی "قودس" كۆنترۆڵ بكات و بەو جۆرەیش سنووری دەستەڵاتی خەلافەتی ئیسلامی لە كەناراوەكانی "توونس"ـەوە درێژە دەبووەوە و بە ناو "قاهیرە" و "بەغدا" و "دیمەشق"ـدا تێپەڕ دەبوو.
ئەگەر بهاتایە ئەم پیاوە جوامێرە كوردە لە سەر بنچینەی هەستی نەتەوەیی ئیشی بكردایە، ئەوا پێدەچوو هەر ئەو كاتە ئیمپراتۆریەتێكی كوردی دامەزرایە كە ئەوەندە بەهێز بووایە ڕكابەرایەتی "عوسمانییەكان" و "سەفەوییەكان"ـی بكردایە.
بەڵام (سەڵاحەدین) بۆ سەرخستنی ئاینی خوا جەنگا، نەوەك بۆ وڵاتەكەی و هەربۆیەیش خەونی كوردە نیشتمانپەروەرە بێ پشت و پەناكانی بۆ عوسمانییەكان و بەریتانییەكان و عەرەبەكان بەجێ هێشت.
لەبەرچاونەگرتنی مافی كوردەكان
ئێستا ژمارەی كوردەكان لە سەروو 25 ملیۆن كەسەوەیە. ئەوان بە سەر وڵاتانی توركیا، ئێران، عێراق و سووریادا دابەش كراون و گەورەترین گرووپی ئیتنیین لە سەر زەویدا كە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نین.
لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا حكوومەتی ئەمەریكا سەربازانی سوپای وڵاتەكەی لە عێراق كشاندەوە. ئێران لە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامە.
دەستگیركردنی چالاكوانە كوردەكان لە توركیا درێژەی هەیە. (بەشار ئەسەد)ـیش دەستی بە كوشتنی دانیشتووانی سووریا كردووە.
واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێكی تایبەت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و دەكرێت خەونی هەزار ساڵەی كوردەكانیش بۆ هەبوونی دەوڵەتێكی تایبەت بە خۆیان وەڵامێكی ڕاست و دادپەروەرانە بێت بۆ ئەم بارودۆخە تۆقێنەرەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕەگ و ڕیشەی كێشە و نەهامەتییەكانی ئێستای كوردەكان- هاوشێوەی زۆرینەی قەیرانەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە تیایدا كۆتایی بە دەستەڵاتی ئیمپراتۆریەتی "عوسمانی" هات.
ئەو كاتە هێزە هاوپەیمانەكان گەرەنتی مافی چارەی خۆنووسینیان بە كوردەكان دا و هەربۆیەیش كورد "ڕێككەوتننامەی سیڤەر"ـی ساڵی 1920ـی واژۆ كرد.
بەرپرسی سوپای عوسمانییەكان (موستەفا كەمال ئەتاتورك) ئەو وڵاتەی بۆ خۆی دروست كرد كە ئێستا پێی دەگوترێت توركیا، بە بێ ئەوەی گرنگی بە ویست و داواكاری و مافی كوردەكان بدات.
ئەوەی كە جێی نیگەرانییە ئەوەبوو كە ئەورووپییەكان ئەم هەنگاوەی (ئەتاتورك)ـیان بینی، بەڵام بێدەنگ بوون.
ئیدی هەر لەو كاتەوە تاوەكوو ئێستا، كوردەكان لە لایەن سوپای ڕژێمەكانی ئێرانەوە بە كۆمەڵ دەكوژرێن. (سەددام حوسێن) چەكی كیمیایی دژ بە كوردەكان بەكارهێنا. زمانی كوردی لە سووریا قەدەغە كرا.
ئەندام پەرلەمانێكی كوردی توركیا بەهۆی ناوهێنانی "گەلی تورك و كورد" لە كاتی سوێندخواردنەكەیدا بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی كرا و پێدەچێت ئەمساڵیش دووبارە زیندانی بكرێتەوە. ئەم هەموو تاوانانە دژ بە كورد ئەنجام دەدرێن، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هەڵوێست و بێدەنگە.
دروستبوونی هەرێمێكی دیكەی كوردی
هەمیشە گرژی لە نێوان گەلی كورد و ئەو لایەنانەدا هەبووە كە ئەم گەلەی چەوساندووەتەوە. ئێستایش ئەم گرژیە خەریكە دەگاتە ئاستی هەڕەشەیەكی جیۆپۆلەتیكی گەورە، بە تایبەتی لەم كاتەی ئێستادا كە خەریكە ڕژێمی (بەشار ئەسەد) بە تەواوی لێك هەڵدەوەشێت.
چەند مانگێك پێش ئێستا (بەشار ئەسەد) سەربازانی سوپای وڵاتەكەی لە پارێزگا كوردییەكانی وڵاتەكەی كشاندەوە و بۆ مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازانی جیابووەوە ڕەوانەی باكووری سووریای كردن.
بەم جۆرەیش بۆشاییەك لە دەستەڵات لە ناوچە كوردییەكاندا دروست بوو، بەڵام 2 پارتی كوردی ئەم بۆشاییەیان پڕكردەوە. ئەگەر بێتو كۆتایی بە دەستەڵاتی (بەشار ئەسەد) بێت، ئەوا سووریا بە سەر چەند نیمچە دەوڵەتێكی ئاینی یان ئیتنیدا دابەش دەبێت و یەكێك لەوانیش لە ژێر كۆنترۆڵی كوردەكاندا دەبێت.
لە حاڵی حازردا هەرێمی كوردستانی عێراق وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵە دەكات. خۆ ئەگەر ناوچە كوردەكانی سووریایش بە تەواوی بكەونە ژێر كۆنترۆڵی كوردەكانەوە، ئەوا جۆرە هەماهەنگییەكی زۆر بەهێز لە نێوان ئەم 2 هەرێمەی سووریا و عێراقدا دروست دەبێت.
توركیا و مەترسی لە بەهێزبوونی پێگەی كورد
توركیا ماوەی 3 دەیەیە شەڕێكی خوێناوی دژ بە كوردەكانی وڵاتەكەی هەڵگیرساندووە و تاوەكوو ئێستایش بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 40 هەزار كەس بوونەتە قوربانی.
هەبوونی ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هەرێمی كوردستانی عێراق و هەرێمی كوردستانی سووریادا هەیە نیگەرانی و مەترسیی لای بەرپرسانی توركیا دروست دەكات.
ڕاستە ئەنكەرە پشتگیری لە گۆڕینی ڕژێمی سووریا دەكات، بەڵام بەرپرسانی توركیا ترسێكی گەورەیان لە هەبوونی قەوارەیەكی گەورەتری كورد هەیە و هەربۆیەیش پێشبینی دەكرێت هەموو هەوڵێك بۆ مەبەستی ڕێگەگرتن لە یەكگرتنەوەی هەرێمە كوردییە دابەشكراوەكان بخەنە گەڕ.
ئێستا تانك و زرێپۆشەكانی توركیا لە سەر سنووری توركیا و سووریادان و ئەركیان ئەوەیە كە ڕێگە نەدەن هیچ جۆرە چالاكییەك لە سووریاوە بۆ ناو توركیا بگوازرێتەوە.
خۆ ئەگەر هاتوو توركیا ئەم بارودۆخەی پێ كۆنترۆڵ نەكرا، ئەوا پێدەچێت بەرپرسانی ئەنكەرە حكوومەتی ئەمەریكا بهێننە ناو هاوكێشەكەوە بۆ ئەوەی لە چوونە ناو سووریاوە پشتگیرییان لێ بكات. دەكرێت لەم كاتەیشدا حكوومەتی ڕووسیا پشتگیری و یارمەتییەكانی خۆی بۆ حكوومەتی سووریا زیاتر بكات.
لە هەمان كاتیشدا كۆماری ئیسلامیی ئێران، كە مێژووییەكی دوورودرێژی لە چەوساندنەوەی كوردەكاندا هەیە، دەكرێت دەست بە خێراتركردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بكات.
ڕۆڵی كورد لە عێراق و سووریا و توركیادا
بارودۆخەكە زۆر هەستیارە و چی دیكە ناكرێت چەوساندنەوە و مەینەتی كوردەكان لەبەرچاو نەگیرێت. دەكرێت شەڕێكی هەرێمایەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرسێت.
بارودۆخی شڵەژاو و تایبەتی ناوچەكە دەرفەتێكی زێڕینی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی ڕەخساندووە.
بێگومان دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام هەڵگرتنی ئەو هەنگاوە یارمەتیدەرێكە بۆ ساڕێژكردنی برینەكانی كورد و كەمكردنەوەی ئەو زوڵمەی لە سەرەتای سەدەی 20ـی زاینیدا لێیان كرا، ئەوەیش كاتێك لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆكاندا لە مافی خۆیان بێبەش كران.
عێراق خەریكە بەرەو لێك هەڵوەشان دەچێت بە جۆرێك كە كوردەكان كاروباری ناوچەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و شیعە هاوپەیمانەكانی وڵاتیش كاروباری ناوچە سوننەكان بەڕێوە دەبەن.
ئابووری ئێران بەرەو داتەپین دەڕوات و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوویشدا حكوومەتی سووریا كۆنترۆڵی یەكجارەكی وڵات لەدەست دەدات.
هیچ وڵاتێك ئامادە نییە یەك لە سەر پێنجی دانیشتووان و خاكی خۆی لەدەست بدات و هەر لەم سۆنگەیەیشەوە بەرپرسانی توركیا هەوڵی چارەكردنی كێشەی كورد لە وڵاتەكەیاندا دەدەن. چارەكردنی ئەم كێشەیەیش دەبێتە هۆی كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەكەیان و شەڕوانانی پارتیی كرێكارانی كوردستان، بەهێزتركردنی پێگەی توركیا لە ناوچەكە و جیهاندا.
سەرەڕای ئەوەیش، ئەو كاتە بەرپرسانی توركیا باشتر دەتوانن سوود لە هاوپەیمانێتی بەهێزی ماوەدرێژیان لەگەڵ وڵاتان وەربگرن بۆ كەمكردنەوەی پێگە و ڕۆڵی ئێران لە تەواوی ناوچەكەدا.
دەبێت ئەو ڕاستییەیشمان لەبیر نەچێت كە ئەگەر توركیا ڕووبەڕووی شەڕێكی ناوخۆیی ببێتەوە، ئەوا بۆ هەتا هەتایە ئەندامێتی لە ناو ڕێكخراوی یەكیەتیی ئەورووپادا لەدەست دەدات.
ئەزموونی سەركەوتوی هەرێمی كوردستانی عێراق
بۆ سەلماندنی ئەو ئەگەرانەی كە دەكرێت جێبەجێ بكرێن، با تەنیا سەیرێكی كوردستانی عێراق بكەین.
كوردستانی عێراق هەرێمێكی دیموكراسی، پەرلەمانییە و بەرپرسان و خەڵكەكەیشی خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ ئەمەریكا هەیە.
ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە لایەن ئەمەریكاوە لە پاش شەڕی كەنداو بووە یارمەتیدەری گەشەی ئەم هەرێمە. پاشان حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا و دەستووری نوێی عێراقیش شەرعیەت بەم حكوومەتە دەدات.
لە نێوان ساڵی 2003 و 2012ـدا زیاتر لە 7 هەزار و 800 سەربازی سوپای ئەمەریكا لە عێراق كوژران، بەڵام تەنیا یەك دانەیشیان لە چوارچێوەی سنووری هەرێمی كوردستاندا نەبوو. تەنانەت تاوەكوو ئێستا یەك هاووڵاتی بیانی لەم هەرێمەدا نەڕفێنراوە.
هەرێمی كوردستان لە كاتی ئێستادا 2 فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەیە و لە بواری پیشەسازی نەوتیشدا بەرەو بووژاندنەوە دەچێت. لە كوردستاندا ڕێزێكی گەورە لە ئافرەت دەگیرێت و مافەكانیشی دابین دەكرێت.
ئەم هەرێمە 15 هەزار میل چوارگۆشەیە نموونەی سەركەوتووی ئەو پلانەیە كە سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا (جۆرج بوش) ویستی لە ناوچەكەدا جێبەجێی بكات.
گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریكا لە بەرانبەر كوردەكاندا
بەرپرسانی ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەی ڕۆژئاوا پێشبینی ئەم سەركەوتنەیان لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان نەدەكرد، بەڵام ئێستا ئەم سەركەوتنە دەبینرێت.
هەربۆیەیش پێویستە بەرپرسانی كۆشكی سپی چاوێك بە هەڵوێست و سیاسەتی خۆیاندا بخشێننەوە و چی دیكە دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتێكی گەورەی سەربەخۆی كوردی نەكەن.
دەبێت بەرپرسانی ئەمەریكا ددان بەو ڕاستییەیشدا بنێن كە هەبوونی هاوپەیمانێكی دیموكراسیی و ستراتیژیی وەكو كورد لە ناوچەكەدا زۆر لەوە زیاتر لە بەرژەوەندی ئەمەریكادایە كە خاكی ئەم گەلە بە پارچە پارچەكراوی بمێنێتەوە.
هەڵنەگرتنی هیچ جۆرە هەنگاوێك بۆ مەبەستی یارمەتیدانی كوردەكان لە كاتی ئێستادا كارێكی هەڵەیە و دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێك لە ناوچەكەدا.
پێویستە بەرپرسانی ئەمەریكا هەموو هەوڵێك بۆ مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئارام و پڕ لە ئاساییش بۆ كوردەكان بخەنە گەڕ.
دەكرێت ئەوەیش وا پێویست بكات كە واشنتۆن پەنا بۆ هەنگاوی جیاواز ببات، لەوانەیش دانوستان لەگەڵ توركیادا، جێگیركردنی هێزێكی ئاشتیپارێزی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، سزا یان زیاتركردنی وەبەرهێنانی دەرەكیی.
كورد دەوڵەتی سەربەخۆی دەوێت
زیاتر لە هەزار ساڵە هەزاران جار چاو لەو زوڵم و زۆرە نوقێنراوە كە دژ بە كوردەكان كراوە. نابێت چی دیكە جیهان یارمەتی كورد نەدات.
پێویستە لە كاتێكی زۆر زوودا كورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی تایبەت بە خۆی.
یەكەمین خۆپیشاندانی گەورەی سووریا دژ بە حكوومەتی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی مزگەوتی "ئوممەیە" هەڵگیرسا.
مزگەوتی "ئوممەیە" چوارەمین شوێنی پیرۆزی موسڵمانەكانە و مەزاری (سەڵاحەدینی ئەیوبی)ـیشە. وا دیارە نەوەكانی (سەڵاحەدین)ـیش جارێكی دیكە داوای مافەكانیان دەكەن.
پێویستە جیهان گوێ بۆ كوردەكان بگرێت. ئەو پرسیارەیش كە دێتە پێشەوە ئەوەیە كە ئایا ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەی جیهان گوێ بۆ ئەم گەلە بێ دەوڵەتە دەگرن؟
سەرچاوە: ماڵپەڕی هەواڵی "هەفینگتن پۆست"ـی ئەمەریكا
وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
تێبینی: "ستانلی وەیس" دامەزرێنەر و بەرپرسی ڕێكخراوی "بیزنیزە بۆ بواری ئاساییشی نەتەوەیی"، كە بارەگاكەی لە "واشنتۆن"ـە.




